وتار
وانەیەک لە سویسراوە
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

ھاوڵاتیانی سویسرا بەڕێژەیەکی زۆر لە ڕاپرسیەکدا، دەنگیان لە دژی پێشنیارێک دا،کە حکومەتی پابەند دەکرد بە پێدانی پارەیەکی دیاریکراو بە ھاوڵاتیان بێ بەرامبەر و کارێکی دیاریکراو، ئەمەش ئاستێکی بەرزی بوونی گیانی ھاوڵاتێتی و ڕێزگرتن لە بەھای کارمان نیشان دەدات. شتانێک کە بە داخەوە لای ئێمە زۆر بە کاڵی و کەمی نەبێت بونیان نیە. یەکێ لە کێشە سەرەکیەکانی ھەرێم کە بەھۆی سیاسەتە خراپەکانی بەعس و بڕیاڕ و ڕێ ی شوێنە چەوتەکانی پارتە حوکمڕانەکانی ھەرێم و بە دیاردەبوونی گەندەڵی کەوتۆتەوە، لێدانی بەھای کارە. دەوڵەمەندبوونی ناڕەواو گەندەڵی و کۆکردنەوەی موفتی پول و پارە لەلایەن ھەندێ لە بەرپرس و کەس و کار و بازرگانە ھاوبەشەکانیانەوە، کارێکی کردووە، کار وەک بەھایەک ڕێزلێگیراو نەبێت. 
سویسریەکان و ھەموو گەلان و ھاوڵاتیانی ئازاد و ھوشیاری دنیا لەو ڕاستیە تێگەیشتووە کە کارکردن بەشێکە لە پارێزگاری لە کەرامەتی مرۆڤ و بەرجەستە کردنی بەھاکانی ھاوڵاتی، ھەروەھا کاتێک حکومەت کەوتە پارە بە شینەوە و خەڵک لە ژیانیاندا پشتیان بە بەراتی بەرپرسان بەست، سەردەکێشێ بۆ گەندەڵی دەسەڵات و بێ ناوەڕۆک کردنی دیموکراسی و شێواندنی ئەزموونی سیاسی و گەشەی ئابووری. ھەر بەو جۆرەی لە ئەزموونی کوردستان و بەشێ لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەبینرێت. چاکسازیەکەش دەبێت بەشێکی لەم خاڵەوە دەستپێبکات، حکومەت ملکەچی گەل و ھاوڵاتیان بێت نەک پێچەوانە. بەھای کار ڕێزلێگیراو بێت و، خاوەن بەھرە و توانا و دڵسۆزیش پێش بخرێت و کۆتایی بە مەحسوبیەت و ناعەدالەتی لە بوونی دەرفەت و دەوڵەمەندبووندا بھێنرێت. بە داخیشەوە ئێمە بەھۆی سیاسەتێکی نادروست و فەرھەنگێکی نیمچە شێواوە نە بە گوێرەی پێویست وەک موسڵمان سودمان لە بەرز ڕاگرتنی بەھای کار لە ئاینەکان وەرگرتووە و نە ئەو بەھایەی شارستانیەتی نوێشمان بەرجەستە کردووە.
08/06/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ