وتار
دووئیدارەیی!
ئومێد بابان


میللەتی کورد، ساڵەھای ساڵە گیرۆدەی دووبەرەکی و دووفاقی و فرەدەنگیی لایەنە سیاسییەکانە، لە ناوخۆ و دەرەوەشدا ئەو ھاوکێشەیە تەواو ڕەنگی داوەتەوە و گەلێک جارانیش بەو ھۆیەوە دەستکەوتی مەزنی لە کیس چوون و ھەندێک فرسەتیشی لە دەست داون کە ئیدی دووبارەبوونەوەیان لە مەحاڵەوە نزیکە.

دووبەرەکی لە پرسە نەتەوەیی و چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەکاندا، دووفاقی بەرامبەر بەکارھێنانی کارتی فشار دەرھەق بە نەیاران، فرەدەنگی لە دۆخە ھەستیار و پڕمەترسییە حەتمییەکاندا، بەشێکن لە مێژووی نەتەوەیەک کە ھەمیشە بۆ بەدیھاتنی ئامانجەکانی، بووەتە قۆچی قوربانیی بەرژەوەندیی زیاتر لە گرووپ و تاقم و دەستەیەک.

سەرباری ھەموو ئەوانە، کوردستانیان کە ھێشتا برینی ئەنفال و کیمیاباران و زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژی و شەڕی خۆکوژییان ساڕێژ نەبووە، پرسی دووئیدارەیی دەخرێتە رۆژەڤەوە و بە دەستی ئەنقەست دەکرێتە مانشێتی بەشێک لە میدیاکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، خەڵکی کوردستان و حکوومەتیش، لە قەیرانگەلی زۆر جیددیدان، وەک، شەڕی نەگریسی تیرۆریستانی داعش، بڕینی بوودجە لەلایەن بەغداوە، پاشەکەوتکردنی مووچە و شتی دیکەش.
ئاخر لەم بارە ناسکەدا کە تەنگژەکان ھەموو پێکەوە کەڵەکە بوون، لۆژیک قبووڵی ناکات سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان تەنانەت خەونیش بە دووئیدارەییەوە ببینێت!

ئەو دووئیدارەییەی، جگە لە ماڵوێرانی و نەھامەتی، شتێکی دیکەی لە دوای خۆی جێنەھێشت، بگرە سەرتاپا بووە ھۆی بەدبەختی بۆ گەلی کورد و شێواندنی ناوبانگیشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

ئەوە بۆیە، لە ئێستادا خستنەبەرباسی دووئیدارەیی، بێجگە لە رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و نووسەران، میدیاکانیش دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە و حەقە ڕاگەیاندنکارانیش بەوپەڕی ھەستکردن بە لێپرسراوێتییەوە، قسە لەسەر ئەو پرسە بکەن.

چونکە، گومان ھەڵناگرێت مەکتەب سیاسیی حزبەکان و بگرە بەشێکی زۆر لە سیاسیییەکانیش، لەو دیفاکتۆیە حاڵین کە ئیتر باوی دووئیدارەیی نەماوە و لەبری ئەوە، (ئەگەر یەک ڕەنگیش نەبین) پێویستمان بە یەکھەڵوێستی، یەکگوتاری، یەکدەنگی و یەکگرتنە، نەک پێچەوانەکەی کە دواجار شیرازەی ناوماڵی کوردستانیان تێک دەچێت و بە قەڕنێکیش ناگەینەوە ئەمڕۆ.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/06/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ