وتار
ھەرێم و پوچگەرایی سیاسی
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

مرۆڤ سەریسوڕدەمێنێ لە نوخبە سیاسی و حیزبیە باڵادەستەکەی ھەرێم، کە دۆخەکەیان بەم ئاستەی ئێستا گەیاندووە. قەیران بە قەیران چارەسەر دەکەن! کە دیارە ئەو جۆرە چارەسەرەش ھەروەک قورئان دەفەرموێت (باگنە فیە الرحمە و ڤاھرە من قبلە العژاب) ڕواڵەتەکەی میھرەبانی و فەڕە و حەقیقەتەکەی سزا و ئازار و مەینەتیە.
ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت، بەرزدەبێتەوە بۆ ئاستی خۆدان بەدەست شەپۆلی ھەستی نەرێنی و گرێ ی دەروونی و ھەستیاریی مێژوویی و کار و کاردانەوە و ڕووخاندنی زۆربەی پرد و ڕایەڵەکان و پوچگەرایی سیاسی؟ ئەوەی دەگوزەرێ درێژەدانە بە کردەی یەکتر شکاندن و بە دوژمنکردنی یەکتر و زیاتر دابەشکردنی ئیرادەی نیشتیمانی و وڵات، ھەروەھا ھێندەی تر بێ ناوەڕۆک کردنی کوردایەتیە. وڵاتەکەمان لە کاتێکدا پێویستی بە پیشاندانی نیازپاکی و کەم کردنەوەی گرژیەکان و دروستکردنەوەی پردە ڕووخاوەکانی نێوان ھێزەکان و گفتوگۆیەکی برایانە و جددیە، کەچی تازە بە تازە دادگاکان دەکرێن بە سەنگەرێکی تری ھێرشکردنە سەر یەکتر و لە کاردانەوەی ئەوەشدا لاپەڕەی کۆن ھەڵدانەوە و یەکتر بە گورگ کردن!! ھەروەک لە کەیسی بڕیاری دەستگیرکردنی بێ مانا و ناعەقڵانیانەی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو کاردانەوانەدا دەبینین بە دوای خۆیدا ھێناویەتی و ھێشتا ھی تریش بەڕێوەیە. ئەم بیرکردنەوە و ھەست و ھەناسە ھی گفتوگۆ و بە ئاشتی چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی حەیابەری کوردستان و خۆئامادەکردن بۆ ڕاپرسی و چاکسازیی و بیناکردنەوەی سیستم و ڕێکەوتن لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتیمانی نیە. ئەوەی دەگوزەرێ لەم سەرەپێچە مێژوویەدا جۆرێکە لە دێوانەگی و بەھەند نەگرتنی خوێنی کوڕە ھەژارەکان کە لە بەرەکانی جەنگدا شەھید دەبن. گەر ئەم دۆخەش بەم جۆرە بێ سەرو بەریە بەردەوام بێت، دەبێت چاوەڕوانی شتی نەخوازراوی گەورەتر بین.
17/06/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ