وتار
پــــاتاڵی سیاسی
محه‌مه‌د ره‌ئوف

لە مێژووی سیاسی کوردا کە پڕە لە ھەورازو نشێوی و شکست و نسکۆ، بەرھەمی ئەو کارەکتەرە سیاسیانەن کە دەچنە خانەی پاتاڵی سیاسیەوە، پاتاڵی سیاسی بەو واتایەی ئەوان شانازی بە ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵی خەباتی خۆیانەوە دەکەن، بەڵام ھیچ دەستکەوتێکی سیاسی گەورەیان بۆ میلەتەکەیان بەرھەمنەھێناوەو بونەتە بار بەسەر کۆمەڵگەکەیانەوە، رەفتاری سیاسی ئەوان نەک ھەر سودو کەڵکی بۆ گەلەکەیان نەبووە، بەڵکو گەلەکەیان دوچاری دەیان قەیران و نەھامەتی و ھاوڵاتیانیان دوچاری نەبوونی و برسێتی و ھەژاری کردۆتەوەو خۆشیان لەوپەری رەفاھیەتی و خۆشگوزەرانیدا ژیاون.
ئەگەر لە فەرھەنگی کوردیدا پاتاڵ بە واتای ( کەل و پەلی خراپ ، بێکار و بێسود و لەکارکەوتوو ) ھاتبێت ئەوا لە رووی سیاسیەوە پاتاڵ بەو کارەکتەرە سیاسیە بێکەڵکانە دەوترێت کە نەک ھەر سود و قازانجیان بۆ گەلەکەیان نیە بەڵکو بونەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر خەڵکی و میلەتەکەیانەوە.
ژینگەی سیاسی کوردستانیش لەمرۆدا پڕە لە پاتاڵی سیاسی، پاتاڵێک کە نەک ھەر خۆی لەکارکەوتووەو کەڵک و سودی نەماوە بۆ میلەتەکەی بەڵکو رۆژ لەدوای رۆژ کارەسات و نەھامەتی دەخوڵقێنێت و مێژووی سیاسی پڕلە کارەساتی خۆی کارەساتتر دەکات، ئەمرۆ دۆخی ھەرێمی کوردستان بەدەست کۆمەڵێک پاتاڵی سیاسیەوە روبەرووی قەیرانی گەورە بۆتەوە، تێکچونی ژینگەی سیاسی ئەو پاتاڵانە پیسیان کردووەو بە ئاسانی پاکناکرێتەوە، ھەروەک نوسەرێکی فارس دەڵێت لە تەنیشت ھەر سیاسیەکەوە کۆمەڵێک درەخت بڕوێنن تا ژینگەی ئەو ناوچەیە پاکببێتەوە، بۆیە ژینگەی سیاسی بەھۆی بەبەشێک لەو پاتاڵە سیاسیانەوە بەتەواوی پێس بووەو پێویستی بە پاکژکردنەوە ھەیە. 
تۆ لە لایەک بانگەشەی ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکەیت و لەلایەکیش ھەر رۆژنامەنوسێک بە پێچەوانەی دڵی تۆ قسەی نەکرد دەمی پڕ بکەیت لە فیشەک، باسی دەوڵەتی سەربەخۆ بکەیت و ھەر کەسێکت بە دڵ نەبوو فڕێی بدەیتە ئەم دی و دێگەڵە، باسی دەوڵەتی نەوتەوەیی بکەیت و خەندەق بەرووی خۆرئاوادا لێبدەیت و سنور بەرووی کورداندا دابخەیت و بچیتە بەرەی دوژمنەوە، خۆت بە سەرۆک بزانیت و لە ئێش و ئازاری نەتەوەکەت نەگەیت، گەلەکەت برسی بکەیت بۆ ئەوەی توانای نارەزایی و خۆپیشاندان و دەنگھەڵبرینیان نەبێت، باسی دەوڵەتداری بکەیت و قۆرخی بازار و بازرگانی بکەیت و قاچاغچی نەوت بیت، باسی پێشمەرگایەتی بکەیت و ھەمیشە لە دووری ٥٠ کیلۆمەترەوە بە دووربین سەیر بکەیت و ھەڵبێیت و موچەی پێشمەرگە ببڕیت و نەیدەیت و خۆشت سەرقاڵی سەوداو مامەڵەی نەوت بێت لەگەڵ داعش، لەلایەک باسی درووستکردنی دەوڵەت بکەیت و لەلایەکیش پەرلەمان بنێریتە ماڵەوەو حکومەت پەک بخەیت و چی شوێنەوارەی دەوڵەتداریە وێرانی کەیت و بیشوێوێنیت، بشلێیت دەوڵەت درووست دەکەم، ئەمە پاتاڵی سیاسی نەبێت چیە..؟؟
لە ئێستادا نەک ژینگەی سیاسی ھەرێم بگرە حیزبەکانی کوردستانیش سیخناخن لە پاتاڵی سیاسی، لەگەڵ ئەوەشدا ھەژارن لە بیرکردنەوەو پێشبینی درووست و دەوڵەمەندن لە پاتاڵی سیاسی، ئەوەی دۆخی ھەرێمی کوردستانی بە ئێستا گەیاندووە و لەبری بەرەو پێشوون بەردەوام لەبەرەو دواچوندایە، ئەوە ئەو پاتاڵە سیاسیانەن کە بونەتە خۆرەی ژیانی سیاسی و حکومەتداریان لە ھەرێم کاولکردووە، کوردستان خەریکە وێران دەبێت، مەترسی چەسپاندنی پایەکانی دیکتاتۆریەت، روخانی ژێرخانی ئابوری، زیادبوونی ھەژاری و شڵەژانی سیاسی و ئابوری لە کوردستاندا گەورەترین مەترسین لەسەر داھاتووی ھەرێم، بەڵام پاتاڵە سیاسیەکانیش رۆژ لەدوای رۆژ بێخەمتر و دەوڵەمەندرو بێمنەتتر دەبن لەخەڵکی، لە ئێستادا سپەیسێکی گەورە لە نێوان ھاوڵاتیان و دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمدا درووست بووە، ئەو سپەیسە ھەمان فۆرمی سپەیسی نێوان رژێمی بەعس و ھاوڵاتیان بوو، چەوسانەوەو ناعەدالەتی و دیکتاتۆری لە سیما ھاوبەشەکانی ئەوساو ئێستان تەنھا جیاوازیەک لە نێوانیاندا، ئێستا پاتاڵی سیاسی کوردیەو ئەو کات پاتاڵی سیاسی عەرەبی بوو.
22/06/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ