وتار
چیدیکە ستەم لە پۆلیس مەکەن!
ئومێد بابان


شەڕی پۆلیسی ھەرێم لەگەڵ تیرۆریستاندا، گەلێک کۆنە و لە دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراق و پێش دەستبەکاربوونی کابینە شکستخواردووەکەی مالیکی، دەستی پێکرد، دروست ئەو وەختەی ھیچ ھێزێکی ئەمنیی ھەرێمی کوردستان (جگە لە پۆلیس)، ئامادە نەبوون لە پێناو ھێنانی مووچەی ھاونیشتمانیاندا، زەڕڕەیەکیش گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ چەتە و مافیاکانی ئەوسا بکەن کە "بە ھەر ھۆکارێک بێت" پێشیان بە ھێزە ئەمنییەکان دەگرت و دەستیان لێ نەدەپاراستن.

ئەو قسەیە، ھەروا لەخۆڕا ناکەم و بەندەش کە شایەتی ھێنانی مووچەی سەرجەم دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بووم، بە چاوی خۆم دیتم کە لەو رێگا دوورودرێژەدا پۆلیسی ھەرێم چەندین شەھید و برینداری بەخشی کە دەرەجەدار و ئەفسەرانی پۆلیس گەواھی بۆ ورد و درشتی ئەو بابەتە دەدەن و بگرە وەزیری ناوخۆش ئاگاداری چۆنیەتیی ھێنانی ئەو مووچەیە بوو کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پۆلیس و بە ھەماھەنگی لەگەڵ کاربەدەستانی بەغدا، بە تڕێلە و بارھەڵگری زەبەلاح دەھات و دواجار بەشێکی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرا.

ھەڵبەت، ئەمە واتای ئەوە نییە لە شەونخوونی و ماندووبوون و قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھێزە ئەمنییەکانی تر لە شەڕی دژ بە داعشدا کەم بکەینەوە، چونکە رۆڵیان دیارە و ھەمیشە قەرزداریانین کە گیانفیدایانە کەڕامەت و شکۆی تاکی کورد دەپارێزن و ناھێڵن تیرۆریستان بچووکترین دەرفەتیشیان بۆ دزەکردنە ناو خاکی ھەرێم و ڕەشبگیری و قەتڵوعامی ھاونیشتمانیان ھەبێت، بەڵام کە باس لە کەمکردنەوەی مووچەی پۆلیس و دواخستنی مووچەکانیان دەکرێت کە ھەندێکیان شەش مانگی ڕەبەقە کرێی خانوویان نەداوە، ناچارین بێینە گۆ و داوای ڕوونکردنەوە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کەس و دەزگا و ئەو لیژنەیەش بکەین کە بۆ چاکسازی و بە قەولی خۆیان (کەمکردنەوەی خەرجی و زێدەکردنی داھات) پێکھاتووە.

ئاخر جیاکردنەوەی پۆلیس لە ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بۆخۆی جێی پرسیارە و پەیوەندیدارانیش ھیچ پێویستییەکیان بە شرۆڤە و لێکدانەوەی درێژدادڕانە نییە، چونکە ھیچ پاساو ھەڵناگرێت لە یەک کاتدا، نزیکەی نیوەی مووچەی کارمەندێک لە وەزارەتێکدا ببڕیت و نیوەی کارمەندانی ئەو وەزارەتەش مووچەی تەواو وەربگرن! جگە لەوە، دواخستنی مووچەکەیان ھەر زۆر جێی تێڕامانە و قسەی زۆریش ھەڵدەگرێت! 

بەندە کە سەرنجی زۆرم لەسەر (پاشەکەوتکردنی مووچە)ی فەرمانبەران بە گشتی ھەیە، پێموایە زۆربەی ھەرەزۆریان ستەمیان لێ دەکرێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان باجی ھەڵەی ئەو بەرپرسانە دەدەن کە لە کولەکەی تەڕیشدا ھەستیان بە بەرپرسیارێتی نەکردووە.

ئێستایش کە قسە دێتە سەر جیاکردنەوەی "بەشێکی وەزارەتی ناوخۆ" لە ھێزە ئەمنییەکانی وەک پۆلیسی ناوخۆ، پۆلیسی فریاکەوتن، پۆلیسی ھاتوچۆ، فەرماندەیی ھێزی ئامادە و پۆلیسی نەھێشتنی تاوان، حەقە بپرسین، ئەو جوداکارییە لە پای چی، کاتێک پۆلیسی ھەرێمیش ھاوشانی پێشمەرگە لە ئەرکدایە و شەو و رۆژ و لەخۆبووردووانە ژیانی ھاووڵاتیان، کۆی دەزگا و دامەزراوە میری و گشتییەکان، ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیی خەڵک دەپارێزێت؟

وەڵامی ئەو پرسیارە لای سەرۆکایەتیی ھەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی چاکسازی و کۆی ئەو کەسانەشە کە ڕاسپێردراون چاکسازی بکەن و دارێک بخەنە سەر بەردێک، نەک بێباکانە سزای سەرجەم فەرمانبەرانی کرێنشین و تێکڕای ئەو کەسانە بدەن کە پێشوو و زۆریش پێشووتر فێری نانی خوساو کراون و چاولەدەستی مووچەن و بەس.
ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە چیدیکە ستەم لە پۆلیسی ھەرێم نەکرێت، ستەمی پاشەکەوتکردنی ناعادیلانەی مووچە و دواخستی مووچەکانیشیان.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/06/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ