وتار
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ ناچاریی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوبا !!
شوان هه‌ورامی


دوای نزیكه‌ی 90 ساڵ ، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی وڵاتی كوبا ده‌كاته‌وه‌ ، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆباما به‌ پێوه‌ری دیبلۆماتیی جیهانیی به‌ سه‌ركه‌وتن بۆ خۆڕاگریی وڵاتی كوبا هه‌ژمار ده‌كرێت ، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ .
دوورگه‌ی كوبا به‌ بوونی 11 ملیۆن دانیشتوان ، به‌ چڕترین وڵاتی ده‌ریای كاریبی ده‌ژمێردرێت ، دانیشتوانه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ك دابه‌شبوون كه‌ وڵاته‌كه‌ به‌ شارنشین له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت ، چونكه‌ ( 74.6 % ) یان شارنشینن و ( 25.4 % ) یشیان گووند نشینن . 
ئه‌م وڵاته‌ له‌ په‌نجاكاندا به‌ پێگه‌یه‌كی ستراتیژیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ژمار ده‌كرا ، گه‌رچیی وڵاته‌كه‌ له‌ ئاژاوه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی سیاسیی و ئه‌منیدا ده‌ژیا و هه‌وڵی كوده‌تایی باڵیی به‌سه‌ر وڵاتدا كێشابوو ، كه‌ دواترینیان كوده‌تاكه‌ی " باتیستا " بوو له‌ ساڵی 1956 دا كه‌ وڵاتی زیاتر خسته‌ گێژاوی سیاسیی و ئه‌منیی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ . 
هه‌ر بۆیه‌ دابه‌زینی فیدل كاسترۆ و 82 هاوڕێ شۆڕشگێڕه‌كه‌ی بۆ به‌رپاكردنی شۆڕشی سه‌رتاسه‌ریی دژی رژێمی باتیستا له‌ هه‌لومه‌رجێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی گونجاودا بوو ، هه‌ر بۆیه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ناوچه‌ی گرنگ و شاخاویی " سیێرا مایسترا " بووه‌ بنكه‌ی سه‌ره‌كیی شۆڕش و دوای دوو ساڵ له‌و شۆڕشه‌ ، هێزه‌كانی فیدل كاسترۆ و چێ گیڤارا به‌ سه‌ركه‌وتوویی له‌ 8 ی كانوونی دووه‌می 1959 دا چوونه‌ ناو شاری " هاڤانا " ی پایته‌خت و ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنیان گێڕا .
له‌ده‌ستدانی ئه‌م پێگه‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا جێگه‌ی قبووڵ نه‌بوو ، هه‌ر بۆیه‌ پیلان دوای پیلان له‌ دژی حكومه‌تی نوێی كوبا به‌ڕێوه‌ برا ، كه‌ یه‌كه‌میان هه‌وڵی تیرۆری فیدل كاسترۆ بوو له‌ ساڵی 1961 و دووه‌میش له‌ نیسانی هه‌مان ساڵدا ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا ( CIA ) به‌ ئاماده‌كردنی نه‌یارانی رژێمی نوێ و به‌ به‌شداریی راسته‌وخۆی هێزه‌كانی هێرشی كرده‌ سه‌ر كه‌نداوی به‌رازه‌كان و دواجار هێرشه‌كه‌یان تێك شكا و رژێمه‌كه‌ زیاتر خۆی چه‌سپاند ، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ زیاتر خۆی به‌ بلۆكی خۆرهه‌ڵات و سۆڤیه‌ته‌وه‌ گرێدا و بووه‌ پێگه‌یه‌كی گرنگی په‌یمانی وارشۆ .
گه‌رچی ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانه‌وه‌ گه‌مارۆیه‌كی خنكێنه‌ری خسته‌ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ ، به‌ڵام به‌هۆی یارمه‌تیه‌كانی بلۆكی خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ خۆی گرت ، جارێكی تر به‌ هه‌ره‌سی بلۆكی خۆرهه‌ڵات ، ئه‌مه‌ریكا هیواخواز بوو كه‌ رژێمی كوبا بڕووخێنێت ، به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ توانیی دوای سه‌رده‌مێكی دوورودرێژی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا ، نه‌ك ته‌نیا خۆی به‌ڵكو زۆربه‌ی زۆری ئه‌مه‌ریكای لاتینیی له‌ ژێر هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئێستا كوتله‌یه‌كی ئابووریی گه‌وره‌ له‌ كوبا و ڤه‌نزوێلا و به‌رازیل و ئه‌رژه‌نتین و بۆلیڤیا و ... هتد درووست بووه‌ و ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌رانبه‌ریاندا به‌چۆكدا هاتووه‌ و ناتوانێت رێزیان لێنه‌گرێت ، بۆیه‌ دواجار ئۆباما بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كوبادا رێكه‌وتنێكی واژۆ كرد و گه‌مارۆكانی له‌سه‌ر هه‌ڵگرت ، ئه‌م سه‌ردانه‌یشی بۆ كوبا سه‌ركه‌وتن بوو بۆ كوتله‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكای لاتینیی و ناچاركردنی ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌ رێزگرتن له‌ ئیراده‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ . 
له‌م سه‌ردانه‌ی ئۆبامادا دوو وێنه‌مان بینیی كه‌ جێگه‌ی سه‌رنج بوو ، له‌كاتی پێشوازیی له‌ ئۆباما وله‌ له‌كاتی پێشكه‌شكردنی سڵاوی كۆماریدا له‌ باگراوندی دیمه‌نه‌كه‌دا وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی " چێ گیڤارا " ده‌رده‌كه‌وێت ، كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵی 1967 دا له‌ بۆلیڤیا له‌ دوای راوه‌دوونانێكی چه‌ند مانگیی گرتیی و گوللـه‌بارانی كرد ، كه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ مانای زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌ ، كه‌ دواجار سه‌ركه‌وتنی چێگیڤارا به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكادا گوزارشت ده‌كات . وێنه‌ی دووه‌میش له‌كاتی كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی رائۆل كاسترۆ و ئۆبامادا ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ویستی ده‌ست بخاته‌ سه‌رشانی كاسترۆ ، به‌ڵام ناوبراو ده‌ستی به‌رز كرده‌وه‌ و ئۆبامای شه‌رمه‌زار كرد . ئه‌وه‌ش ده‌ری ده‌خات هه‌ركاتێ ئیراده‌ی گه‌لان هه‌بوو زلهێزان به‌رانبه‌ریی به‌چۆكدا دێن !!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/03/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ