وتار
ئافەرین پارتی ..!!
محه‌مه‌د ره‌ئوف

ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمان ٣٨ کورسی ھەیەو واتا ( ٧٤٣ ھەزار ) دەنگ لەکۆی ( ١ ملیۆن و ٩٥٦ ھەزار ) دەنگی دراو کە دەکاتە ٣٨% ،بەڵام ئەمرۆ بە پراکتیک حوکمرانی کوردستان دەکات و تەواوی بریاری سیاسی وئابوری لەدەستی پارتیدایە، دامەزراوەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم، حکومەت، لە ئێستادا پەرلەمان، سامانە سروشتیەکان، دارایی، پەیوەندیەکانی دەرەوە، ناوخۆ و ئاساییش ،دادوەری، واتا بڕیاری سیاسی، ئابوری ، پەیوەندی دەرەوە، ئەمنی، دارایی ، دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری لای پارتیە، ئەم دەسەڵاتە بەرفراوانەی پارتی لە خاڵی بەھێزی پارتیەوە نیە، ھێندەی لەلاوازی بەرامبەرەکانیەتی، پارتی لەبەرامبەر ھێزەکانی دیکە کەمینەیە واتا ٣٨% بەرامبەر بە ٦٢%ی لایەنەکانی تر، بەڵام زیاتر لە ٨٠% پۆست و بریارە سیاسیەکانی کوردستان لە دەستی پارتیدایە.
ئەمە تەنھا ناگەرێتەوە بۆ لێھاتوویی و زیرەکی پارتی لە درووستکردنی سیناریۆ و پلانی نەخشە بۆدارێژراو بۆ گۆرانکاری و پێشھاتە سیاسیەکان، بەڵکوبۆ نەبوونی پلان و میکانیزمی ستراتیژی لایەنەکان وچۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ روداوو پێشھاتەکان دەگەڕێتەوە، ئەمرۆ پارتی حکومەت و پەرلەمان لەکار دەخات و کەس قسە ناکات، سیناریۆ بۆ ئەو ھێزوو لایەن و کارەکتەرانە درووست دەکات کەلەگەڵ ھەڵوێست و روانینەکانیدا نین، کەس ھەڵوێست وەرناگرێت، پارتی تاک لایەنە رێکەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا دەکات و پرس بەکەس ناکات، بریاری دەوڵەت و ریفراندۆم دەدات و منەتی بەھیچ ھێزێکی دیکە نیە، لەبەغداد دەکشێتەوەو بریاردەدات، بەناوی کوردەوە بریار دەدات و ھەڵوێست وەردەگرێت، ئێستا پارتی بەھۆی لاوازی ھەڵوێست و بێجورئەتی بەشێک لەھێزەکانی دیکەوە بۆتە حیزبی قائید و بە ئارەزووی خۆی تەراتێن دەگات لەگۆرەپانی بێ ساحێبی کوردستاندا بۆتە خاوەن ماڵ و ئەوانی دیکەشی راستەوخۆ کردووە بە میوان لە دیوەخانەکەیدا.
لەگەڵ ھەموو دەنگھەڵبرین و ھەڵوێستێکی ھێزەکانی دیکەدا پارتی بەھێزتر خۆی نماییش دەکات، ئەگەرچی لەناوەوەیدا وێرانیش بیت، خاڵی لاوازتری ھێزەکانی دیکە ئەوەیە تواناکانیان یەکناخەن و ھەڵوێستەکانیان ناکەنە ھەڵوێستێکی یەکگرتوو بەھێز، بەشێکیان ھەر خەرێکی کروزانەوەو نوزە نوزن و ھەندێکیشیان تەنھا ھەڵوێستیکی شەرمنانەو کاتیان ھەیە، بەم فۆرمە مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی و ھەڵوێستەکانی نەک پارتی لاواز ناکات، بگرە دەیان قات بەھێزترو کاریگەرتری دەکات لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان.
ئێستا پارتی چی ماوە نەیکات و دەستی بۆ نەبات، سەرۆکی پەرلەمان بۆ ماڵەوە دەنێرێت، وەزیر دەردەکات، ھێڵی دێگەڵە تۆخ دەکاتەوەو باسی دەوڵەتیش دەکات، سەرکردەی نەیارەکانی دەکاتە تۆمەتبارو داوای دادگاییان دەکات، حیزبی نەیاری دەکاتە تیرۆریست، بەقەت یەک دەوڵەت نەوت دەفرۆشێت و پارەکەشی بۆ بانکەکانی ئەوروپا دەنێرێت، تەنھا ئەوە ماوە مۆڵەتی یاسایی لە حیزبەکان بسەنێتەوەو ھەموویان ئاودیوی دێگەڵە بکات، حیزبەکانی دیکەش لەلایەک بەدیار درووستکردنی سیستمی دیکتاتۆری و مەرگی خۆیانەوە دانیشتوون لەلایەکیش لە چاوەروانی بەرکەوتەی قایمقام و مودیر ناحی و کوێخای گوندێکدان، نازانم ئەمە چی سیاسەتێکە ئەم ھێزانە دەیکەن، لەبەرامبەر ئەو خەونە بچوکانەی لایەنەکانە پارتی کارتی گەورەو پرۆژەی گەورە رادەگەیەنێت کە ناشیکات، یەکێتی گۆڕان لەسەردەمی شاخدا ١٠ کیلۆمەتر لە بەعسەوە دووربوون داوای مافی چارەی خۆنوسین و دەوڵ‌تی کوردیان دەکردو پارتی دژی بوو، ئێستا پارتی لە خۆی کردووە بە باوکی دەوڵەتی کوردی و یاری بە چارەنووسی کوردەوە دەکات و ئەمانیش بێدەنگن، خۆ ئەگەر ھێزەکانی دیکە بەجدی داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بکەن پارتی پاشەکشەی لێدەکات، پارتی سەرچاوەی گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی وڵاتە، کەچی ئەو باسی چاکسازی دەکات، سەرچاوەی شێواندنی ئازادی و دیموکراسی و ئاساییشی کۆمەڵایەتی کەچی خۆی بە بەرگریکاری ئازادی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەقەلەمدەدا، لە ئێستادا پارتی دەماری ھێزەکانی دیکەی گرتووەو سورە لەسەر ملھوریەکانی و بەزاندنی سنورەکانی ئازادی و یاساو دیموکراسی، لایەنەکانی دیکەش بەردەوامن لەسەر بێدەنگی و بێھەڵوێستی و بێجورئەتیان لەبەرامبەر بە رەفتارەکانی پارتی، خۆ ئەگەر کارێک نەکرێت دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکەن، نەک لە حکومەت و پەرلەمان و ھەولێر بگرە لە پرۆسەی سیاسیش بیانکاتە دەرەوە..!!
05/07/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ