وتار
ھەولێر موڵکی بەغدایە؟
ئومێد بابان

"١٧%ی بودجە جێگیر کرا، لەمەودوا بەغدا موستەحەقاتی ھەرێم دەدات، مووچەی پێشمەرگە، بەغدا دابینی دەکات، یاسای فڵان و فیسار لە دەستووردا جێی کرایەوە و ھتد". ئەمانە، بنێشتەخۆشەی سەر زاری ئەندامە کوردەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن لە بەغدا، کە گوایە وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان لەوێن.

کێ زانیویەتی لە ٢٠١٤وە بەغدا بودجەی بۆ ھەرێم ناردبێت؟ موستەحەقاتی ھەرێم بەپێی ھاوبەشی لە دەسەڵاتدا، کوا نێردراوە؟ کەی بەغدا مووچەی پێشمەرگەی ناردووە؟ چ یاسایەک کە لە بەرژەوەندیی کوردستانیاندا بووبێت و لە بودجەدا جێگیر کرابێت، ئینجا تۆزقاڵێکیش کاری پێ کرابێت؟

نوێنەرانی کورد لە بەغدا، بێ گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی و شەقامی کوردی، چی بێتە سەر زمانیان دەیڵێن و دەینووسن و بگرە ھەندێک کات بەشێکیان قسەش دەبزڕکێنن!

بەغدایەک کە لە ٢٠١٤وە پشتی تێ کردوویت، چ خوا قبووڵ دەکات لەبەر ھەندێک بەرژەوەندیی حزبی پەنای بۆ بەریتەوە، جارێکیش نا، چەند جارێک؟

چەند سەیرە، پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، جگە لە بەرژەوەندییە ماددییە تایبەتەکانیان، کە ھیچیان بۆ کوردستانیان نەکردووە، ھەمدیس بە پاساوی جودا، خەڵکی کوردستان فریو بدەن؟

ئەرێ کەس لەو ھاوکێشەیە تێدەگات، تەنانەت چەک و تفاقی پێویستی پێشمەرگەش بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش، کە پشکی خۆنی، لەلایەن بەغداوە نێردرابن؟

بەغدا کە خۆی گیرۆدەی لە شەڕی شیعە و شیعە، شەڕی سوننە و شیعە و بە پێچەوانەشەوە تێوە گلاوە، لە دۆخێکی ھێندە مەترسیداردایە کە بەھۆیەوە ھەم دووچاری قەیرانی دارایی بووە و ھەم تەنگژەی سیاسیی ناوخۆش.

چ خوا ھەڵدەگرێ دیسان کورد ھیوا لەسەر حکوومەتە شکستخواردووەکەی ھەڵبچنێت و متمانە بە دەزگا و دامەزراوە لێکھەڵوەشاوەکانی بکات؟

لەسەر ئەو بنەمایەی کە حکوومەتەکەی عەبادی ڕۆژ دوای رۆژ لە نوشستی یەکجارەکی نزیک دەبێتەوە، دەبێ بڵێین، پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەغدا چی دەچێنن و چیش دەدروونەوە؟

ئەسڵەن ئیشیان لەو بەغدایە چییە کە لە کۆی پرسەکاندا کورد دەخاتە سفری پاش فاریزە و ھیچ حیسابێکی بۆ ناکات؟

ئەندامە کوردەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بگرە وەزیرەکانیش، دەبوو لە ٢٠١٤وە بوخچەکانیان لە بەغدا بپێچنەوە و ھەرگیز جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە ئەو مەملەکەتەی تەنانەت خۆیشی، خۆی قبووڵ نییە، چ بگا بە نەتەوە و ئایینزا و پێکھاتەی جودای دیکە.

دواجار حەقە بپرسین، کاتێک ھیچ خێروبێرێکت لە بەغدا دەست ناکەوێت، ھاشوھووشی ئیعلام بەس نییە ئیتر؟، چونکە نە بەغدا موڵکی ھەولێرە و نە ھەولێریش موڵکی بەغدایە! 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/07/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ