وتار
کوردستان، دەوڵەتە مەزنەکەی رۆژھەڵاتی ناوین
ئومێد بابان

ساڵی پێرار، کە گرووپە تیرۆریستییەکەی داعش بە ماوەیەکی زەمەنیی کورت مووسڵیان بە تەواوەتی خستە ژێر ڕکێفەوە، سوپای عێراقیش شکستی گەورەی خوارد، کە دواجار ئەو تیرۆریستانە پەلیان بۆ زۆر ناوچەی دیکەی شیعەنشین و تەنانەت سوننەنشینیش ھاویشت و چۆکیان بە میلیشیا و چەکدارەکانی سوپای عێراق دادا.

ئەو وەختە کە نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بوو، ھەموو رێگاکانی تاقی کردەوە تا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ھانای سوپاکەیەوە بێن و کۆمەکی بکەن، نەک ھەر ئەوە، بگرە سەرۆکوەزیری پێشوو، لە رێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانییەوە لەبەر زۆرێک لە دەوڵەتانی رۆژھەڵاتی ناوین، دەوڵەتانی ئەورووپی و ئەمەریکا نووزایەوە کە دۆخی تەناھیی عێراق لە مەترسییەکی جیددیدایە و پێویستە بەپەلە ھاوکاری بکرێت، کەچی کەس گوێی لێ نەگرت و لای دەوڵەتە زلھێز، مامناوەند و بچووکەکانی جیھانیش، نە بای ھات و نە باران.

ئەگەر وردتر بین، ئەوکاتە کۆمەڵگای عەرەبی و ئیسلامییش بێدەنگییان ھەڵبژارد و لە ڕووی مەعنەوی و سەربازییشەوە ھەڵوێستێکی ڕوونیان دەرنەبڕی، بە ئێستاشەوە کە زۆرێک لەو دەوڵەتانە بەوپەڕی خۆپارێزییەوە باس لە داعش و ھاوبیرەکانیان دەکەن و ھەندێکیشیان ناڕاستەوخۆ ھاوسۆزی ئەو گرووپە تیرۆریستییە سەرسەختەن.

ھەموومان بیرمانە، ئەو کاتەی مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان دروست بوو، بارزانی بە نوێنەرایەتیی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بە تەنیا (پەیوەندییەکی تەلەفۆنی) ھاوکێشەکەی گۆڕی و ھێزێکی فرەدەوڵەتی وەک ھاوپەیمانان لە دژی داعش، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا پێک ھات و لە ڕێگەی ھێرشی ئاسمانییەوە ئوستوورەی ئەو گرووپە تیرۆریستییەیان تێک شکاند.

ئەوانە ھەموو لە لایەک، ئەو دەمەی کۆبانی لە شەڕی یەکلاکەرەوەدا بوو و شەڕڤانان پێویستیان بە چەک و پشتیوانی ھەبوو، دیسان ھەر لە رێگەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە ھاوپەیمانان ناچار کران بە بۆمبی ھێشوویی و ناپاڵمی دژەتانک و زرێپۆشەوە، ھەڵمەتی ئاسمانیی توند و کاریگەر بکەنە سەر تیرۆریستانی داعش و تەنگیان پێ ھەڵبچنن.

کە دواتر ھێندەی نەبرد، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان سنووری سێ دەوڵەت (عێراق، تورکیا و سووریا)ی بڕی و بە ھاوئاھەنگیی شەڕڤانان، بە چەکی قورس و مامناوەندەوە، تەخت و تاراجی تیرۆریستانی داعشیان لەو دەڤەرە لەبەر یەک ھەڵوەشاند و ڕاویان نان.

جگە لەوەش، لەو ماوەیەدا کە رێککەوتننامەیەکی ستراتیژی لە نێوان ھەولێر و واشنتۆندا واژۆ کرا، سەرلەبەری ئەو ھاوکێشە و جیھانبینیانەی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیھانیش دەرھەق بە کوردستان گۆڕدرا، چونکە رێککەوتننامە مێژووییەکە لە کاتێکی فرە ھەستیاردا واژۆ کرا و ئەمەریکاش وەک دەوڵەتێکی ڕەسمی مامەڵەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا کرد. 
لەسەر ئەو بنەمایەیە دەکرێ بە ھەرێمی کوردستان بگوترێت دەوڵەت و تەنانەت دەوڵەتێکی مەزنیش لە رۆژھەڵاتی ناویندا، ئاخر دەوڵەتی عێراق کە دانپێدانراوە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاڵاکەی لە قوژبنێکدا دانراوە، بە فەرمی دەوڵەتە، کەچی لەو بارە ناھەموارە تەناھییەدا کەس بە ھاوارییەوە نەھات و گوێی بۆ نەگرت، لە بەرامبەردا ھەموو جیھان ھاتنە سەر ھێڵ و پشتیوانیی سەربازی و مەعنەوییان بۆ ھەرێمی کوردستان نیشان دا، ئەوە دیفاکتۆیەکە کە تاڵ بێت یان شیرین، دەبێ وڵاتانی ئیقلیمی و دەرەکییش باش لێی ورد ببنەوە و سەرنج لەوە بدەن کە پێگەی سیاسی و ئابووریی ھەرێم زۆر لەوە تێپەڕیوە کە گرووپێکی مافیایی دەست بەسەر خاک و ئاو، سەروەت و سامان، شکۆمەندی و سەروەرییەکەیدا بگرن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
16/07/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ