وتار
ھەنگاوە کردەنییەکانی ئەمەریکا بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ھەژموونی ئێران
محەمەد عەلی




شکستپێھێنانی پرۆسەی ھەژمارکردنەوەی دەنگەکانی سەرتاسەری عێراق بە دەست و تەگەرە خستنە بەردەم پێکھێنانی کوتلەی گەورە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ئامانجەکانی ئەمەریکای دەرخست کە دەیەوێت عێراق تا ماوەیەکی دیاریکراو لەلایەن حکوومەتێکی کاربەڕێکەرەوە بەڕێوە ببرێت.

ئەمەش بۆ دوو مەبەست، یەکەمیان وەکو گوشارێک بەکاری بھێنێت لەسەر ھێزە شیعییەکان بۆ ئەوەی کۆیان بکاتەوە لە چوارچێوەی کوتلەیەکدا کە خۆی مەبەستیەتی، دووەمیان بتوانێت لە رێگەی ئەم حکوومەتە کاربەڕێکەرەوە کە دوورە لە گشت چاودێرییەک، بگات بە ئامانجە دیاریکراوەکانی لە عێراق.

وەک ڕوونیشە، بەئامانجگرتنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە بەریتانی و ئەمەریکییەکان دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی عێراق دەستی کردووە بە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران، ئەمە لە کاتێکدایە لە بەرامبەر چاوپۆشیی بەریتانیا لە ھێرشە داگیرکارییەکەی سوپای عێراقی بۆ سەر کەرکووک، بەڵێنی سەرمایەگوزاریی تەواو بەوان درابوو لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، بۆیە ھەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە پڕۆژەی تازەی ئیدارەی ترەمپ "تایبەت بە عێراق" لەلایەن بەریتانیاوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام لە رابردوودا بە جۆرێک لە جۆرەکان بەریتانیا چاوپۆشیی لە رۆڵی ئێران لە عێراقدا کردووە.

لە لایەکی ترەوە، پێشنیازی دانانی حاکمی سەربازی بۆ ناوچە سونییەکان لە کاتێکدایە، کە یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعە دووپاتی ئەم ھەنگاوەی ئەمەریکای کردەوە کە بە ھەنگاوێکی یەکلاکەرەوە ھەژمار دەکرێ بۆ کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی شیعە لە ناوچە سونییەکان و دانانی رادەیەک بۆ ھەژموونی ئێران لە عێراق.

ئەو ھەنگاوە سەرەکییەی کە پاڵپشتیی ئەم بۆچوونە دەکات، دانانی بەردی بناغەی گەورەترین کۆنسووڵخانەیە لەسەر ئاستی ناوچەکەدا لە ھەولێر، لە کاتێکدا مەترسیی جیددی لەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ھەیە لە بەغدا، ئەمەش ئەو راستییە رون دەکاتەوە کە لە داھاتوودا ئەمەریکا ھەولێر دەکاتە ناوەندی بڕیاردان لەسەر عێراق و، بەغداش جێگەی مەترسییە بۆ ئەمەریکا و ھێزە نزیکەکانی، لەبەر ئەوەی ئێستا بەغدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.

لە ئێستادا ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکەی نێوانیان لە چیای قەرەچووغ، ھاوکاتە لەگەڵ داواکاریی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە بۆ پێکھێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەدا، ئەمەش بە سەرەتایەک ھەژمار دەکرێ بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچە کوردستانییەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی رۆڵی ئێران و میلیشیا شیعەکان لە ناوچەکەدا دەبێ. 

لەسەر ئەو بنەمایە، دەکرێ بڵێین، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان و گفتۆگۆکانی تایبەت بە دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی جیھانەوە، ھەنگاوێکی ھاوتەریبی ئەم گۆڕانکاریانە بێت کە ئەمەریکا کاری بۆ دەکات، بە شێوەیەک کارکردنی تورکیا و ھەرێمی کوردستان بەیەکەوە کاریگەریی تەواوی لە کەمکردنەوەی ھەژموونی ئێران دەبێت، بە تایبەت لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە سونییەکاندا.

لەلای خۆیەوە، ئێرانیش بێوەڵام نەبووە، دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش، وەڵامێکی توندی ئێران و بڕیارێکی ناچارانەیە کە دەست بەرێ بۆ تێکدانی ئەو ناوچەیەی لە دوای ۲٠٠۳وە ناوچەی نفووزیەتی، ئەمەش وەک وەڵامێکە بۆ سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران و ھاوکات دروستکردنی ئاستەنگە لە بەردەم حکوومەتی کاربەڕێکەردا بە سەرۆکایەتیی (حەیدر عەبادی) کە ئەمەریکا بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشتی دەکات.

بیریشمان نەچێت، سەردانی ئەم دواییەی ترەمپ بۆ بەریتانیا و کۆبوونەوە لوتکەییەکەی نێوان ترەمپ و پۆتن، ئەو ڕاستییە ڕوون دەکەنەوە کە پێکھاتنێکی کۆنکرێتی لە نێوان ھەرسێ دەوڵەتدا، کاریگەری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر داھاتووی سووریا و عێراقدا ھەبووە، کە یەکێک لە خاڵەکانیش، کەمکردنەوەی رۆڵی ئێرانە لە ناوچەکەدا.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1