وتار
( ۲٥ی تەمموز) و مێشەکانی ئێمەو گامێشەکانی ئەوان
عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا


ماوەیەکە چەندین دەزگای ڕاگەیاندن ومیدیاو ماڵپەڕی سێبەروبێ سەروکلک ، واتە واتێکی بێ ماناوبەرنامە بۆداڕێژراویان دەستپێکردوە ، و چیرۆک ئاسا کەوتونەتە ھۆنینەوەی شتگەلێک بەناوی کێشەو ململانێ لەنێوان گۆڕان و ھەڵسوڕاوەکانیدا .

ڕاستیەک ھەیە کەدەبێت ھەموان بیزانن ئەویش ئەوەیە ھەرحیزب وڕێکخراوێک و تەنانەت فەرمانگەیەکیش گەر ڕای جیاوازی تێدا نەبێت بۆباشتربەڕێوەبردنی ئۆرگان وکاروبارەکانی ئەوا دەبێت ئەو حیزب وڕێکخراوە بەزوویی فاتیحا بۆمەرگی خۆی بخوێنێ ودوابزمار لەتابوتی خۆی بدا.

گەر لەنێو گۆڕانداڕەخنەو ڕای جیاوازو ململانێیەکیش ھەبێت ئەوا زۆر شەریفانەیەو تەنھا مەبەست لێی باشتربەڕێوەبردنی ئۆرگانەکانی گۆڕانەو نیشانەی زیندوێتی بزوتنەوەکەیە ، گەر گۆڕانخوازێک  ڕەخنەیەک ئاڕاستەی ھەڵسوڕاوێکی تری گۆڕان دەکات لەڕێکخەرەوە تائەوانیکەش ئەوابوونی ئەوپەڕی ئازادی ڕادەربڕین وقسەکردنە ، ئاخەر خۆ گۆڕان قوفڵێک نادات لەدەمی ھەڵسوڕاوەکانی و کلیلەکەی لێبسەنێتەوە .

من تێناگەم ھەندێ ھێزی سیاسی بە چ مەبەست ونیەتێک لەپشت گەورەکردنی ڕەخنەو سەرنجەکانی ھەڵسوڕاوەکانی گۆڕانەوەن و بەململانێ وکێشەی قەبە ناوزەندی دەکەن .
سەرنج وتێبینی گۆڕانخوازان لەبزوتنەوەکەیان لەپێناو شکۆمەندترکردنی زیاتری بزوتنەوەکەیانە.

ئاخەر تۆ وەک تاک و ئێوە وەک حیزب  کامە جومگەو ئۆرگانێکی حیزبەکەت ھەیە کەھەنجن ھەنجن و دانەڕزابێت یان توشی شێرپەنجەونەخۆشی درێژخایەن نەبوبێت ، باشە لەجیاتی باسکردنی ھەڵامەتێکی سادەی گۆڕان وسەرقاڵبونت پێوەی  بۆناچیت وباشترنیە فریای نەک کۆی حیزبەکەت تەنانەت ئۆرگانێکیشی بکەویت تا بەتەواوی لەدەستنەچوە.

ململانێی گۆڕان  لەسەر ھیچ کام لە (پ)کان نیە کەبریتین لە پایەو پۆست وپارە ، لەسەر پشک پشکێنەی بیروبۆری نەوتیش نیە ، خاوەنی کۆمپانیای جۆراوجۆریش نین  تاکو لەسەری بەشەڕبێین وسەنگەرلەیەکدی بگرین ، وە ھێزی چەکداریشمان نیەدابەشی بکەین وھەرکەسەو داوای لیواوفەوجێک بکات بۆخۆیی وخۆی پێوەبابدات .

بەڵکو ململانێی وسەرنجەکانی ھەڵسوڕاو گۆڕانخوازانی بزوتنەوەکە لەپێناو پتەوترکردن و بەدامەزراوەیکردنی زیاتری ئۆرگان ودام ودەزگاکانیەتی ، 
لەساڵیادی یەکەمین بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک ھێزێکی مەدەنی وجەماوەری لە ( ۲٥-۷-۲۰۰۹)دا کەدەکرێت بە وەرچەرخانێکی گرنگ وگەورە ھەژماربکرێت چونکە لەوڕۆژەوە ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێزوڕاستەقینە ھاتەبوون ولەدایکبوو ، ھێندە بەسە بوترێت کە گۆڕان نەکەسی لێ زیادەو نەخۆشی بەدورە پەرێز دەزانێت لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا ، وەپێویستیشی بە وزەو توانای ھەموان ھەیە لەھەڵسوڕاو دەنگدەرێکەوە تا بەرپرسانی باڵا بۆبەردەوامبون لەسەر ئەو پرینسیپانەی کە لەپێناویدا دامەزرا ،و ھەر زوو خەڵکی کوردستانیش بەھەموو چین وتوێژەجیاوازەکانیەوە بەتوندی لەئامێزی خۆیان گرت و تاھەنوکەش بەفریادڕەسی خۆیانی دەزانن و ئومێدی گەورەیان لەسەر ھەڵچنیوە.

بۆیە باشترە ئەوکەس و پارت وڕێکخراوانەی ھێندە چاویان تیژکردوە،و زەڕەبینی چاویلکەکانیان مێشەکانی گۆڕانی لێکردونەتە گامێش و گامێشەکانی خۆشیان بەمێش ، پێبزانن یان نا ئەو سەرنج وڕەخنەو تێبینیانەی کەھەڵسوڕاوو دۆستەکانی گۆڕان لەدەرەوەو ناوەوە لێیدەگرن نیشانەی زیندوێتی و فەراھەمکردنی ئازادی تەواوە بە ھەڵسوڕاووگۆڕانخوازو دەنگدەرەکانی .

بۆیە گۆڕان ئیرادەیەکی بەردەوامەو ھیچ کۆسپ و لەمپەرێک ناتوانێ بەری پێ بگرێت وبیوەستێنێت .

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ