وتار
کێ ئاسایشی ئەم ھەرێمەی پاراستووە؟
كامیل مه‌حمود



ھەرێمی کوردستان کە لەنێوەندی ناوچەیەکی پڕ لەئاشوب و شەڕدایەو ناوخۆی ھەرێمەکەش کەشێک لەناسەقامگیری سیاسی تیادا بەرقەرارە بەڵام خۆشبەختانە لەڕووی ئەمنی و ئاسایشی وڵاتەوە لەو پەڕی باشیدایەو لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دوای شەڕی ناوخۆ خەڵک تاڕادەیەکی باش لەسەرو ماڵیان ئەمین بوون، ھۆکاری ئەم ئەمنیەتەش تەنھا رۆڵی دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێم نەبووە، بەڵکو لەوەش زیاتر رۆڵی خەڵک و ھۆشیاری ھاوڵاتیان و کاریگەری نوخبەی رۆشنبیرو مامۆستایانی مزگەوت و حزبە ئیسلامییەکان و میدیاکانیانە کە ئیحتیوای بارودۆخەکەیان کردووەو رۆڵیان لەپەرەپێدانی ھۆشیاری ئایینی و نەتەوەییدا گێڕاوە، لەکاتێکدا ستەم و نادادپەروەری و گەندەڵی نوخبەی دەسەڵاتداری کوردی زەمینەی بۆ ھەموو جۆرێکی توندڕەوی و پەڕگیری خۆش کردووە.

ئێستاش بارودۆخ ھێورەو ئەو حاڵەتانەی لەجۆری رووداوەکەی پارێزگای ھەولێر دەگمەنەو نەبووەتە دیاردە، بەڵام قۆستنەوەی ئەو رووداوانە بۆ نانەوەی بشێوی زیاتری سیاسی و تەسویە حسابی حزبی ئەمنیەتی وڵات دەخاتە مەترسییەوەو دۆخی ھەرێم وەک دەوروبەرمان لێ دەکات، بۆیە پێویستە لەسەر دوو حزبی دەسەڵاتدار بەتایبەتی پارتی بەخراپ سوود لەرووداوە ناوازەکان وەرنەگرێت و تەوزیفی سیاسی کێشەکان نەکات، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کوردستان لەئەستۆی ھەموومانەو ھیچ لایەنێک خۆی بەخاوەنی ئەم دۆخە ئەمنییە سەقامگیرە نەزانێت، چونکە ھەموومان دۆخەکەمان ڕاگرتووەو ڕاگرتنیشی ئاسان نییەو گرانە، ئەوەی ئاسانە تێکدانی بارودۆخەکەیە کە لایەنێک لەلایەنەکانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی سیاسی و حزبی خۆی دەتوانێت بەئاسانی و سیاسەتی چەوتانە تێکی بدات، بەڵام دواتر مێژوو رەحمی پێ ناکات و لێی نابوورێت، لەم ماوەیەدا زۆر دەستکەوتمان لەدەست داوە، دوژمنانی کورد گرەو لەسەر ئاسایشی ھەرێم دەکەن تێکی بدەن، بائەویش نەکەینە قوربانی ململانێی سیاسی، چونکە دواجار لەو ململانێیەدا کەس براوە نابێت جگە لەدوژمنانی کورد
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
28/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1