وتار
خۆپیشاندانەکانی عێراق کۆتایی پێبێنن پێش ئەوەی کۆتاییتان پێبێنم
بورهان ڕەئوف

خۆپیشاندان  و ڕێپێوان و گردبوونەوەو ڕێکخستنی کەمپین   ھەریەکە لەمانە ڕێگەو و ئامرازێکن بە دەستی چین و توێژ و پێکھاتەکانی ھەر کۆمەڵگاو گەلێک بۆ دەربڕینی نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەرامبەر  بە دەستەڵاتی سیاسی حوکمڕان لە ھەمان کاتدا بۆ پشتیوانیش ئەگەر دەستەڵات کاری باش بکات یان ڕووبەڕووی ھەڕەشەو دەستدرێژی بێتەوە لەلایەن نەیاران دەرەکی و ناوخۆیی .
خۆپیشاندان جۆرێکە لە  شێوازەکانی  شارستانی ئامانجی بە دیھێنانی  دادپەروەری و ڕیفۆرمە لە ژیانی خەڵکیدا , بە گوێرەی دەستووری عێراقیش کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە نووسراوەو ڕاپرسی لە سەرکرا نزیکە ی ٨٠% گەلی عێراقیش بە بەڵێ دەنگی لە سەرداوە لە مادەی ٣٨ دا ئەو مافەی بۆ گەلی عێراق مسۆگەر کردووە کە ئازادی ڕادەربڕین بە ھەموو شێوازێک چ گردبوونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانەو کە بە یاسا ڕێکبخرێت و ئاشتی و ئادابی گشتی نەخاتە مەترسی یەوە ئەمە مافێکی بێ ئەملاو ئەولای گەلی عێراقە بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە کەس ناتوانێت نکووڵی لێبکات ھەر ھێز و لایەنێک بیەوێت سنوورداری بکات باجی قورس دەدات .
عێراق ئەگەرچی لە ٣٥ ساڵی فەرمانڕەوایی بەعسدا ھیچ خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی ئاشتیانەو ناڕەزایەتی ڕێپێدراو نەبوو ئەگەرجارجار ڕوویدابێت ئەوە شەڵاڵی خوێن کراوەو ڕێکخرەکانی بێسەروشوێن کراون جگە لە ڕێپێوان و پشتگیری بۆ خۆیان و شەڕ بەردەوامەکانی ڕژێم .
ئەوەی گرنگە من دەخوازم باسی بکەم خۆپیشاندانەکانی عێراقە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ تا بە ئێستا .
ھەر لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە لێرەو لەوێ خەڵکی عێراق خۆپیشاندان وناڕەزایەتی یان پیشانداوە بە رامبەر بە نەبوونی خزمەتگوزاری  بێکاری و گەندەڵی و بە فیڕۆدانی ماڵی گشتی لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتەوە , تەنانەت خۆپیشاندان دژ  بە ھەڵسووکەوتەکانی ھێزە کانی ئەمریکاوە لە عێراق کە سوونەکان بە ھێزی داگیرکەر ناویان دەبردن لە فەلووجە .
دواتر دوای پاشەکشەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقیش ساڵی ٢٠١١ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دژ بە حکومەتی عێراق بە جۆرێک لە جۆرەکان لێرەو لەوێ ھەر درێژەی ھەبوو لە زۆرێک شارەکانی عێراق ھەر لە بەسرە و دیوانیەی  شیعە نشینەوە بگرە تا موسڵ و رومادی سوونە نیشین بۆ خزمەتگوزاری شایستە بە مرۆڤ .
لە ھەمووی گرنگتر خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٢  شەش پارێزگای موسڵ و تکریت و دیالەو ئەنبارو بەشێک لە کەرکوک و بەغداد کە نزیکەی ساڵێکی خایاند دژ بە پەراوێز خستنیان لە لایەن مالیکیەو دواتر سەرھەڵدانی ڕەوتێکی توند ئاژووی وەکو داعشی لێکەوتەوە کە گوێ بە داخوازی و خواستی خۆپیشاندەران نەدرا , مالیکی سەرۆک وەزیران لە وەڵامی داخوازی خۆپیشاندەراندا  فەرمووی  (( کۆتایی پێبێنن پێش ئەوەی کۆتاییتان پێبێنم )) 
لەدوای ئەو بەروارەشەو لە زۆر شوێنی عێراق خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە ڕێکخران لەوانە لە ٩ ی حوزەیرانی ٢٠١٣ لە نەجەف ھەروەھا لە ھاوینی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لە شارەکانی باشووری عێراق  ھەروەھا لە ھەمان ھاوین و لە ھەمان ساڵدا لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە بەغدادی پایتەخت خۆپیشاندانی گەورەیان ڕێکخست دژ بە گەندەڵی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست خوازیاری ڕیفۆرم و چاکسازی بوون و بە پێچەوانەوە ھەڕەشەی ھەنگاوی تریان کرد ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە.
لە ساڵی ٢٠١٧ ەشدا  ھەزاران کەس لە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و ھێزە مەدەنییەکانی جارێکی تر خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان ڕێکخست لە بەغداد گۆڕەپانی تەحریر  و پارێزگاکانی تر  خوازیاری ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و گۆڕینی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی ھەڵبژاردنەکان و دوورکەوتنەوە لە بەش بەشێنەی تائیفی بوون .
خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراق 
لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا پارێزگاکانی باشووری عێراق کە شیعەنشینن و پشتیوانی حکومەتەکانی عێراق بوون لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە حکومەتەکانیش بە سوود وەرگرتن لە بیرو ئایدیای مەزھەبی کە لەوەتی عێراق دروست بووە شیعە زۆرلێکرابووە و پەراوێز خراو بووە توانییان  لە پازدە ساڵی ڕابردوودا خۆی بسەپێنێت بەسەریاندا و بێ ئەوەی بەو ھەموو توانا زۆر زەوەندەی نەوتی عێراقەو ە بە تایبەتی بەسرە دووەم گەورەو شاری عێراق  کە ڕۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوتی لێ دەفرۆشرێت بە شێکی زۆر ی خەڵکەکە ی لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە بن سەرتایترین خزمەتگوزارییەکان کە خۆی لە ئاوی خواردنەوەو کارەباو ناندا دەبینێتەوە دابین نەکرێت بۆیان , بۆیە  بەسرە بەنموونە دەھێنمەوە ئەگینا دۆخی پارێزگاکانی تری وەکو نەجەف وکەربەلا ومیسان و ناسریە و دیوانیە و واسیت و موسەناش لەوی َ باشتر نین .
جیاوازی ئەمجارەی خۆپیشاندانەکان
یەکەمجارە خەڵک پەلاماری بارەگای حزبە مەزھەبیەکان دەدات و بەم شێوە توند وتووڕەییە وە وێنەی سەرکردەو کاریزما ئاینی و مەزھەبیەکان بسووتێنن تا ئێستا ٢٠ کوژراو ١٥٠ بریندار ھەیە ھەرچەندە لە دوای ٢٠٠٣ ەوە وەڵامی خواستی خۆپیشاندەران نەدراوەتەوە لە عێراقدا بەڵام ئەمجارە ئەگەر بێ وەڵام بێت ئاکامی بۆ فەرمانڕەوایانی عێراق باش نابێت و تەڕو وشک بە یەکەوە دەسووتێت .

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1