وتار
فەلسەفەی شوناس . کەڵکەڵەی پاراستنی
طیب عبدالرحمن

شوناس یاخود ناسنامە  لەفەلسەفە واتای راستی رەھای بابەتێک کەبریتە لەجوھەری ئاکاری جیاواز  لە بابەتەکانی دیکە.

ئەمە جگە لەوەی ھاوبەشیە لەفەرھەنگ و رۆشنگەری وزمان لە گەڵ کۆمەڵێک کەپێکەوە . ناسنامەیەک پێک دێنن .

لە خەسڵەتە  بنچینەیەکانی ھەمو  گەلێک خاوەندارێتی ناسنامەی جیاوازە لەوەی دیکە . کە زادەی کەڵەکەبونی ئەزمونی گەلێکە لەروی مەعریفی و رۆشنگەری وفەرھەنگی کە رەنگدانەوەی داب ونەریت دورست دەکات. و توێژینەوەکانی سۆسیۆلۆجی سەلماندویانە کە ھەمو نەتەوەیەک خاوەن کۆمەڵێک  تایبەتمەندیە لەوەی دیکەی جودا دەکاتەوە.

فەیلەسوفی ئەڵمانی مارتن ھیدگر . کە بە نەژاد پەرستی ناسراوە  بۆ چونی وایە لەکتێبی  ( ناسنامەو خود ) الھویە والژات,دەڵێ . شوناس  پێکھێنەری تایبەتمەندی بنەرەتی ئەو کیانەیە کەھەیە ,بەشێوەیەک ھەرکاتێک لەگەڵ  بوندا «الموجود» پەیوەندی دەگرین گوێمان بە بانگەوازێک دەزرینگێتەوە ئەویش بانگی ناسنامەیە . وەبەبی ئەو بانگەوازە بون «الموجود» ناتوانێ کیانی خۆی وەدەرخات لەچوارچێوەی ناسنامەیەک دا.. ل ٣١.
کەڵکەڵەی مرۆیی «النزعە الانسانیە»

لەمەڕ شوناس وناسنامە کرۆکی بابەتی سەلماندنی خودە«الژات» وەلی دیالیکتیکێکی فرە رەھەند ھەڵدەگرێ.

فەیلەسوفی  ئەڵمانی  «غوتفرید لایبنتس» پێی وایە  پەیکەرێکی لە قور دورستکراو لەگەڵ پەیکەرێکی داتاشراو لە مەڕمەڕ ھەمان پێناسەیان ھەیە بەڵام لە تایبەتمەندی جیاوازن . .
رەنگە خاڵی ھاوبەش لەنێوان کۆمەڵە جیاوازەکان و نەژادەکان ھەبن وەک ئەوەی  غوتفرید دەڵێ بەڵام ھەندێک تایبەتمەندی جودامان دەکاتەوە .

کورد وەک ھەر کۆمەڵێکی مرۆیی خاوەنی کیان و شوناسی خۆیەتی لەکەڵچەر و رۆشنگەری وزۆرێک لەتایبەتمەندی جودای دەکاتەوە لە نەژادەکانی دیکە . ھەرچەندە لەسەر رەگەزو بنچینەی نەژادی دیالیکتیکی مێژوی زۆر ھەیە وەلی ئەم نەتەوەیە توانیویەتی بەپاڵپشتی ژینگەی سەختی ناوچەکەی  کە زۆربەی بەریتە لە ناوچەی شاخاوی شوناسی خۆی بپارێزێ لەنێوان شارستانیەکانی ناوچەکە کە ھەھەمیشە لە کێشمەکێش وململانێی سەخت دابون بۆ فراوانکردنی جێ نفوزیان. 

ئەم شوناسە کە لەسەخترین وێستگە مێژویەکان وجەنگ وداگیرکاریەکان خۆی پاراستوە . لەئەمرۆی ئێمەدا بەبێ جەنگ و گوشاری سەربازی و بەھۆی سیستەمی جیھانی نوێ و تەکنەلۆژیای گەیاندن . ئەم ناسنامەیە جۆرێک لە شێواندنی پێوە دیارە وخودی کورد بەژدارە لەوشێواندنە بەتایبەت کەناڵەکانی میدیای بیستراو وبینراو وخوێندراو.  ئیستا میلەتی کورد ئاسانترین بازارە بۆ ساغکردنەوەو سەپاندنی فەرھەنگی بێگانە بەتایبەت گەلانی دراوسێ . کاتێک درامایەکی تورک کە زیاتر لە ھەزار ئەڵقەیە ھەمو ئێوارەیەک میوانی ماڵەکان دەبێ کە لەناوەرۆک دا نە تەرفیھیە ونە کلتوریە بەڵکو خڵتەی دەرھاویشتەی ھونەری سواو و بێ ئەرزشی وڵاتێکە کە رەنگە لەخودی وڵاتەکە خۆی بینەری بەئەندازەی ئەم بازاڕە بێ ساحێبە نەبی .

کاتێک تابلۆی چاپکراوی وڵاتی چین وئێران بازاڕەکان دادەپۆشن ئیدی تابلۆی رەسەنی ھونەرمەندی کورد بێ بەھا دەبێ کاتێک شەوانی  ئوتێلە پێنج ئەستێرەکان و مۆڵەکان و تەختی شانۆکان بۆ سەماکار و بەناو ھونەرنەندە لوبنانی و ڕاپەرە بیانیەکان دەکرێتەوە بەناوی ھونەری جیھانی .کاتێک چاپەمەنی و کتێب لەقەیراندادەبن بێ گومان ناسنامە بێ خۆماندوو کردن  دەشێوێ نەوەیەک پێ دەگا نازانێ ناسنامەی راستەقینەی خۆی چیە ھەندێکی تورک و تۆزێکی فارس و بەشێکی عەرەب  تێکەڵ بە تێروانینی دەبێ لەمەڕ  بابەتی فەرھەنگ ورۆشنگەری رەسەن. 

مارتن ھیدگر  «لەنامەی کەڵکەڵەی  مرۆیی» دەڵێ ھەر کردارێک لەلایەن مرۆڤەوە کارلێکراوێک ھۆکاری کردارەکەیە .فعل لا یعرف إلا کنتاج لمفعول حیپ نقیم الحقیقە وفقاً للمنفعە التی یوفرھا الفعل. ل-١١٩.

کەواتە بابەتی کارلێکردن رەنگە سەنتەری دەستنیشانکردنی دورست کردنی ناسنامە بێ .ھەربۆیە مەزەندەی توێژی کەناڵەکانی پەخشی میدیای ومەعریفی لەھەڵەیەکی کوشندە دان تائاستی خیانەت بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن دەبنە سوتەمەنی شێواندن ولاوازکردنی شوناسی نەتەوەیی .رەنگە پاساوی ئەوان ئەوەبێ سەردەمی سیستەمی جیھانی نوێیە  وجیھانگیری رێی پێ ناگیرێ وھەرکەسێک تەتوانێ لە ناولەپی دەستی دا ھەمو فەرھەنگ ورۆشنگەریە جیاوازەکان  ببینێ . 

 دواجار دەبێ ھەمو لایەک ئەوەبزانن کە پەروەردەو راگەیاندن وپەخش ھۆکاری سەرەکی پاراستنی ناسنامەیە و بەپێچەوانەشەوە .ئەو گەلانەی کە فەرھەنگ و رۆشنگەریان لەناو لەپی دەستی تۆدایە ئەوانیش وەک تۆ ناسنامەیان ھەیە ئیدی تۆ بۆ ناسنامەو فەرھەنگی خۆت نمایش ناکەی و نایپارێزی.a
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1