وتار
ژیان و نەمریی
ئەرشەد تەحسین


 لەو رۆژگارەوە مرۆڤ خۆی ناسیوە, لەھەوڵی بەردەوام دایە بۆ مانەوەی بەئاسۆی ژیانەوە, ھەمیشە خولیای نەمری ھەبووە و لەو پێناوەش دا لەھەوڵی بەردەوام دایە بۆ گەیشتن بە نەمری, سەرباری زۆری و ناھەموواری ئێش و ئازارەکان, بەسوێی و قوڵیی برینەکان, داھێنانە زۆر و زەوەندەکانی مرۆڤ, دروست کردنی کەرەستەی ئاسانکاری و خۆش بژێوی, بۆ کەمکردنەوەی ئێش و قورسی و ناھەموواریەکان, بەڵگەی تەواوی ئەو راستیەن.

 پڕۆسەی ھاوسەرێتی و وەچەخستنەوە, بەرگە گرتنی سەرماوگەرمای تاقەت پڕوکێنی ژیان, ئازاری زۆر و نەخۆشی قورس, نارەحەتی سەخت, بەگژداچوونەوەی ناھەموواریەکان, ئەمانە ھەمووی لەرووانگەی ھەبوونی ئاسۆیەکی ئومێدە لەپێناو مانەوە و نەمریدا.

 مرۆڤ بەھەموو کەموکوڕیەکانەوە, بەو پەڕی لاوازی خۆیەوە, ھێشتا بوونیادێکی بەھێزی ھەیە لەپێناو مانەوەدا و بەرگەدەگرێت و نارووخێت و کۆڵا نادات, ھیچ کات چۆک دانادات و شکست نایوەستێنێت و ھەمیشە لەھەوڵدایە بۆ گەڕان بەدوای پرسیارە بێ وەڵامەکان دا, ھەوڵدەدات و ماندوو نابێت, تا سەرنجام دەگات بەو ئامانجەی کە ھەیەتی. ئەمە گەر ئیرادەی مانەوە و حەزی نەمری نەبێت چیە؟, بێگومان ئارەزووی سەرکەوتن و گەیشتن بەو ئامانجەی کە ویستت دەیەوێت سروشتێکی حەزی مانەوە و نەمرییە.

 کاتێک مرۆڤ ھەر خۆیەتی, پێی وایە کە ( ژیان مەینەتیەکی مەزنە), بەڵام ھێشتا ھەر حەزناکات بەجێی بھێڵێت, چونکە دەزانێت کە ژیان بەخۆشی و ناخۆشی, بەفرمێسک و خەندەوە جوانە, ھەروەک چۆن کاتێک ئازار نەبێت لەش ساغی بوونی نیە و ھەستی پێناکرێت, بەھەمان شێوەش کاتێک فرمێسک نەبێت ھەست بەخۆشی و خەندە ناکرێت, کەواتە بەو پەڕی خەم و ناخۆشیەوە ھێشتا ژیان جوانە و مرۆڤ ئارەزووی مانەوەی تێدا دەکات و حەزی نەمری بۆی ھەیە.

 لەو رۆژگارەوە مرۆڤ ھۆشی بەبەردا ھاتووەتەوە, ھەوڵ و کۆششەکانی بێ ئەنجام بوون لە پێناو نەمری جەستەی و مانەوەی ھەتا ھەتاییدا, لەو پێناوەشدا چەندین رێگای بەکارھێناوە و چەندین ھەوڵی تاقیکردووەتەوە, مۆمیاکردنی مردووەکان و ھێشتنەوەی جەستەیەکی بێ گیان یەکێکە لەو رێگایانە, مرۆڤ پێی وابووە بە مۆمیاکردنی جەستەی نەمریی دەست دەکەوێت, کەچی جگە لە جەستەیەکی بێ گیان ھیچی تری بەجێنەھێشت, چونکە لە ھەموو شت گرنگتر مانەوەی رووحی و نەمری ناوییە, مرۆڤ ھاتووەتە سەر ئەو بڕوایەی نەمری بریتیە لە مانەوەی ناوەکەی بۆ ھەتا ھەتایە, ھەر بۆیەش ھەوڵی داھێنان و کارکردنی سوودبەخش, ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی بەسوودن, یان نووسینی ئەو بابەتانەی کە شایستەی مانەوەن, خۆبەخت کردن لە پێناو نیشتیمان و پیرۆزییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە, دۆزینەوەیەکی زانستی مەزن, ھۆکارن بۆ مانەوەی ناوی مرڤ بە نەمری گەرچی مرۆڤەکە خۆشی ژیان بەجێ بھێلێت.

 چەند مەزنن ئەو مرۆڤانەی دوای مردنیان ھەر نەمرن و ناویان ئەستێرەیەکی گەشاوەیە بە ئاسمانی ژیانەوە, چەند مەزنترن ئەو مرۆڤانەی بە داھێنانێک کە شایستەی نووسینەوەبێ, یان بە نووسینێک کە شایستەی مانەوە بێ نەمری بە خۆیان و ژیان دەبەخشن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1