وتار
تیرۆری فیکری و فیزیکی
ئومێد بابان



کاتژمێر ٤ی ئێوارەیە، برادەرێکم زەنگ لێدەدا و دەیەوێ پێکەوە پیاسەیەک بکەین، دەچینە کافتریایەک و پشوویەک دەدەین. 
دووکەڵی نێرگەلە و جگەرە ھۆڵەکەی تەنیوە، چەند گەنجێک بە ئەنقەست دەمانچەی بەر پشتیان زەق دەکەنەوە و دەخوازن بڵێن، (کەس بۆی نییە بڵێ پشتی چاوتان دوو برۆیە). ھەندێکیش بە ئاشکرا چەقۆ و دامبۆکسیان ھەڵگرتووە و پێکەوە گەمە بەو ئامێرە قەدەغەکراوانەوە دەکەن کە ڕەنگە بەکارھێنانیان، (ماڵی چەند کەسێک کاول بکات).
قاوەیەکی تاڵ دەخۆینەوە و کاتژمێر ٦ بەرەو مۆڵێک دەچین، لەوێ چەند سەرمەستێک دەبینین کە بێباکانە شەڕ بە ئافرەتان دەفرۆشن و بگرە (یەخەی دار و بەرد دەگرن) و تەنانەت سیکیوریتییەکانیش سڵ لە ھەڵسوکەوتی ناشیاویان دەکەنەوە.
لە مۆڵەکە دەچینە دەرەوە و دەمانەوێ لە شوێنێکی ئارام، ھەوایەکی سازگار ھەڵمژین و لە جەنجاڵی دوورکەوینەوە، کەچی کاتژمێر ٧ و نیو چەند ماتۆڕسوارێک دەکەونە بەرچاومان کە سەرقاڵی (خواردنی حەبی ھۆشبەر) و بەکارھێنانی ماددەی دیکەی یاساغکراون، بەوپەڕی بێمنەتییشەوە پێمان دەڵێن، (ئۆتۆمبێل لێرە ڕامەگرن).
لە گەشتەکەمان بەردەوامین و ڕێک کاتژمێر ٩ و ٣ خولەکی شەو سەرێک لە بازاڕێکی گشتی دەدەین، لەوێش ھەمان تاس و حەمام، (بەڵام بە شێوازێکی جودا)، ٢ ئافرەت خۆیان بە دوکانی مۆبایلفرۆشێکدا دەکەن و یەکیان سەرقاڵی دەکات و ئەوەی تریش بە دزییەوە مۆبایلی خاوەنی دوکانەکە، کە لەسەر مێزی پێشەوە دایناوە، دەخاتە ناو جانتاکەیەوە.
حەوسەڵەمان نامێنێت و برادەرەکەم ئۆتۆمبێلەکە بەرەو ناو گەڕەک و کۆڵانەکانی شار لێدەخوڕێ، کاتژمێر ١١ و ٢٨ خولەکە، لە بەردەم مزگەوتێکدا، ٣ تازەپێگەییشتوو، کە تەنکە ڕیشەکەیان لە دوورەوە ڕەش دەچێ، نیوەی کۆڵانێکیان گرتووە و بە تەسبیحە دەنکدرێژەکەی دەستیان، (سڵاوات) لێدەدەن و سەرنجیشیان داوەتە ئەو ئۆتۆمبێل و کەسانەی بەوێدا ڕەت دەبن، تا بزانن (لەو شارەدا چی دەگوزەرێت!).
ئێستا کاتژمێر ١٢ و ٣٣ خولەکە، پێچێک دەکەینەوە و دەڕۆینە نزیک مەکۆیەکی ئایینی، کە تێیدا (گوایە بەشێکی بانگخوازەکان خەڵک بۆ ئاشتەوایی و یەکدیقبووڵکردن و تەبایی ھان دەدەن)، لەوێ ٢ قاتڕەشی باڵا مامناوەندی، (کە ڕەنگە چەکیشیان پێ بووبێت)، فۆکس دەخەنە سەر ئەملا و ئەولا و چوارتەنیشتیان و (بە کۆمەڵ) منداڵی تەمەن ١١ ساڵ و ھەرزەکار و تەنانەت گەنجیش، جمەیان دێت و سەرقاڵی خوێندنی (وانەی ئایینی)ـن.
ھێندە نابات، نزیکتر دەکەوینەوە، ٢ قاتڕەشەکە دێنە پێشەوە و دەڵێن، (ئێوە چکارەن؟). برادەرەکەم بە جورئەتەوە پێیان دەڵێ، (ھاتووین بزانین تیرۆری فیکری و فیزیکی مانای چی؟). ئەوان دەکشێنەوە و بە وشەیەکیش وەڵام نادەنەوە.
کاتژمێرەکە لە ٢ی شەو لایداوە، دەگەڕێینەوە ماڵەوە، کە دەگەمەوە، نە ئاو ھەیە نە کارەبا، بۆیە لەسەر جێگادا خەوم لێ دەزڕێت و لەگەڵ خۆمدا دەدوێم: (خوایە شوکر، نە ئاوێک ھەیە مێشکی ئەوانەی پێ بشۆینەوە کە گاڵیان دەدەن، نە لە نەخۆشخانەیەکی دەروونیدا، "کارەبای پزیشکی" لەو جێگایانەیان بدرێت کە پێویستیان پێیە). 

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
30/07/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12