وتار
شکستی پارتی و حوکمی ئەدھەم بارزانی
دانا مەنمی


لەماوەی ۱۳ ساڵی ڕابردوودا پارتی لە زۆنی دێز ھەشت بەرپرسی گوڕیوە پینج جار بەرپرسی لقی چوارو سێ جاریش بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی گۆڕیووە ،تا ئێستا پارتی دەنگەکانی لەسلێمانی بەرەو دابەزین و کەمبونەوە تائاستی نیوە چوون .

کەمبونەوەی دەنگەکانی پارتی لەسلیمانی تائاستی نیوە نیگەرانی لای سەرکردایەتی پارتی ناوەندی بڕیاردان دروست کردووە و بەڵام تائێستا توێژینەوەی  ووردی لەبارەوە نەکراوە ، ھێندەی مژدەی فشەڵ ئەدەن بەگوێی جەماوەری پارتیدا ھێندە ئامادەنین دەست بخەنە سەر برینەکان و ساڕێژی بکەن ، کێشەی پارتی لەسنوری سلێمانیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە پارتی  پۆستی باڵایان پێدەبەخشێت.

شکستی لەناکاو کتوپڕی پارتی لەسلێمانی لەدوای ھەڵبژاردنەکانی ۱۲ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەموو ئەو مژدە فشەڵ و وەھمانەی کە بەرپرسانی سلێمانی پێش ھەڵبژاردنەکان دەیانبەخشییەوە  سەرکردایەتی پارتی تووشی شۆک و نائومێدی کرد ، ئاخر ئەوەندە ڕاپۆرتی ناڕاست و چەواشەکارانە لەلایەن لق و سەرکردایەتی سلێمانییەوە نیردرابوو بۆ مەکتەبی سیاسی و مەکتەبی ڕێکخستن و مەکتەبی براگەورە ،ھێندەش بەڵێنی بێ بنەماو مایەپووچ بەسەرۆک بارزانی درابوو بڕوا نەدەکرا پارتی لەسلێمانی تووشی ئەو شکستە بێت و دەنگدەرەکانی سزای بدەن .

ھەر دوای کۆتایی ھاتن بە پرۆسەی دەنگدان بەرپرسە دۆڕاوەکانی سلێمانی بەتایبەت بەرپرسی یەکەمی لق و سەرکردایەتیە فشەڵ و بەزیوەکەی سلێمانی بۆداپۆشینی شکستی سیاسی خۆیان ھەڵھاتن لەبەرپرسیارەتی و پاشەکشەیان لە بەڵێنەکانیان کرد .

شکستی پارتی لەسلێمانی لەھەڵبژاردنەکانی ۱۲ ی ئایاردا  بەتەنھا کەوتن و داڕمانی پارتی بوو بەس ، چونکە بەرپرسە فشەڵ و  بەزیوەکان ، بەرپرسە ترسنۆک و شکستخواردووەکان بەتەیفێک ماستاوچی و مرۆڤی گرگن و گەنەخۆرەوە لەشوێنی خۆیانن و لەدوورەوە بە شکستەکەی پارتی پێدەکەنن .

 ۱۲ ی ئایار سەلماندی کە پارتی لەسەر دەستی چەند بەرپرسیکی شکستخواردوو دۆڕاو بەزیوو ھێدەی ئاسمان و ڕێسمان  لەجەماوەرەکەی دورە ! ۱۲ ی ئایار سەلماندی کە نوێنەرو نەوەی شێخ ئەحمەدی بارزان چ شکستێکی لەماوەی دووساڵ و دوو مانگدا کردە خەڵات بۆ پارتی و پارتییەکانی سلێمانی چۆن بێ ئەرزشکرد .

لەماوەی دووساڵ ودوو مانگی دەستبەکاربوونی ئەدھەم بارزانی لەسلێمانی بە گوێرەی تواناو ئیمکانیاتی خۆی بەشێک بووە لەخولقاندنی کێشەو گیروگرفت ، زوڵم و ستەمکاری ستراتیژی کارکردنی بووە ، بەعەبەسیەتەوە مامەڵەی لەگەڵ پارتییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجەو دەڤەری ڕاپەڕین کردووە ،لەھەموو گۆشەو سوچێکی شارو شارۆچکەو بارەگاکاندا دڵشکاوێکی تری زیادکردووە بۆ سەر گەنجینەی دڵشکاوەکان .

سەرۆک بارزانی ڕۆژی ۲٤ ی ئایاری ۲۰۱٦ متمانەی بە ئەدھەم بارزانی بەخشی کە لەسلێمانی نوێنەرایەتی ماڵباتی بەڕێزیان و پەیرەوی لە ڕێبازو فەلسەفەی قدس سرەو مستەفا بارزانی بکات ، بەڵام ئەفسوس لەئاست ئەو متمانەیەدا نەبوو ، پێشینان ڕاستیان گوتووە کەدەڵێن مریشک ھێلکەش دەکات و ڕیقنەیش ! پارتییەکانی سلێمانی جگە لەڕیقنە ھیچیان لەئەدھەم بارزانی نەدورییەوە ، مێژووی دووساڵ دوو مانگی ئەدھەم بارزانی ھێندە تەڵخە مرۆڤ شەرم دەکات لەھەڵدانەوەی ڕۆژو کاتژمێرو چرکەکانی ، مێژوویەک ھیچ شانازیی و سەروەرییەکی تێدا نییە جگە لەشکست و شەرمەزاری ، دووساڵ و دوومانگ مێژوویەکی ڕەش ڕەشێکی قەترانیتان تۆمار کرد لەڕووی مەعنەوی و ڕۆحییەوە پارتییەکانی سلێمانیتان بئ ئومێد کرد .

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/08/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12