وتار
پێداگریی پارتی و ترسی ڕکابەرەکانی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن
محەمەد عەلی



ھەڵبژاردن، ئەو پرۆسە نیشتیمانییەیە کە ڕادەی دیموکراسی لە ھەر وڵاتێکدا پیشان دەدات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا سەبارەت بە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان ڕوونە، بە پێداگریی پارتی، ھەڵبژاردن لە ۹/۳٠ ئەنجام دەدرێت، وەلێ پێشکەشنەکردنی لیستی کاندیدانی لایەکانی تر کە بەم شێوەیە و بە مەبەست دوادەخرێت، ئەم راستییە زیاتر ڕوون دەکاتەوە، کە تاکو دواساتەکان لایەنەکانی بەرامبەر ویستوویانە ھەڵبژاردن دوا بخرێت.

ھۆکارگەلێکی زۆر ھەن کە پارتی لە حیزبەکانی تری کوردستان جیا دەکاتەوە، ئەمانیش بوونی قاعیدەیەکی جەماوەریی نەگۆڕ و سەرکردایەتییەکی تۆکمە و یەکگرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرینەی حیزبەکانی تر بە دەست پەتای باڵبالێن و لێشاوی جیابوونەوەی کادیرە قیادییەکانیانەوە دەناڵێنن.

لەلایەکی ترەوە، پێداگریی پارتی لەسەر ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنە لە کاتی دیارکراوی خۆیدا، پێمان دەلێت تاکە حیزب کە ئارەزوو ناکات کوردستان بکەوێتە بۆشایی یاسایی و وڵاتیش لە رێگەی حکوومەتی کاربەڕێکەرەوە بەڕێوە بچێت، پارتییە. بە واتایەی تر، جارێکی دیکە ئەو حزبە سەلماندی کە دەیەوێت بە شێوەیەکی یاسایی و پاڵپشت بە دەنگی جەماوەر، لە دەسەڵات بەردەوام بێت.

لە کاتێکدا ھەموو حیزبە ڕکابەرەکانی پارتی، بنەمای زیادکردنی دەنگەکانیان لەسەر دژایەتیکردنی پارتی و دەستکەوتەکانی حکوومەتی ھەرێم بینا دەکەن، پێچەوانەی ھەمووان پارتی ھەموو ھەوڵێک بۆ یەکڕیزی و دژایەتیکردنی فەرھەنگی یەکترشکاندن دەکات، کەمپینەکانی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا، ئەم راستییە پشتڕاست دەکاتەوە.

کۆتا ھەڵبژاردنی عێراق لە ٥/۱۲، ھێز و پێگە و پێشەنگایەتیی پارتی وەک حیزب لەسەر ئاستی عێراقدا دووپات کردەوە، لەلایەکی ترەوە دووبارە ھەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی، ئەو گومان و دەنگۆیانەی بەدرۆ خستەوە کە حیزبە ڕکابەرەکانی پارتی لە ڕابردوودا دەیانکرد کە گوایە پارتی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکات.

با سەرنج بۆ ئەوەش ڕابکێشن، ئەو نھێنییەی وا لە دەنگدەری کورد دەکات کە چەندان جار دەنگ بداتەوە بە پارتی، بوونی سەرۆکێکە قەڵغانی پاراستنی ھەرێمە و حیزبێکە ئامادەی ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە لە ھەموو بارودۆخێکدا، ھاوکات خاوەنی سەرکردایەتییەکە کە سەرکەوتوو بووە لە رزگارکردنی کوردستان لە گشت ئەو کۆسپ و تەگەرانەی رووبەڕووی بوونەوە و دەبنەوە.

پێشدەچێت ترسی ڕکابەرەکانی پارتی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بە گوشاری لایەنی دەرەکی بێت، بە تایبەت وڵاتانی ئیقلیمی، بەڵام دواجار پارتی ھەر لەسەر ئەو پرسە پێداگرە و زۆریش ڕوونە کە دواخستنی ھەڵبژاردن، زیان لە پرۆسەی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستاندا دەدات.

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/08/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1