وتار
ژیان, ترس و سەرکەوتن
ئەرشەد تەحسین



 مرۆڤ سروشتی وایە, زۆر کات و بۆ زۆر ھەنگاوی ژیانی دەترسێت لەوەی شکست بھێنێت, ھەر ئەم ترسەی لە شکست وای کردوە لە چەشتنی چێژی سەرکەوتن بەدووری بگرێت و بێ بەشی بکات, چونکە کاتێک ترست ھەیە لەوەی شکست بھێنیت یان لە کارێک سەرکەوتوو نەبیت ئەوا ھەوڵی بۆ نادەیت و ترس یارمەتیدەرت نیە لە ھەنگاونان بەرەو سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانت.

 کەسانی شکست خواردوو رووداوەکانی ژیان دەیانترسێنێت, بەربەستەکانی ژیان دەیان وەستێنێت, لەبری ئەوەی گیروگرفتەکانی ژیان ببنە وانەیەک بۆ خۆ رێکخستنەوەو ھەنگاو نان بەرەو سەرکەوتن, دەبنە ھۆکارێک بۆ ترس و وەستان لە شوێنی خۆیان و لەئەستۆ نەگرتنی بەرپرسیارێتی لە ژیان, ئەو کەسانەی لەبەرپرسیارێتی دەترسن کە لە راستیدا ترسە لە شکست و نەگەیشتنە بەسەرکەوتن ئەوا ناتوانن ئەرکەکانی ژیان بخەنە سەرشانی خۆیان و سەرەنجام نابنە کەسانی کاریگەر و مایەی ئاسوودەیی و بەختەوەری بۆ کەسانی تر و کۆمەڵگەکەیان, ئەو کاتیش بوونیان شانازیەک بە ژیان نابەخشێت, چونکە سەرکەوتن دژوار نیە کاتێک ھەوڵدان و بەردەوامی لە ئارادابێت, ئەوە بزانە سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج بۆت نایەنە ماڵەوە نابنە میوانت, بۆیە دەبێت تۆ بەدوایان دا ھەڵوەدا بیت و ھەوڵی بەدەست ھێنانیان بدەیت, مرۆڤیش بۆ خەوتن نەھاتووەتە بوون, بۆ ژیان و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و ھەوڵا و کۆشش دەژێت, بە کار و کردەوە جوان و باشەکانی کاریگەری دروست دەکات و دەبێتە کەسێتیەکی جێی شانازی کۆمەڵگە.

  کەواتە, بوونی مرۆڤ لەم ژیانەدا واتە ھەنگاو نان و کارکردن و پاشان گەیشتن بەو ئامانجەی کە دەتەوێت بە دەستی بھێنیت, بەڵام کاتێک مرۆڤ ترسی لە دڵدایە و ئەو ترسە رێگری لێ دەکات  کە ھەنگاوی کرداری بنێت لە ژیان دا, ناگات بە ھیچ ئامانجێک, چونکە ھەمیشە ئەو کەسانە بیانوویەک دەدۆزنەوە بۆ دەست پێنەکردن لە کاروبارەکانی ژیان و بەسەردا زاڵا بوونی ترس لە شکست, ئەو کاتیش لەبری ئەوەی ئامانجی گەیشتن بێت بەسەرکەوتن و بەختەوەری, ئەوا ئامانجی ئەوە دەبێت شکست نەھێنێت, ئەوەش روونە کە ئەو کەسانەی ھەنگاویان پێ نانرێت و دەست ناکەن بە رۆیشتن بەرەو سەرکەوتن لە کاروانی ژیان بەجێدەمێنن. 

 چەند ژیان گرنگ نیە, چۆن ژیان گرنگە, بەوردی و وریاییەوە ھەنگاوی ژیان بنێ,  ترس و دڵە راوکێ لە ئاسۆی ژیانت وەدەرنێ, ئامانجت سەرکەوتن و کاریگەری دانان بێت نەک خۆ پاراستن لە شکست, ئەوەت لە یاد بێت ژیان بۆ ئەو کەسانەیە کە توانیویانە ھەنگاو بنێن و گوێیان بەترس نەداوە, ئەوانەی کە بەربەستەکان نایان وەستێنێت, ھەروەھا ژیان شانازی بە کەسانێکەوە دەکات کە دەتوانن ببنە چرای شەوەزەنگی مرۆڤایەتی, نەک ئەوانەی ترس رۆژگاری لێ کردوون بە شەوەزەنگ.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
12/08/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1