وتار
کوردو سوونە یەکلایی دەکەنەوە کێ گەورەترین فراکسیۆنە
بورهان ڕەئوف


لە کۆتاییدا ئاکامی ھەڵبژاردنە گشتیەکانی عێراق کە لە ١٢ مایس ٢٠١٨ بەڕێوە چوو دوای گێرەو کێشەو تانەو تەشەرو سکاڵایەکی زۆر ڕاگەیەنراو بێ ئەوەی گۆڕانکارییەکی وا ڕووبدات کەشایانی باس بێت .
ئێستا گۆرەپان و شانۆی سیاسی عێراق چاوی ھەموو جیھانی لەسەرە لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین بە سەختترین ڕۆژگارەکانی دا تێدەپەڕێت لەلایەک ململانێ و قەیرانەکانی نێوان ئەمریکاو کۆماری ئیسلامی ئێران کەلە و پەڕی تووندی و ئاڵۆزی بۆ ئاڵۆزتر دەڕوات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چ لە ئابڵووقەی ئابووری و مانۆڕی سەربازی شەڕی ھەواڵگری و سیخوڕیەوە بگرە تا دەگاتە تێوەگلانی  یارو نەیارەکانی ھەردوولای ھاوکێشە کە . 
ئەمانە جگە لە تووند بوون و ھەڵکشانی ململانێکانی ئەمریکا و تورکیا  شەڕی ئابووری و دواتر قووڵبوونەوەی ناکۆکیەکانیان کە ھەموو ئەمانە کاریگەری نیگەتیفیان لە سەر ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی دەبێت .
لە ئاوا بارودۆخێکدا عێراق سەرقاڵی پێکھێنانی کابینەیەکی وزاری نوێیە عێراقێک کە نووقمی قەیران و ململانێ یە  خۆپیشاندانی ڕۆژانەی خەڵک لە زۆرێک لە شارەکانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق بۆ خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەکو ئاوو کارەبا .
قەوارە سیاسیەکانی عێراقیش بە تایبەتی شیعە کە جاران بەتەنھا خاوەنی یەک لیست بوون و خۆیان دەیانتوانی ڕێژەی پێویست دابین بکەن و واتە نیوە کۆ یەک بەڵام لە ئێستادا ئەوانیش لە کوردو سوونە خراپتریان بە سەرھاتووە دابەشبوون بە سەر دووبەرەدا بەرەیەک کە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی دوو خوولی پێشووترو نزیک لە ئێران  سەرۆکایەتی دەکات  کە پێکھاتوون لە فراکسیۆنەکانی دەوڵەتی یاسای مالیکی و  فەتحی ھادی عامری کە سەرکردایەتی ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات  و  بەرەیەکی دی موقتەدا سەدرو حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێستا ی نزیک لە ئەمریکا   سەرۆکایەتی دەکات ھەرچەندە ھاوپەیمانیتیەکەی عەبادی  وەکو باس دەکرێت فشۆڵ و لاوازەو و درزی گەورەی تێکراوە فالەح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی وخۆی قەوارەکەی و ھەروەھا حزبی فەزیلەو حزبی ئیسلامی سەنگەریان گواستۆتەوە بۆلای مالیکی کە ئەمەش گورزێکی کەمەر شکێنە بۆ عەبادی ئەگەر تەواو ڕاستو دروست بێت چونکە عەبادی لەم حاڵەدا تەنھا دوازدە کورسی پەرلەمانی بۆ دەمێنێتەوە کە ئەمەش لەوەو سەرچاوەی گرت کە فرکسیۆنی نەسر تەنھا یەک کاندیدی ھەبوو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئەویش عەبادی خۆی بوو لە کاتێکدا فەیازیش نیازی ئەوەی ھەبوو .
ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن موقتەدا سەدری ڕابەرو پشتیوانی لیستی سائرون خاوەنی بیروبۆچوونی نیشتمانیە بە ڕای خۆی و دەخوازێت حکومەتێکی تکنۆکراتی دوور لە بەشبەشێنەی ئتنیکی تائیفی  پێکبھێنێت وببێتە دەوڵەتی ھاوڵاتیان و دژ بە گەندەڵی و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکانی خۆیان و ئاوەدانکرنو بنیاتنانەوەی ھەموو شوێنە وێرانەکان  خاوەنی بڕیاری نیشتمانی عێرلقی بێت دوور لە دەستوەردانی دەرەکی بە تایبەتی ئێران و ئەمریکا و چل مەرجی قوورسی داناوە بۆ ئەو کەسەی کە دەبێتە سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق کە لە زۆرێک لەم سیاسیانەی ئێستای عێراقدا بەردەست نین .
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە کاتی ئێستا کە ململانێ ی مەزن لە نێوان ھەردوو وڵاتی ئامادە لە عێراق ئەمریکا و ئێران لەوپەڕیدایە ئەمە قابیلی جێبەجێ کردنە ؟
ئەی سوونەکان چی دەکەن ؟
سوونەکانیش بە سەر دووبەرەدا دابەشبوون بەرەیەک بەلای سەدر کە پێکھاتوون لە ئەیاد عەلاوی و ساڵەح موتڵەگ و بەرەیەکیش بەلای مالیکیدا دەڕۆن کە پێکھاتوون لە ئووسامە نوجێفی و خەمیس خەنجەرو ئەحمەد جبوری و سەلیم جبوری و جەمال کەربولی و فەلاح زیدان کە ئەمانیش ناکۆکی گەورەیان لە سەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە کە کامیان بیبچڕن بۆ خۆیان ھەرچەندە باسی ئەوە دەکرێت جەمال کەربوولی سەنگەر بگوێزێتەوە بۆلای سەدر بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان .
کورد لە کوێ ی ئەم ھاوکێشە ئاڵۆزەدایە ؟
ھەرچەندە تا ئێستا کورد باس لە جێبەجێکردنی دەستوورو ھاوبەشی ڕاستەقینە لە بڕیاردانی سیاسی لە عێراقدا دەکات و خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە بەڵام بەرەی مالیکی باسی ئەوە دەکەن کە زۆر لە کورد واتە یەکێتی و پارتی نزیک بوونەتەوە و لێکتێگەیشتنی باش ھەیە لە نێوانیاندا بۆ ڕگەیەندنی فراکسیۆنی گەورە بۆ پێکھێنانی کابینەی داھاتوو .
لەلایەکی تریشەو لایەنە ئۆپۆزەسۆنەکانیش کە پازدە کورسیان ھەیە لە بەرەکەی دی نزیکن .
لە کۆتاییدا بەو بارودۆخەی ماڵی شیعەوە کوردو سوونە دەتوانن چارەنووسی کابینەی داھاتوو دیاری بکەن کەکام لەو بەرانە دەچنە ژێر باری داخوازییەکانیان و بە بەبێ ھاوبەشی ڕاستەقینەی کوردو سوونە عێراق ناتوانێت ئارام بێت و درێژە بەمانەوەی خۆی بدات .
پرسیارە قورسەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا قایل دەبێت بەرەی نەیارەکانی ئەوانەی بە دۆستی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دەدرێن فەرمانڕەوایی عێراق بکەن لەم بارودۆخە ھەستیارەی ئێستای ناوچەکەو جیھان ئەوە لە ڕۆژانی ئایندەدا بە ڕوونی  وەدەردەکەوێت .

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/08/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ