وتار
ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن تەسليمبوونە بەڕەهايەتى دەسەڵاتى پارتى
كامیل مه‌حمود

بەداخەوە لەوڵاتێكدا ڕێز لەهيچ ياسايەك نەگيرێت و هەمووشتێك پەيوەست كرابێت بەبەرژەوەندى حزبەوە بەم شێوەيەى لێ دەردەچێت كەدەيبينين، حزبێك يان چەند حزبێك دەزانن كە هەڵبژاردن لەسەر گۆڕەپانى سياسى پاشەكشەيان پێ دەكات و نابنە ئەو نەهەنگە گەورەيەى خۆيان وێنايان كردبوو كە يەكێتى و پارتى قوت بدات، ئێستا هەموو شتێك لە پارتى و يەكێتى قبووڵ دەكەن و بەهەموو مەرجێك رازى دەبن تەنها لەپێناوى ئەنجامنەدانى هەڵبژاردندا بۆ ئەوەى بەم پلەو پۆست و كورسييە بێ كەڵكانەى ئێستايانەوە بمێننەوە.
ئەوەى باس دەكرێت كە هەڵبژاردن بۆ ماوەيەكى زۆر دوا بخرێت كە زياتر خواستى چەند حزبێكى دەرەوەى دەسەڵاتە بە ئاشكراو بەنهێنى رەهاكردنى دەسەڵاتى پارتى ديموكراتى كوردستانە كە ئێستا واى دەبينێت هەڵبژاردن لەسەر ئاستى سياسى و جەماوەرى دەيباتە پێشەوەو بەهێزتر دەبێت، خۆدزينەوە لە هەڵبژاردن شكستێكى ئابڕووبەرانەى ئەو حزبەنەيە كە چەند ساڵێكە جگە لەكۆبوونەوەى بێ سوودو بەياننامەدەركردن هەڵوێستێكى كردەييان نەبووە بۆ گۆڕينى شتێك لەم واقيعە خراپە، حزب لەكوردستاندا بەدەسەڵاتدارو بێ دەسەڵاتەوە تەنها بەرژەوەندى خۆى و نوخبەيەكى سياسى دەخوێنێتەوەو ئەوەى ئيديعاى دەكەن ياسا سەروەر بێت و بۆ بەرژەوەندى هيچ لايەك يارى پێ نەكرێت درۆيەكى شاخدارەو هيچى تر، بزووتنەوەى ئيسلامى بە بەراورد بەحزبەكانيتر كەمترين ئامادەكارى بۆ هەڵبژاردن كردووەو دەيان كێشەى ناوخۆى ئابوورى و ڕێكخراوەيى خۆى هەيە، بەڵام هەرگيز لەگەڵ ياريكردن بەياساو بە ئيرادەى خەڵك نييەو نايەوێت تەنها لەبەر ترسێكى خۆى كە سەركەوتوو نابێت لەم هەڵبژاردنەدا دەيان سازش بكات لەپێناوى ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنەكاندا.
گرنگ نييە ئێمەى حزبەكانى دەرەوەى دەسەڵات كورسى و دەنگەكانمان كەم دەكات كە باوەڕم وايە ئەم كەمكردنە ئەگەر روو بدات بەهۆى ئەم سياسەتە چەوتانەى ئەم حزبانەوەيە كە ئێستا دەيبينين، زۆرى كەمى كورسى گرنگ نييە بەئەندازەى ئەوەى بۆ لەمەودواو لەدواى هەڵبژاردن نەبينە بەشێك لەهيچ پرۆژەو پلان و بەرنامەيەكى پارتى و يەكێتى و رۆژێك لەحكومەتەكەياندابين و دوو ڕۆژ لەدەرەوەو رۆژێك شەراكەت و رۆژێكيتر ئۆپۆزسيۆن، ئەگەر زۆرينەى ئەو جەماوەرە دەنگى بەو دوو حزبە دا ئەوە با خۆيان باجەكەى بدەن و ئەمان تەنها رێنموونيكارو هۆشياركەرەوەى ئەوان بن، بەڵام ئەمەى ئێستا لەبەر ترسى كەمكردنى كورسى و دەنگ هەوڵ بۆ ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن دەدەن بەئاشكرا تەسليمبوونە بەئيرادەى پارتى دەيموكراتى كوردستان بەتايبەتى و پاشان شەريكەكەى ترى، شكستى سياسى گەورەى ئەوان و دروستكردنى حزبى سەركردەو تەنانەت دكتاتۆريشە، بۆيە هەر لەسەرەتاوە ئێمە وتومانە بەڵێ بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەكاتى خۆيدا، دواى هەڵبژاردنيش: يان دەسەڵاتێكى دادپەروەر، يان ئۆپۆزسيۆنێكى دابڕاو لە دەسەڵاتێكى گەندەڵ و ستەمكار.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
07/09/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1