وتار
ئەدلب دوا قڵاو دوا پێگەی تیرۆریستان لە سوریا
بورهان ڕەئوف





شاری ئەدلب ناوەندی پارێزگای ئەدلبە کە دەکەوێتە باکووری سوریاو باشووری ڕۆژئاوای شاری حەلەب تەنھا ٦٠کم دوورە لێوەی و بە شاری سەوز ناسراوە بەھۆی زۆر ی و چڕی داری زەیتوونەکانیەوە  و دانیشتتوانەکەی لە عەرەبی سوونەو کوردو تورکمان و دورزی پێکھاتوون کە ژمارەی ھەموویان بە گوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠١٠ بریتیە لە ١٦٤.٩٨٣ کەس . بەڵام ئێستا نزیکەی ٣ ملیۆن کەسی تێدایە بەھۆی ئەو بارودۆخەی ھاتۆتە ئاراوە ھەرچەندە ئەمە  خەمڵاندنە و ئاماری ورد لە بەردەستدا نیە .
بۆ ھەموو ئەوانەی ئاگاداری دۆخی سوریان و چاودێری بارودۆخی شەڕی حەوت ساڵەی ڕابردووی ئەو وڵاتەن ئاشکرایە کە ھەموو ڕێککەوتن و سازش و سات و سەودای نێوان وڵاتانی تێوەگلاو بە قەیرانی سوریا ھەر لە ڕووسیاو ئەمریکاو ئێران و تورکیا و عەرەبستانی سعودیە و قەتەرو ئەوروپیەکان و نەتەوەیەکگرتووەکانیش ھەر لە کۆبوونەوەکانی جنێف و ئەستانە و دامەزراندنی ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژیو ئالۆزی ھەموو تاقمو گروھە چەکدارە تیرۆریستەکان  بە ھەموو باڵەکانیەوە  لە کۆتاییدا بە پاس دەگوێزرانەوە بۆ ئەدلب .
بەڵێ ئێستا ئەدلب  دوا قڵاو دوا پێگەی قایمی ھەموو ئەو تاقمانەیە ھەر لە میانڕەو ەوکانەوە تاوەکو تاقم و گروھە توندڕەوەکان کە دەستیان سوورە بە خوێنی خەڵکی سڤیل و بێتاوانی ئەو وڵاتە ھەرلە کوردو عەرەب و تورکمان و ھەموو کەمینە و ئتنیکەکانی تریش .
تاوانێکی تری ئەم تاقم و گروھە توند ئاژووانە جگە لە کوشتن و بڕین و ڕفاندن  و تاڵان ....تد ,  ئەوەبوو کە سواری شەپۆلەکانی شۆِرشی گەلانی سوریابوون کە ساڵی ٢٠١١ و لە گەڵ سەرھەڵدانی بەھاری عەرەبی دا دەستیپێکرد بە ھیوای کۆتایی ھێنان بە ڕژێمی کۆماری پشتاوپشتی بنەماڵەی ئەسەدو جۆرێک لە دیموکراسی و دادپەروەری و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ دابین بکەن بەڵام ئەم گروھانە ڕێڕەوی شۆڕشەکەیان گۆڕی بۆ شەڕی ناوخۆو ململانێیەکی  چەکداری ناڕەوا کە نیوەی خەڵکی ئەو وڵاتە ئاوارەو دەربەدەر ی وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ئەوروپاش بوون  .
خەڵکی سوریا نەک ئازاد نەبوون و ھیچ دەستکەوتێکیان وەدەست نەکەوت لەو شۆڕشە بەڵکو  دۆخێکیان خوڵقاند کە خەڵک خۆزگە بە ڕژێمەکەی ئەسەد بخوازێت  و ھەموو وڵاتانیش بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوەو تەنانەت کۆمەک و ھاریکاریەکانیان بڕی لە ھێزە ڕاستەقینەکانی ئۆپۆزەسیۆن .
لە ئێستاشدا کە ھێزەکانی حکومەتی سوریا بە ھاوکاری و پشتیوانی ڕوسیاو ئێران کە بەشی ھەرەزۆری خاکی سوریایان لەو تاقم و گروھە تیرۆریستیانە پاک کردۆتەوە و تەنھا پارێزگای ئەدلب ماوە بە دەستیانەولەگەڵ  ھەندێ ناوچەی کەمی پارێزگاکانی حەماو حەلەب  بۆیە واچاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داھاتوودا جەنگی یەکلاکەرەوەو کۆتایی لەوناوچەدا دەست پێ بکات و کۆتایی بە دوا پێگەو قڵای ئەو تیرۆریستانە بھێنرێت کەبەشی زۆریان نەک ھەر  خەڵکی سوریا نین بەڵکو ئەو تیرۆریستانەن کە لە زۆر شوێنی جیھانەو ھاتوون بۆ جیھاد کە خەڵکی ئەفغانی و فلیپینی وبیبابانی گەورەیئەفریقیا و تورکمانستان  و گەلێک شوێنی تریشن .
بەڵی ئیتر ڕوون و ئاشکرایە دوای لێدوانی کاربەدەستانی ڕوسیاو سوریا کە ھێرشی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بۆ سەر ئەدلب نزیک بووەتەوە دوای شکستھێنانی ھەوڵەکانی تورکیاو ئەردۆگان بە تایبەتی لە دوای کۆبوونەوەی لووتکەی سێ قۆڵی تاران بۆ دوورخستنەوەو ڕوونەدانی ئەو ھیرشە کە ڕوسیاو سوریا زۆر سوورن لە سەرئەنجامدانی و  زۆر بە پێویستی دەزانن بۆ سەرکەوتن بە سەر ھەموو ئەو تاقمە توند ئاژۆو تاوانبارانەدا و کۆتایی پێھێنانیان .
لە کۆتاییدا چاوی ھەموو جیھان ومیدیاکان و چاودێرانی سیاسی و بەئاگایان لە جمووجووڵی تاقمە توند ئاژۆکان لە سەر چەکدارە بیانیەکانە لە سوریا ئەوانە ی لە ھەموو کون و قوژبنێکی جیھانەوە ھاتبوون بۆ سوریا بەتایبەتی زۆرێکیان پێناس و ڕەگەزنامەی وڵاتانی ئەوروپییان ھەیە بە تایبەتی فەرنسی کە ھەر لە سەرەتاوە باسی بوونی ٩٠٠ کەسی بەڕەگەزفەرەنسی زیاتر دەکرا لە ڕیزەکانیاندا ئێستا کە ھیچ دەروازەیە کیان لەبەردەمدا نەماوە مەگەر تورکیا بتوانێت دەربازیان بکات یان دەبێت تا دوا ھەناسەو دوا فیشەک شەڕی مان و نەمان بکەن .
بۆیە ئێستا ڕایەکی وا سەری ھەڵداوە کە وازیان لێنەھێنن و تا بە تەواوی لە  گۆڕەپانی شەڕدا حسابی کۆتایی یان لە گەڵدا یەکلایی دەکرێتەوە . 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
17/09/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ