وتار
ئارامییه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی له‌ چوار ساڵی ئارامییه‌ گۆڕان باشتر نابێت
دانا مەنمی

یه‌كێك له‌ دروشمه‌كانی یه‌كێتی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئارامی یه‌ ، به‌ر له‌ یه‌كێتی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ زاری ڕێکخەری کۆچکردوو نەوشیروان مستەفاوە بیرم ماوه‌ گووتی :"بەرەو دەسەڵات و، بەرەو چوار ساڵی ئارامی! كاتێك گۆران له‌ قۆناغی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ خۆی گواسته‌وه‌ بۆ ناو ده‌سه‌ڵات یه‌كه‌مین هه‌نگاو وه‌زیفه‌ی ۱۸۰ پله‌ پێچه‌وانه‌ی چواری ساڵی ئارامی وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد بویه‌وه‌ ،نه‌ك برینه‌كانی حكومه‌ت و سیسته‌می سیاسی و ئیداری سارێژ نه‌كرد به‌لكو بۆخۆیشی بووه‌ برین و دومه‌ڵێكی تر به‌جه‌سته‌ی حكومه‌ت و سیسته‌می سیاسییه‌وه‌ ، گۆڕان به‌ ڕق و كینه‌وه‌ سیاسه‌تیان ده‌كرد و خه‌ڵكیان ته‌خوین ده‌كرد تا په‌لاماری دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت و باره‌گای حیزبه‌كان بده‌ن ، بانگه‌شه‌ی چوار سالی ئارامی گۆران ئاوێكی خراپیان رشت و كه‌لێن و بۆشایی گه‌وره‌یان خسته‌ نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان حكومه‌ت و حیزب حكومه‌ت و خه‌ڵكه‌وه‌.

گۆران له‌ژێر دروشمی چوار ساڵی ئارامی دا سه‌نگه‌ری دوژمنایه‌تی خه‌ڵك و حكومه‌تیان بنیات نا ، ده‌ستپێكی چوار ساڵی ئارامی گۆران له‌شه‌قام و له‌ ناو خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد ، ڕاسته‌ داواكاری خۆپیشانده‌ران ومافه‌كانیان له‌ پێناو ژیان گوزه‌راندا ڕه‌وا بوون ،به‌ڵام ده‌بوایه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌واو مه‌ده‌نی و شارستانیانه‌ به‌رده‌وام بونایه‌ ،نه‌ك ده‌رفه‌ت بره‌خسێنن و ریشی خۆیان بده‌نه‌ ده‌ست بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ له‌ ئاراسته‌ مه‌ده‌نی و شارستانیه‌تیه‌كه‌ی لایانبدات و ته‌خوینیان بكات بۆ ئاژاوه‌گێری و هه‌لكوتانه‌ سه‌ردام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم و باره‌گای لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ،هوتافی بروخێ حكومه‌ت ئه‌ده‌بیاتی گۆران بوو كه‌ دواتر بایكۆتی مامۆستایانی لێكه‌وته‌وه‌و پرۆسه‌ی خوێندن له‌ زۆنی مله‌وه‌ن كه‌وته‌ به‌ر مه‌ترسی له‌ ناوچوون ،گۆران هه‌ربه‌ ته‌خوینكردنی خۆپیشانده‌ران و ئیدامه‌كردنیانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاو له‌ رووی ڕێكخراوه‌یشه‌وه‌ ڕایه‌ڵه‌و باژێروان و مه‌كۆكانی هان ئه‌دا كه‌ به‌شداربوون له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا به‌نزین بكه‌ن به‌ ئاگری رق و كینه‌و توڕه‌یی خه‌لكدا .

گۆران له‌ ژێر دروشمی چوار ساڵی ئارامی دا ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌پروبه‌ هه‌پرون كرد ویستی سلێمانی له‌ هه‌ولێر جیابكاته‌وه‌و له‌ ناو سلێمانیشدا سلێمانچێتی بکات ، گۆڕان په‌رله‌مانی کوردستانی به‌ دیوه‌خانی حیزب ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م و ده‌شیانگوت په‌رله‌مان سه‌رچاوه‌ی ساغكردنه‌وه‌ی پرسه‌كانه‌ ! په‌رله‌مانی په‌كخست و دوای داوای كاراكردنه‌وه‌ی ده‌كرد !دژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بوو كه‌چی ئێستا ده‌لێت ڕیفراندۆم چه‌كێكی باشه‌ به‌ ده‌ست كورده‌وه‌ ! له‌برى چوار ساڵى ئارامى چوار ساڵى پر له‌ ترس تۆقاندن و بايكۆت و خۆپيشاندان به‌ نيه‌تى ئاژاوه‌گيرى به‌سه‌ربرد، سه‌رباری مامەڵەیەکی خراپ وجەنگی دەرونی و ئیرهابی فیکری لەگەڵ خه‌ڵكدا ،هه‌ست و نه‌ست و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكیشیان ڕیشه‌كێش كرد ،هه‌ربه‌به‌رنامه‌ و پرۆژه‌ خه‌ڵكیان داماڵی له‌ به‌های كوردایه‌تی و كوردبوون ودژی ئاڵا بوو دژی خاك بوون دژی نه‌ته‌وه‌ بوون دژی سرودی نیشتیمانی بوون دژی ریفراندۆم بوون دواجاریش دژی هه‌ڵبژاردن بوون له‌ ۳۰ـی ئه‌یلول بۆ په‌رله‌مانی كوردستان .

قه‌یرانه‌كانی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می چوارساڵی به‌لێنه‌كانی گۆڕان بوو بۆ ئارامی ،ئێستاش ئارامی یه‌كێكه‌ له‌ دروشمه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی لیسته‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی ، به‌ر له‌ میلـله‌ت خودی یه‌كێتی تینوی ئارامی یه‌ ، سواربوونی ئه‌م شه‌پۆله‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ یه‌كێتی قورس بێت ،ئاخر ئارامی دروشمی هاشو هوش و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن نییه‌ ،ئارامی بۆ له‌خشته‌بردنی خه‌لك نییه‌ ،قوباد تاڵه‌بانی و لیسته‌كه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ خه‌می پرسه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا بن پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ شكست و هه‌ڵه‌ی خۆیاندا بكه‌ن ، هه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی هه‌رزه‌كارو بێده‌نگی یه‌كێتی به‌رامبه‌ریان ئاگری له‌ دڵی كوردستانه‌كه‌م به‌ردا ! كێمان مه‌رگه‌ساتی ۱٦ی ئۆكتۆبه‌رمان له‌ بیرچووه‌ته‌وه‌ ؟! كێمان راده‌ستكردنی خاك و خه‌ڵكمان له‌ خانه‌قین و گوڵاڵه‌و كه‌ركوك له‌ بیر چووه‌ته‌وه‌؟! ئه‌گه‌ر به‌ راستی قوباد تاڵه‌بانی و لیسته‌كه‌ی ئارامی ده‌وێت ،پێویسته‌ به‌ ئارامی بچێته‌ ناو بانگه‌شه‌ی هه‌لبژاردنه‌وه‌ ، به‌ئارامی بچێته‌ كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانه‌وه‌ ، تیرو توانج و په‌لاماری حیزب و لییستی تر نه‌دات ،خۆئه‌گه‌ر نا ئارامییه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی و لیسته‌كه‌ی له‌ چوار ساڵی ئارامییه‌كه‌ی گۆران باشتر نابێت .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/09/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ