وتار
چۆن کوردستان بگەیەنینەوە سەردەمی زێڕین؟
محەمەد عەلی


دەستپێکردنی ھەڵمەتی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ۱۱ی ئەیلوولدا، بۆ سەرۆک بارزانی و پارتییەکان، کۆمەڵێک مەغزا و مانا دەگەیەنێت و دەکرێ دەنگدەری کورد ڕازی بکات بۆ جارێکی تر دەنگ بە لیستی ئەو حزبە بدەنەوە.

لە ۱۱ی ئەیلوولی ساڵی ۱۹٦۱ و دوای ئەوەی بارزانیی باوک دڵنیا بوو کە دەسەڵاتدارانی نوێ لە بەغدا پاشگەز بوونەتەوە لە بەڵێنەکانیان تایبەت بە پێدانی مافەکانی کورد، بێ دوودڵی دووبارە چەکی شەڕەفی خستەوە شان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی ھەڵگیرساند، سەرۆک بارزانیش لە ۱۱ی ئەیلوولی ۲٠۱۸ ھەمان پەیامی بۆ سیاسییەکانی عێراق دووپات کردەوە کە ئەگەر دووبارە دەسەڵاتدارانی بەغدا مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکەن، ئەوا دووبارە ئامادەی شۆڕشین، بەڵام ئەمجارە بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان. 

چۆن لە شۆڕشی ئەیلوولدا توانیمان گەورەترین زلھێزی ناوچەکە ناچار بە دانوستان و دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کورد بکەین، کە خۆی لە رێککەوتننامەی ۱۱ی ئاداری ۱۹۷٠دا دەبینێتەوە، ئاواش بەڵێن بە دەنگدەرانی خۆمان دەدەین کە لە داھاتوودا حکوومەتی عێراقی ناچار دەکەین دان بە مافەکانی کورددا بنێت، لە جێبەجێکردنی ماددەی ۱٤٠ و پشکی کورد لە بودجە و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان. 

ھەروەکچۆن لە شۆڕشی ئەیلوولدا توانیمان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دەسەڵاتێکی خۆجێیی لە ناوچە کوردییەکاندا بکەینە ئەمری واقع و خۆشی و شادی بخەینە دڵی گشت کوردستانیانەوە، ئاوا بەڵێن دەدەین ئەگەر سەرکەوتین ئەمجارە، ئەوا دەسەڵاتی کوردی بۆ گشت کوردستان بگەڕێنینەوە و دەسەڵاتێکی بەھێز بۆ کوردستان بنیات بنێینەوە، بە جۆرێک کە کوردستان بگەڕێنینەوە سەردەمی زێڕین.

چۆن لە شۆڕشی ئەیلوولدا توانیمان کۆتایی بە میراتی میرنشینی بھێنین و ھەمووان بۆ یەک ئامانج و مەبەست کۆ بکەینەوە، ئەگەر لە ۳٠ی ئەیلوولدا سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەمان بەدەست ھێنا، بەڵێن دەدەین کە گشت ئاسەوارەکانی دووئیدارەیی نەھێڵین و ھەموو کوردستان بە گشت پێکھاتەکانییەوە لەدەوری یەک ئامانجدا کۆ بکەینەوە، ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە.

چۆن لە شۆڕشی ئەیلوولدا توانیمان کۆتایی بە پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد بھێنین و ھەموو بۆچوونە جیاوازەکان لە ژێر چەتری یەک شۆڕشدا کۆ بکەینەوە، بەڵێن دەدەین ئەگەر دووبارە متمانەی خەڵکی کوردستانمان بە دەست ھێنا و بووینە خاوەنی زۆرینەی پێویست، ئەوا ھیچ دەرفەتێک بۆ ناتەبایی و ناحەزانی گەلەکەمان لە ناوەوە و دەرەوە ناھێڵینەوە، بتوانن زیان بە گەلی کورستان و ئامانجە نیشتیمانییەکانی بگەیەنن.

ئاسۆ ڕوونە، بۆیە دەشێ قەیرانەکان تێپەڕێنین و سەرلەنوێ کوردستانی دایک بگەیەنینەوە سەردەمی زێڕین و دووبارە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و سەقامگیریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ ھاونیشتمانیان بگەڕێنینەوە.   

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
21/09/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ