وتار
بەغداد کێ سەرکەوت ؟
بورهان ڕەئوف

ھەرچەندە ھێشتا ھەنگاوی یەکەم ھاوێژراوە بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ ی حکومەتی عێراق لە دوای ھەڵبژاردنی گشتی ١٢ مایس  ٢٠١٨ خۆشبەختانە لە دوای چوار مانگ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق توانی کۆ ببێتەوەو دواتر دوای کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی گەورەترین ئەندامی تەمەن  کە بە کراوەیی چەند ڕۆژێک مایەوەھەرچەندە  ھەندێک لە یاسا ناسان لەو بڕوایەدان کە ئەمە پێچەوانەی دەستوور بووە  بەڵام لە کۆتاییدا  محمد حەلبوسی کە عەرەبێکی  سوونەیە لە پارێزگای ئەنبار و پێشتریش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاری ئەنباریش بووە  گەنجێکی ٣٦ ساڵەیە بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبژێرا.
حەلبووسی ١٦٩ دەنگی ھێنا بەرامبەر رکابەرەکەی خالید عوبێدی کە لیستی بنیاتنان و چاکسازی عەبادی و سەدر پشتیوانیان دەکرد کە گوایە نزیکن لە ئەمریکیەکان٨٥ دەنگی ھێنا   بەڵام محمد راکان حەلبووسی بە پشتیوانی ھاوپەیمانی بنیاتنانی عامری و مالیکی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەستھێنا لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە  ڕۆژی ١٥ ئەیلوولی ئەمساڵدا ٢٠١٨  .
ئەوەی ھەر لە سەرەتای ئەم ھەڵبژاردنەگشتییەی عێراقەوە جێگەی مەترسی و سەرنج و گومان بوو ئەوەبوو کە ململانێ توندەکانی ئەمریکاو ئێران پەلبھاوێتە ناو قەیران و کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق و زیاتر قوڕەکە خەستتر بکاتەوە ئەوەتا دوای چوار مانگ یەکەم دانیشتن گرێدرا و دوای چەندین کۆبوونەوەو سەردانی ئاشکراو نھێنی ئەو دوو وڵاتە و دەیان بەزم و بالۆرە تەنانەت خالید عوبێدی کاندیدی دۆڕاوی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لێدوان بدات کە گوایە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  کڕراوە بە ٣٠ ملیۆن دۆلار .
بە ھەرحاڵ ئەوەی باس دەکرێت ئێستا لە ناوەندەکانی ھەواڵ و سیاسەت پاشەکشەی ھەژموونی ئەمریکایە بە سەر عێراقدا سەرەڕای قوربانی و خەرجیە زۆر و زەوەندەکانی ھەر لە ساڵی ٢٠٠٣ ی پرۆسەی داگیرکردنی عێراقەوە تا شەڕی تیرۆر و دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ەوەو وەدەرنانی داعش لە عێراق وسوریا .
ئەمریکیەکان بۆ کاریگەرییان کەم بووەوە ؟
ھەر لە دوای خۆپیشاندانەتوندەکانی بەسرەو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێشووی عێراق بە ئامادەبوونی عەبادیو بەشێکی زۆر لە وەزیرەکانی کابینەکەیو پارێزگاری بەسرە چانسی عەبادی بۆ وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کەم بووەو ھەرچەند تا ئێستاش ھەندێک لە لیستەکەی دەڵێن ئێمە ھەر عەبادی بەربژێرمانە بۆ سەرۆکی حکومەت بەڵام ئەو دانیشتنە کۆتایی بە ڕۆڵی عەبادی ھێنا چونکە سیناریۆیەکی بەھێز بۆ لێدانی دانرابوو لە لایەن ڕکابەرەکانی کە  نزیکن لە ئێران و بە تایبەتی دوای لێدوانەکانی کەپابەند دەبێت بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەمە لە مەڕ شیعەوە , کوردیش کە بە ھاوپەیمانی مێژوویی ئەمریکا لە عێراق  ناسراون ئێستا پێ یەکیان لە ئێرانە  ئەوەیان لە بیر نەچووە ساڵی پار ٢٠١٧ لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٥/٩  ئەمریکیەکان بەتەنیا جێیانھێشتن و بە دەبابەی ئەبرامزی ئەمریکی کەرکوک و زۆر شوێنی تر لەلایەن حەشدی شەعبی یەوە داگیرکران , سوونەکانیش کە دوژمنایەتی و ناکۆکی قووڵیان لە گەڵ شیعەو ئێران ھەیە ئەوانیشیان بە تەنیا جێھێشت لە بیاباندا کە بڕیار بوو بوار نەدەن ھێزەکانی حەشدی شەعبی بچێتە ناو شارەکانیان و شارە وێرانەکانیان بۆ بنیات بنێنەوە بەڵام بێ بەڵێن و پەیمان دەرچوون بۆیە سوونەکانیش پێ یەکیان لە تارانەبۆ ئەوەی جۆرێک لە خۆسازان و گونجان بخوڵقێنن .
بۆیە گەر پێشتر ئەیاد عەلاوی بە ھەمان دەردی عەبادی برا ئێستا لە عێراق متمانە بە سیاسەت و بەڵێنەکانی ئەمریکا زۆر لاواز بووە و سیاسیەکانی عێراق ھەست بە بەھێزی ڕۆڵی ئێران دەکەن لەبەڕێوەبردنی عێراقدا .
لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە ئەمریکا ناخوازێت عێراق ببێتە باخچەی پشتەوەی ئێران و ناخوازێت عێراق ببێتە دەروازەیەک کە سزاکانی سەر ئێران ببەزێنێت لە بەرامبەریشدا ئێران دەخوازێت حکومەتی داھاتووی عێراق بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت ,پرسیارە گەورەکە  لێرەدایە ئایا سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق لە نێوان ئەم دوو بەرداشەدا چۆن عێراق بە خاک و خەڵککەیەوە دەپارێزێت ؟

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/09/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ