وتار
بۆچی گرنگە بەشداری هەڵبژاردن بکەین
پارێزەر: لوقمان مصطفی

زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان پێیان وایە پرۆسەی هەڵبژاردن لەئێستادا هیچ مانایەکی نییە و بەڵکو تەنها كات بەفیڕۆدان و بەهەدەردانی سامانی گشتییە لەپرۆسەیەكدا كە هیچ بەرهەم و ئەنجامێكی ئەرێنی بۆ سەر ژیانی ئەوان نییە .لە هەمووی کارەساتتر ئەمەڕای زۆربەی ڕۆشنبیرانیشە.! بێگومان ئەم جۆرە لەبیركردنەوەیە كاریگەری نەرێنی و مەترسیداری دەبێت لەسەر زیادبوونی قەیرانەكان و گەڕانەوە بۆ ئەو کێشەوگرفتانەی چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنین،دەرەنجامی نەرێنی دەبێت لەسەر داهاتوو پاشەڕۆژی ووڵاتەکەمان. 
بێگومان ئەم زۆرینەیە بەردەوام باس لە دیموکراتیش دەکەن ئەوەش باش دەزانن کە بەرقەرار بوونی دێمۆکراسی بەبێ هەڵبژاردن هیچ مانایەک نادات،هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە حکوومەتێکی دێمۆکراتیک دەبێ بنەماکەی لە سەر ویست و دەنگی هاووڵاتیانەوە بنیات بنرێت. هەروەها هەر بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوەیە کە دەسەڵات لە کەشوهەوایەکی ئاشتییانە و هێمنانەدا دەستاودەست دەکرێت. کەواتە هەڵبژاردن بەشێکە لە دێمۆکراسی و لێی جیا ناکرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوەیە، هەڵبژاردن تاکتیک نییە، چونکە لە سیستەمێکی دێمۆکراتیکدا هاووڵاتیان بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پرس و کێشەکان یەکلا دەکەنەوە.
کەواتە..ئه‌وه‌ی  زامنی سه‌رکه‌وتنی دیموکراسیه‌ت و گه‌شه‌ی ووڵات بە گشتی ده‌کات‌ بریتیه‌ له‌ هاوڵاتی چالاک و هوشیا،هاوڵاتیه‌ک که‌ سەنگ و پێگه‌ی و به‌های ده‌نگه‌ی خۆی بزانێت و له‌ هه‌مان کاتیشدا خۆی به‌ به‌شێک له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و ئیداره‌کردنی کاروباری ووڵات بزانێت تاوه‌کو بتوانێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌وه‌ کاندیدی شایسته‌ بنێرێتە دامەزراوە شەرعیەکانی ووڵات کە خۆی لە پەڕەمان و جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە.
چونکە ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتی هەڵبژاردن، بریتییە لە گەیشتن بە بەشداری سیاسی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا کە خۆیان لە پارت و حیزب و قەوارە و لیستی جۆراوجۆردا رێکخستووە. بەشداری سیاسی سەرجەم لایەنەکان، تا رادەیەکی باش سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوەو کەشوهەوایەکی لەبارو گونجاو بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن دێنێتە ئاراوە. لە هەمانکاتدا بەشداری سیاسی، رێگری لە قۆرخکردنی دەسەڵات دەگرێت لەلایەن کەسێکەوە یان حیزبێکەوە یا بنەماڵەیەکەوە. هەڵبژاردن دەبێتە بەربەست لەبەردەم بڕیاری تاکە کەسی کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا نییەو بەدوور نازانرێت ئەو بڕیارە تاکە کەسییە، پەشێوی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوەو ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسی و تێکدانی بواری ئابوری لێبکەوێتەوەو وڵات دووچاری قەیرانی گەورە بکات.
پێویستە بەمتمانەو لەخۆبوردنەوە كاری بۆ بكەین، ئەوەش لەبەرچاو بگرین كەئەم ڕێگایە ڕێگایەكی پڕ كێشەو دور و درێژە و ناتوانین بەسانایی پێی بگەین. گەیشتن بەئامانجە مەزنەكان تێكۆشان و متمانەو لێبڕان و ماندوو نەبوون و لەخۆبوردەیی دەوێت. هەركات بێئومێدی باڵی بەسەر جەماوەردا كێشا و متمانە بەدەنگدان و پرۆسەی دیموكراسی نەما و نەچووینە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان، ئەوا گلەیی تەنها لەخۆمان بكەین كە كەمتەرخەم بووین بەرانبەر بە بەكار نەهێنانی مافێكی ڕەوای خۆمان و ئەو هێزەی كەهەمان بوو بۆ چاكسازی و بەدیهێنانی داهاتوویەكی گەش بۆ نەوەكانمان، بەناڕاستەوخۆ خۆمان هاندەر بوین بۆ دیكتاتۆریەت و ساختەكاری و شێواندنی ئەنجامەكان.
جێگای خۆیەتی بەردەوام ئەوە لەبەرچاو بگرین كە بەدیلی هەڵبژاردن هەرهەڵبژاردنە،تەنهاڕێگایە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانە کەڵەکەبوەکان، ئەگەر ڕێگای هەڵبژاردن نەگرینەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە دەگەڕێینەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم،لێرەدا پرسیارێک بەرۆکمان دەگرێ  ئایا بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و دیموكراسیەت چارەسەرە یان تاكڕەوی و دیكتاتۆرییەت و جەنگ و نائارمی و ململانێی نەشیاو و تەخوینکردنی یەکدی و لەناوبردن و تێكدانی ئەو ئەزمونەی كەبەخوێن و تێكۆشانی دەیان ساڵە گەلەکەمان بە دیهاتووە. 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/09/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ