وتار
بۆچی ده‌نگ دان شایه‌تی دانه‌؟
فاتح سه‌نگاوی

هه‌ندێك پێیان ناخۆشه‌ بوترێت ده‌نگدان شایه‌تی دانه‌ و ده‌ڵێن ئایین به‌كار مه‌هێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و سیاسی! هه‌ڵبژاردن بۆ دونیای مرۆڤه‌ نه‌ك قیامه‌تی!!
من لێره‌دا نامه‌وێ بچمه‌ نێو ورده‌كاری شاهێدی و شاهێدی دان له‌ ئیسلامدا به‌ڵام ده‌مه‌وێ به‌كورتی وه‌ڵامی یه‌ك پرسیار بده‌مه‌وه‌ ئایا بۆ كه‌سێكی مسوڵمان و باوه‌ڕدار ئاساییه‌ ده‌نگ به‌ كه‌سێكی خراپ و نه‌شیاو بدات به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن دونیاییه‌ نه‌ك قیامه‌تی...؟!
به‌ڕێزان... راسته‌ هه‌ڵبژاردن بۆ دونیا و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌ به‌ڵام بۆ مسوڵمان و باوه‌ڕدارێك دونیا دابڕاو نیه‌ قیامه‌ت و له‌ لێپرسینه‌وه‌ی رۆژی دوایی... چۆن؟
سه‌ره‌تا ئیسلام ئاینی دونیا و دوارۆژه‌، مرۆڤ له‌سه‌ر كرده‌وه‌كانی دونیای سزا یان پاداشتی ده‌درێته‌وه‌، تۆ له‌ دونیادا هاوكاری مرۆڤ ده‌كه‌یت خوا له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ له‌ دوارۆژدا پاداشتت ده‌داته‌وه‌، تۆ له‌ دونیادا سته‌م ده‌كه‌یت خوا له‌ دوارۆژدا سزات ده‌دات، تۆ به‌یه‌ك بزه‌ و خه‌نده‌ مرۆڤێك دڵخۆش ده‌كه‌یت خوا له‌ دوارۆژدا به‌ خه‌یرو چاكه‌یه‌كت پاداشتت ده‌داته‌وه‌... به‌ سه‌دان شتی له‌م جۆره‌... كه‌واته‌ خۆش و ناخۆشكردنی دونیای مرۆڤ دابڕاو نییه‌ له‌ دوارۆژ... 
باشه‌ تۆ وه‌ك كه‌سێكی باوه‌ڕدار ده‌نگ ده‌ده‌یت به‌ كه‌سێك سبه‌ی ئه‌م كه‌سه‌ درۆزنه‌ و راستگۆ نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه‌ و به‌ڵێنه‌كانی ناباته‌ سه‌ر و له‌ئێستاشدا تۆ ده‌یناسیت و ده‌زانیت شیاو نییه‌ .... گه‌نده‌ڵی و خراپه‌كاری له‌ پۆسته‌كه‌یدا ده‌كات، دزی ده‌كات و ئه‌و موچه‌یه‌ی وه‌ری ده‌گرێت بۆ حه‌رام به‌كاری ده‌هێنێت، سبه‌ی ده‌نگ ده‌دات به‌هه‌ندێ یاسا كه‌ دژایه‌تی ئاین و ئه‌خلاق و بیروباوه‌ڕی گه‌له‌كه‌یه‌تی ، ده‌بێته‌ كۆڵه‌كه‌ی سته‌م و سته‌مكاری ... ئایا ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ تۆ ده‌نگت پێ داوه‌ و رۆڵت هه‌بووه‌ له‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ده‌رفه‌ته‌ی بۆ بڕه‌خسێت ئایا تۆ به‌شدار نیت له‌ كرده‌وه‌كانی ئه‌ودا؟ تۆ نیت شایه‌تیت بۆ داوه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ شیاوه‌؟ باشه‌ ئه‌و هه‌موو خراپه‌كارییه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات ده‌یكات و هه‌موومان باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ین به‌شی هه‌ره‌ زۆری به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ شوێنیان كه‌وتوون و جه‌ماوه‌ری ئه‌وانن و ده‌نگیان بۆ ده‌ده‌ن و پشتیان ده‌گرن و ته‌نانه‌ت خوێنی ناهه‌قیان بۆ ده‌ڕێژن!! ئایا ئه‌مه‌ش هه‌ر شتێكی دونیاییه‌ و كه‌س تێیدا تاوانبار نییه‌؟! ئه‌ی تاوانباری چییه‌؟!!
من ناڵێم بچۆ دیندارێكی ناشایسته‌ و هیچ نه‌زان هه‌ڵبژێره‌ و بیكه‌ به‌نوێنه‌ری خۆت، بچۆ شایسته‌كانیان هه‌ڵبژێره‌، نه‌شمان وتووه‌ كه‌سی شایسته‌ ته‌نها هه‌ر له‌ناو لیسته‌ ئیسلامییه‌كاندا هه‌یه‌، گه‌رچی زۆرینه‌یان به‌ رای من له‌ناو ئه‌واندایه‌، من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر تۆ ده‌نگده‌ری لیستێكیتریشی بڕیاریشت داوه‌ ده‌نگ به‌كه‌سێكی نێو ئه‌و لیسته‌ بده‌ی ئه‌وا كاتێك شایه‌تییه‌كه‌ت دروسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ له‌ ئێستادا و به‌هۆی ره‌فتاری رابردویه‌وه‌ شیاوێتی خۆی سه‌لماندبێت و تاڕاده‌یه‌ك دڵنیابیت له‌وه‌ی سبه‌ی دزی و گه‌نده‌ڵی ناكات، به‌ڵێ بۆ ناهه‌قی و بڕیارێكی دژ به‌ حوكمێكی چه‌سپاوو نه‌گۆڕی ئیسلام نادات ...
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیشت به‌هیچ ئاین و دوارۆژێكیش نییه‌، ناپاكی و نائه‌خلاقی و نانیشتمانیه‌ خه‌ڵكی نه‌شیاو هه‌ڵبژێریت و شاهێدی بۆ بده‌یت و ده‌نگی پێ بده‌یت، چونكه‌ دواجار ئه‌و كه‌سانه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی تۆ قسه‌ ده‌كه‌ن و به‌ڵێ و نه‌خێر بۆ پرۆژه‌ و یاسان ده‌كه‌ن... خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی باشیش له‌ حیزبێكی سه‌رتاپا گه‌نده‌ڵ و سته‌مكاردا بێت و ئه‌و كه‌سه‌ هیچ شتێكی نه‌كرێت و به‌ڵێ و نه‌خێره‌كانیشی كۆنترۆڵ كراوبێت ئه‌وكات چ خێرێك له‌و باشییه‌ی ئه‌ودا هه‌یه‌!! بۆچی ده‌بێت ده‌نگی پێ بدرێت له‌ كاتێكدا كه‌سی شیاوتر و ئازاد و ئازاتر هه‌بێت...
ئه‌گه‌ر دوای ئه‌م هه‌موو شته‌ به‌ده‌نگه‌كانمان به‌ڵێمان بۆ كه‌سی نه‌شیاوو ناشایسته‌كرد، ئایا هه‌ر به‌ڕاست شایه‌تییه‌كی دروستمان داوه‌؟! ئایا شایه‌تی دانی درۆی دونیایی گه‌وره‌ترین تاوان نییه‌ له‌ ئاییندا؟! ئه‌گه‌ر كه‌سه‌ گه‌نده‌ڵ و دز و حه‌رامخۆر و مافیا و ناشایسته‌كانمان كرده‌ سه‌روه‌ر و قسه‌رۆیشتووی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌و كات هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كی قیامه‌تیمان ناكه‌وێته‌سه‌ر، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هۆكار بین بۆ به‌دۆزه‌خ كردنی مرۆڤه‌كان و خه‌ڵكه‌ چه‌وساوه‌ و كه‌م ده‌رامه‌ته‌كان لێپرسراونین له‌لای خوا؟! ئه‌گه‌ر باوه‌ڕیشمان كزبێت ئایا كارێكی ره‌واو به‌رپرسیارانه‌مان كردووه‌؟!!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/09/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ