وتار
بایەخى ڕیفراندۆم بۆ ئێستا و ئایندەى کوردستانى باشوور
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

ڕیفراندۆمەکەى 25/9/2017 بە هێڵێکى جیاکەرەوەى نێوان دوو قۆناغ دادەنرێت. قۆناغى پێش ڕیفراندۆم و قۆناغى دواى ڕیفراندۆم. ئەوەش دەریدەخات ئەم کردە سەرچڵانەى گەلى باشوور لە هەندێ ڕوەوە مێژووسازە. واتە دەتوانرێ قۆناغ، یان لانى کەم، بڕگەى مێژوویی پێ جیابکرێتەوە. وەک پێوەرێکیش بۆ هەڵسەنگاندنى قۆناغە مێژوویەکە و هێز و تەوژمەکان و سیاسیەتى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیش بەکاربهێنرێت چونکە خۆى لە خۆیدا ڕووداوێکى مێژوویی بوو، لە ساتەوەختێکى دیاریکراودا، رۆحى مرۆڤى کورد و پانتایی خەونەکانى گەورەکرد. گەرچی لەڕووى تاکتیکییەوە ئاسەوارى خراپیشى لێ کەوتەوە . بەڵام بە بڕواى ئێمە، زۆربەى هەرە زۆرى ئاسەوارە نەرێنیەکان، پێش ئەوەى پەیوەندیان بە خودى کردەى ڕیفراندۆمەکەوە هەبێت، پەیوەندییان بە نائامادەگى سیاسى ناوخۆیی و مانۆڕەکەى (16)ى ئۆکتۆبەرەوە هەبوو، کە بەتەواوى مانا و پڕاو پڕى وشە، بە کارەساتێکى نەتەوەیی لە قەڵەم دەدرێت.

ڕیفراندۆم و سەربەخۆیکردن بە بابەتێکى بیرلێکراوەى ناوەندە بڕیار بە دەستەکان

ڕەنگە خەڵکانێک لە سۆنگەى بێزاریان لە واقیعى هەرێم و دەرکەوتەکانى گەندەڵى و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵاتەوە، یاخود لە سۆنگەى گریێ دەروونی و بوغز و کینەى حیزبیەوە، پێیان وابێت. ئەوەى ئەنجامدرا، جگە لە چەند دیمەنێکى شانۆگەریەکى بێ هوددە هیچى تر نەبوو!!
ئەمەش بۆ بەشێ لە خەڵکى ئاسایی قابیلى تێگەیشتنە. چونکە لە ڕێگەى ئەوەى دەبینێت و دەیبیستێت، هەڵسەنگاندن و داوەرى بۆ ڕووداو پێشهاتەکان دەکات، هەستى بریندار و پڕوپاگەندەى حیزبیش، هێندەى تر تواناى بیرکردنەوەى هاوسەنگیان لێ زەوت دەکات. 
ئەگەر ئەو کێشەیەش نوخبەى حیزبى و فیکرى و سیاسى کۆمەڵگەى نەگرتایەتەوە، ڕەنگە مەسەلەکە ئاسانتر چارەسەر بکرایە و ئاسەوارى نەرێنى کەمتر بوایە. ئەوەى وا لە نوخبەش دەکات ئاگر بە دڵ و دەروونى مرۆڤى تاساودا بکات 
جگە لە ململانێ، بەڵکو یەکتر بەنەفرەتکردنى حیزبی، سنورداریی خەیاڵدانى سیاسیە. چونکە خەیاڵدانى سنوردار، هەموو دەرفەتێکى داهێنان و نوێبوونەوە و دوور ئەندێشى لە مرۆڤ دەسێنێتەوە. ڕێگا لەوە دەگرێت ڕەهەندە مێژوویی و هەنووکەیی و ئایندە ییەکانى کردەیەک یاخودڕووداوێک، لە کۆیەکى یەکتر تەواوکەردا ببینێت و هەر لەوێشەوە تێیبگات. ئەوەش پەتاى شرۆڤەى تاک ڕەهەندانەى بەدواوە دێت. هەلڕبەت بۆ مرۆڤى ئاسایی و لە پەیوەندى بە ژیانى تایبەتى خۆیەوە، واتە لە بوارى پەرەپێدانى مرۆییدا، زۆر گرنگە لە ئێستادا بژیت، بۆ ئەوەى لە ئەسارەت و زیندانى ڕابردوو بێتە دەرەوە، بەڵام بۆ نوخبە گەرچى لە هەندێ ڕوەوە نەتەوایەتى هەمان میکانیزمى لێ دەخوازێت، دەبیت لەسەر حسابى شێواندنى هوشیارى مێژوویی و لە کاتى شرۆڤە و داوەرى سیاسیدا نەبیت. چونکە ناسینى ڕەگە مێژوویەکانى ڕووداووپرسێک، دبیتە هوى جوانتر ناسینی حەقیقەتی لەئێستاو ئایندەەدا.بەڵام با هەندێ واز لەم قسەلۆژیک ئاساییانە بێنین و بڵێین ئەوەى ناهێڵێ جوان لە ساتەوەختى ڕیفراندۆم تێبگەین چ جاى ئەوەى وەبەرهێنانى سیاسى بۆ ئایندە تێدا بکەین، جگە لەو لەو هۆکارانەى سەرەوە، بۆ هەندآ کەس گرنگ نەبوونى سەربەخۆییە! بۆ هەندێکى تریشیان ئەوەیە ناتوانن وەک پرسێکى نیشتیمانى و نەتەوەیی لێ ى بڕوانن،

ئەوەى بیرکردنەوەو دیدگایان لەم روەوە دادەڕێژێت، یەکسانکردنى پرۆسەکەیە بە سەرکردە و حیزبێکى دیاریکراو. دیارە ئەگەر ئەو مەسەلە لە سەرەتاوە بەو جۆرەش بێت، وە ڕەخنەکانیش لەمەڕ شپرزیی دۆخى ناوخۆ لە جێ ى خۆیاندا بن، کە لە جێ ى خۆیاندان و دوایش هەر ئەم هۆکارە ناوخۆییە دووچارى زەربەیەکى سیاسى و دەروونیی گەورەى کردین، دواى بەشدارى زۆرینەى هاوڵاتیان لە پرۆسەکەدا و دەنگدانى (93%)یان بە بەڵآ بۆ سەربەخۆیی، بە خودى سەرکردەی حیزبە سیاسیەکانیشەوە، پرسەکە چووە قۆناغێکى نوێوە. ئەوەى لە دواى ئەم پێشەکیە و لەم بەشەدا دەخوازین بیڵێین ورەنگەنە کەمتر ئاماژەى پیکرابیت ئەوەیە کە لە دواى ڕیفراندۆمە نافەرمیەکەى (2005)ەوە کە بزوتنەوەى ڕاپرسى (ڕیفراندۆم) لە کوردستان ئەنجامیدا و ئێمەش شەرەفى بەشداربوونمان تیایدا هەبوو، بەهۆى ڕیفراندۆمەکەى (2592017)ەوە، خواستى سەربەخۆیی گەلى کوردستانى باشوور، بە زمانى فەلسەفە، بوو بە بەشێک لە بیرلێکراوەکانى سیاسەتمەدار و نێوەندە سیاسیە نێوخۆیی و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتیەکە،. واتە ئەگەر لەپێش ئەو ساتە مێژووییەوە، دۆخى عێراق و ناوچەکە و کوردستان بە هەر شێوازێک بگۆڕایە، بۆ نمونە عێراق بەرەو داڕووخانێکى ترسناک بچوایە، یاخود لە ئاستێکى مەترسیداردا پەلامارى کوردستان و گەلەکەى بدرایە ، سەربەخۆیی لە دەرەوەى چوارچێوەى بیرکردنەوەى سیاسەتمەدارە بڕیار بەدەستەکانى
دنیادا نەدەبووە بژاردەیەکى بیرى لێ کراوە. یاخود ئەگەر بیریشى لێبکرایەتەوە، بەو جۆرەى ئێستا نەدەبوو، چونکە دەبووە یەکەم باسکردنوو وروژاندنی پرسەکەوئەوپیشخانەى ئیستاى نەدەبوو.بەئەنجامدانى ریفراندوم

سەربەخۆخوازیی کوردچووە ناو مێژوو روژبەروژیش کەلڕەکەبوونى بۆ دروست دەبێت. ئەم ڕاستیە ش گرنگە، بۆ ئەوەى وا نەزانرێ هیچ دەستکەوتێکمان لە ڕیفراندۆمدا نەبووە. تەنها بەهۆى ئەوەى سەربەخۆیی لێ نەکەوتەوە و بە ئامانجەکانى نەگەیشت. چەنکە ئەگەر شکستى ڕیفراندۆم بکەین بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن و داوەریکەکردن لە بارەیەوە دەبێت، شۆڕش و ڕاپەڕینە کوردییەکان هەر لە شێخ مەحمودەوە تاکو نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو، بەبێ هودە لە قەڵەم بدەین لەبەرئەوەى هیچکام لەوان بەئامانج نەگەیشتن. . 
ئەوەى ڕیفراندۆم کردى، نیشاندانى ئیرادەى ڕاستەقینەى کورد و گەلى کوردستان بوو بە دنیا. ئیرادەیەک کە لە ساتە وەختێکى مێژوویی دیاریکراودا، چێژ لە (نا) وتنێکى ئەخلاقى و ویژدانى و سیاسیی دەبینێت و لە قوڵاییەوە هەست بە بوونى خۆى دەکات. لەسەر ئەو بناغەى ئەویش هەوڵى ڕۆڵبینین و ئایندەیەکى جیاوازتربوخوى دەدات. وێنا لەخۆنیشاندانى کوردى باشوور، وەک بوونێکى خاوەن ماف و ئیرادە و ڕا، ئەگەر خاوەندارى لێبکرێت و لە ساتەوەختە ئابڕووبەرەکەى (16)ى ئۆکتۆبەردا کە ڕەمزى شکست و بآ ئیرادەیی و لاوازیی ناسیۆنالیزمى کوردى لە باشوور بوو، ڕیفراندۆم و سەرنەگرتنى خوواستی سەربەخویى بەدواداهاتنى دوخیکی نەخوازراو، یەکسان نیە بە کۆتاییهاتنى خەونى سەربەخۆیی، ڕیفراندۆمیش بۆ یەک جار نیە و کۆتایی بێت، بەڵکو میکانیزم و شێوازێکە دەکرێت چەندین جار دووبارە بکرێتەوە، چونکە ئەوەى کاروانى سەربەخۆیی دەگەیەنێت بە مەنزڵ، مکوڕىو نەفەسدرێژى بەو ئیرادەى بەهێزودەرفەتقوستنەوەیە.

ڕیفراندۆم و جەنگى دژ بە داعش

هەموومان دەزانین جەنگى دژ بە داعش هۆکارێکى گرنگى ڕیفراندۆم بوو، گەرچى هەر لە (2014)ەوە سەرەتاى ئیرادەیەک بۆ ڕیفراندۆم و ئەنجامدانى هەستى پێ دەکرا، کە لە بەرەنجامى کێشە کەڵەکە بووەکانى نێوان هەولێر و بەغدادا هاتنە کایەوە. دۆخى شەڕى ناوخۆى شیعە و سوننە لە عێراق و داڕووخانى دۆخى ئەمنى و قورسیى تەرازووى هاوکێشەکان بەلاى کوردا، دۆخەکەى سەبارەت بە هەرێم بردبووە ئاستێک کە بە سەرو فیدراڵى و خوار سەربەخۆیی وەسفدەکرا. جەنگى داعش و هەڵاتنى یەکەکانى سوپاى عێراق لە ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى هەرێم، بەرگرى پێشمەرگە بۆ ئەوەى شارەکان داگیر نەکرێن ، تەنانەت هاتنە سەر هێڵى ئۆباما بۆ گورز وەشاندنى سەربازى لە داعش ، بە کردەوە نزیکەى تێکڕاى سنورى باشورى کوردستانى خستە ژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگەوە. بەڵام بڕیار بەدەستانى بەغدا ئەمەیان بە ئاسانى پێ قوت نە دەچوو، بۆیە هەر لە کاتى شەڕەکەوە ناو بە ناو هەڕەشەى ئەوەیان دەکرد، ناهێڵن کورد بەرهەمى شەڕى داعش بچێنێتەوە.
مەبەستمە بڵێم ، ڕیفراندۆم سەبارەت بەناوچەکوردستانیەکانى دەروەى هەریم بەجۆرێ لە جۆرەکان پیادەکردنێکى میللى و سیاسیانەى ماددەى (140) بوو، وێنەگرتنى واقیعى دیموگرافى و سیاسى ناوچەکە بوو، پێش ئەوەى حەشدى شەعبى بیخاتە ژێر کۆنترۆڵى خۆیەوە و دووبارە هەوڵى گۆڕینى دیمۆگرافى و بە کەمینەکردنى کورد بدرێت. هەڵبەت ئەوەراستە کە روداوەکانى شانزەى ئوکتوبەر بوون بەهۆى ئەوەى هەموو ئەو ناوچانە لە دەست کورد بچن. ئەمە ڕاستە، بەڵام لەگەڵ ئەم سەرەنجانەى خوارەوە:
1- هەروەک وتمان ئەو واقیعە هێندەى پەیوەستبوو بە دەرهاویشتەکانى 16ى کاراکتەرە دروستکەرەکانى و جۆرى ئیدارەدانى ڕیفراندوم، پەیوەندى بە خودى ڕیفراندۆمەوە نەبوو.چونکە گەرچى نەماندەتوانى بگەین بە سەربەخۆیی بەڵام هەنگاوێکى تر لێ ى نزیک دە بووینەوەو ڕێگاشمان لەو شەرمەزارییە نەتەوەیی یەدەگرت کەرویداو دەمانتوانى بە ڕێکەوتن هێزەکانى عیراق بگەڕێنەوە ناوچەکەو بەهاوبەشى لەگەل هیزەکانى پیشمەرگەلەم قوناغەشدا ناوچەکان بەریوە ببرین. 
2- ئەو لێکدانەوە چاو لە فەلسەفەى بوونى ملیشیاکانى حەشدى شەعبى لەسەروبەندى دەستپێکردنى جەنگ دژى داعش و ڕەنگدانەوەکانى بەسەر مللانێکانى کورد و بەغدا دەپۆشێ، چونکەبوونى ئەم میلیشیایایانە واقیعێکى نوێ ى هێنابووە کایەوە، بە کورتى، هاوکێشەکە دواى جەنگى داعش سەبارەت بە زۆرینەى مەزهەبیی لە عێراقدا لەوەدا خۆى دەبینینەوە، کە دواى تێکشکاندنى سوننە و کردنە دەرەوەى لە هاوکێشەکاندا، دەبیت سنوربوکوردیش دابنریت چونکە لە سایەى شکستى سوننەدا پاساوى هاوپەیمانى کورد و شیعە لاواز بووبوو، جگە لەوەى لەروانگەى ئەوانەوەکورد تەمێکردنێکیشى دەخواست.!! بۆ ئەوەى لەبەردەم ستراتیژە نوێیە عێراقى و ناوچەییەکاندا، نەبێتە بەربەست و بخرێتەوە ئەو قاڵبەى ئەوان دەیخوازن.
3- بەدەر لە ڕیفراندۆمیش دۆخەکە بەو جۆرە نەدەبوو کە هەندآ وێناى دەکەن. چونکە کورد دەبوایە واز لە خواستى دیایریکردنى سنوور بێنت و هێزە عێراقیەکان و لەنیوانیشیاندا حەشدى شەعبى، بێنەوە ناوچەکە . جگەتەوەش لە باڵادەستى کورد لە شارەکەدا بآ دەنگ نەدەبوون.. چونکە کۆتایی داعش بەلاى ئەوانەوە، یەکسان بوو بە سنووردارکردنى تواناکانى کورد و دووبارە گێڕانەوەى بۆ سنوورەکانى ناوخۆى هەرێم و ڕێگرتن لە گەورەبوونى خەونەکانى.
4- ڕاستە ئێمە کەرکوک و زۆر ناوچەى ترمان لە دەستدا، ئەوەش زیانێکى گەورەیە، بەڵام دیمەنەکە هەر ئەو ڕووەى نیە،بەلڕکو ئەگەر لە ڕوویەکى ترەوە سەیرى بکەین، سەرەڕاى زیانەکان ئەگەر خۆمان هەبین، دەتوانین دۆسێ ى کەرکوک و قەلەمڕەوەکانى ماددەى (140)، لەو چەقبەستوویە بێنێتە دەرەوە کە چەندین ساڵە تیایدان. واتە مەسەلەى کەرکوک و ناوچەکانى تر چیتر بۆ زەمەن و ئیرادەى بەرامبەر و ماددەیەکى جآبەجێنەکراوولاى هەندێکیش بەسەرچوو، بەجێنەهێڵرێت. بە بەڵکو بخرێتە ڕۆژەڤى سیاسەتى کوردى و عێراقیەوە. تەنانەت بەهەمان شێوەى جاران پێشمەرگە نەگەر بێتەوە بۆ ناوچەکە. بەو سارد و سڕیەى جارانیشو مامەڵە لەگەڵ دەرهاویشتەکانى واقیعى داسەپاوى ئێستا نەکرێت. بە کورتى ڕیفراندۆم کێشەى کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى کردۆتەوە بە کێشە، دەرفەتێکى ترى بۆ بەجددى مامەڵەکردنى لەگەلڕ ئەم پرسە داهێناوەتەوەگۆڕی، هەر لەم پەیوەندیەشدا نابێت ڕۆڵى دەرهاویشتەکانى ڕیفراندۆم لە لاوازکردنى زیاترى عێراق و قوڵکردنەوەى کێشەکانى فەرامۆشبکەین.چونکە دەستبردن بۆ هێز بەرامبەر بە کورد و، پێش ئەویش دەرکردنى زنجیرە بڕیارێکى دوژمنکارانە بەرامبەر بە هەرێم و چاوبڕینە ژێرە و ژەبەرەکردنى ئەزموونى ئەزموونەکەى و گێڕانەوەى دۆخەکە بۆ جارى جاران، بزمارێکى بەهێز بوو لە تابووتى دەوڵەتى شکستخواردووى عێراق درا. پایەکانى ڕەوایەتى عێراقى نوآ ى هیندەیتر بەلەرزە خست، تەنانەت شەڕ و ناکۆکى بردە نێوخودى ماڵى شیعەکانەوە. بەو واتایەى ڕەوایەتى جەنگ دژ بە کورد زۆر بڕى نەکرد و هەڵبژاردنەکانیش بونەە پوازێکى تر لە رەختى گەندەڵى عێراق و سزادانى بەشآ لەوکەسو هیزانەى لە پشت دەرکردنى بڕیارەکان و هێرشە سەبازییەکەوە بوون. بۆ مێژووش وپێشتریش وتوومە و دوژمنایەتى کردنى کورد باجى هەیە، گەردوون لە ڕێسا و ئەخلاق چۆڵ نیە. ئەگەر ڕووخانى ڕژێمى بەعس ڕەگە قوڵەکانى لە ڕێکەوتننامەى جەزائیردا بێت، ئەوا لەشکرکێشى بۆ سەرباشورى کوردستان دواى ڕیفراندۆم، ڕەنگدانەوەى بەسەر گۆڕینى هاوکێشەکانى ئایندە و تەنانەت هەندآ ڕژێمیناوچەکەشەوە دەبێت.

ئاودانى و درەختى سەربەخۆخوازى

زۆرجار دەوترێت کورد لەوەتى هەیە، بە تایبەتى لە سەدەى بیستەمدا، هەوڵى بۆ سەربەخۆیی داوە. ئەمەش ئەگەر لە ڕوویەکەوە هەندێ ڕاستى تێدابێت و ببەسترێتەوە بە هەستى چەپینراوى ناو ناخ و دەروونى مرۆڤى کوردەوە، لە ڕوویەکى ترەوە و لە پەیوەست بە بزوتنەوەى ناسیۆنالیستى کوردەوە ڕاست نیە. چونکە سەربەخۆیی لە چلەکانى سەدەى ڕابردوەوە، وەک دروشمێکى ناوەندى نەما و لە ژێر کاریگەرى ئایدۆلۆژیاى چەپدا، ئۆتۆنۆمى و تەنانەت هەندێ جار لامەرکەزیش جێگاى گرتەوە!! ئەمەش کارێکى کرد، بزوتنەوەى کوردایەتى لەم بارەوە نەبێتە خاوەن ئەزموونێکى کەڵەکەبوو. سەربەخۆخوازیش نەبێتە کەرەسەیەکى ئاراستەکردنى فکریی و پێگەیاندنى سیاسى و دروشمێک جەماوەر بە دەوریدا کۆببینەوە. خۆ ئەگەر هەر لە سەرەتاشەوە کورد هەڵگرى دروشمى سەربەخۆخوازیی بۆیە، لەوە زیاترى بەسەردا نەدەهات، کە بەسەریدا هات، هەنگاوەکانیش لە ئێستادا سەبارەت بە ناوخۆ و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش ئاسانتر دەبوو. 
بۆیە ئەوەى لە دواى ڕیفراندۆمەوە دەستپێدەکات، نائومێد بوون نیە لە سەربەخۆیی، بەڵکو دەستێکردنى قۆناغى سەربەخۆخوازیە. ئەوەى ڕوویدا دیمەنى کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو، بەڵکو سەرەتاىدەستپیکردنى بوو. ڕیفراندۆم و دەرهاویشتەکانى زیاتر فێرى ئەوەى کردین گرەوکردن لەسەر عێراق، گرەو کردنە لەسەر خاکآ کە ئاسان نیە ببێت بە نیشتیمان. گرەوکردنە لەسەر چوارچێوەیەک، هەر زەمەنە و پێکهاتەیەک لە پێکهاتەکانى تیایدا قڕ دەکرێت. بەڵام سەربەخوخوازیش خاوەندارێتى و لێپرسراو لە ئەستۆگرتنى نەتەوەیی دەوێت. نەک وەک هەندێک، لەگەلڕ ئەوەى دەنگى بەڵێیان دابوو، دواى ئەوەى کە ڕوویدا، جۆرێ لە پاکانەیان بۆ هەڵوێستەکەى خۆیان دەکرد و هێرشیان دەکردە سەر ئەوانەى پشتیوانى پرۆسەکە بوون! ئەوەى لێرەشدا گرنگە ئەوەیە شەرمنانە باس لە سەربەخۆیی نەکرێت. هێزى سیاسى هەبێت بە ڕوون و ئاشکرا سەربەخۆیی بکاتە ستراتیژ و گوتارى خۆى. لەسەر ئاستى میدیا و فەرهەنگ و هۆشیاریشەوە کارى لەسەر بکرێت. ساڵانە یادى (2592017)ش بکرێتەوە. وەک ئاماژەیەک بۆدەرکەوتنى ئیرادەیەکى نوآ لە کوردستان و بەرزبوونەوەى سەقفى داواکارى کورد لە فیدرالیزمەوە بۆ سەربەخۆیی .

ڕیفراندۆم و ڕوونکردنەوەى وێناکان و دەوڵەمەندکردنى ئەزموونەکان

ڕیفراندۆم لەم ڕوانەشەوە دەتوانێت خزمەتى زۆرمان بکات. کاتێ لە چاوپێکەوتنێ کەناڵێکى تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەم بەمەبابەتە کرد، پێشکەشکارەکە سەرى سوڕما، وتى دەوڵەمەندکردنى ئەزموون؟!منیش وتم بەڵێ ڕێک و ڕەوان دەوڵەمەندکردنى ئەزموونم مەبەستە. مەبەستمان لەم پرسەش ئەم خاڵانەى خوارەوەیە:
1- سەبارەت بە ناوخۆ ڕیفراندۆم کارێکى کرد واقیعى نەخوازراوى خۆمان پێ ڕتووش و ماسک و وەک ئەوەى هەیە و بە هەموو پیسى و ناشرینیەکانیەوە ببینین. ئەوە زیاتر ڕوونبۆوە کە کینە و دوژمنایەتى مێژوویی نێوان دوو باڵى قوتابخانەى تەقلیدى بیرى کوردایەتى، لە چ ئاستێکى ترسناکدایە. بە جۆرێک لە ناسکترین ساتەوەختى مێژوویی گەلى باشووردا، بآێباکانە، لەم ڕوانگەوە لەدەلاقەى تەپ و تۆزاوى و بچووکەوە سەیرى دنیا و نەتەوە و چارەنووس و ئایندە و چاوەڕوانیی ملیۆنان کورد و کوردستانیی لە جیهاندا بکات!! 
نابێت لەم واقیعە ڕابکەین و بترسین، بەڵکو دەبێت وەک پێشووتر پەردەپۆش نەکرێت و دانى پێدا بنرێت و هەوڵى کۆتایی پیهێنانى بدرێت.
چونکە لەگەڵ مانەوەى دوخەکە بەو جۆرەى ئێستا ، لەهەردەرفەتیکی هەلکەوتوو لەئایندەشدا گرەو لەسەر ناوخۆ ناکرێت. هەر لێرەشەوە یەکێ لە پێوەرەکانى ڕاستگۆیی و جددى بوون لەگەڵ بە زیندوویی هێشتنەوەى روحیەتى سەربەخۆخوازانە و خاوەندارێتى لێکردنى سیاسى لێ ى، پەیوەستە بە هەوڵدانى ڕاستەقینە بۆ سنوور دانان بۆ گەندەڵى سیاسى و ئابوورى و بە دامەزراوەیکردنى هێزەکان و دام و دەزگاکانى حکومەت و ئەنجامدانى چاکسازیی و کۆتاییهێنان بە پاشماوەکانى دابەشبوون وپاشماوەى شەری ناوخوو سەروەرى یاسا و دابینکردنى ئاستێکى ماقول لە خۆشگوزەرانى . چونکە ئەم دۆخە شپرز و دابەشبووەى ئێستا وا دەکات ڕەگەزەکانى هێز و تواناى دەستپێشخەرى و قۆستنەوەى دەرفەتەکان لەدەست بدەین. 
2- ڕیفراندۆم لە جاران زیاتر جۆرى بیرکردنەوەى سەرکردە و وڵاتانى ناوچەکە و دەوروبەرمانى بۆ خستینەڕوو. ڕەنگە پێشتر هەڵسەنگاندنمان لە هەندێ ڕوەوە بەم جۆرەى ئێستا نەبووبێت. هەڵبەت ئەمە نەک بۆ خۆترساندن و دەستشتن لە بیرۆکە و خواستى سەربەخۆیی، بەڵکو بۆ ئەوەى لە داهاتوودا بەرچاو ڕوونتر بین و بزانین چۆن هەنگاو دەنێین و هەڵەمان لەو ڕوەوە لە کوێدا بووە، بۆ ئەوەى دووبارەى نەکەینەوە. هەموو ئەمەبەدەر لەوەى کە ڕەنگە لەم ئاستەدا گۆڕانکارى گرنگ ڕووبدەن و دەرفەتى نوێ بخەنە بەردەممان، بەشێ لە هەلڕەی ڕیفراندۆمەکەى (2592017)ش لەوەدا بوو، کە پێمان وابوو دەتوانین بێ هەماهەنگى پێش وەختە لانى کەم لەگەڵ پایتەختێکى هەرێمایەتى ، دیفاکتۆیەک بسەپێنین و هەمموان ناچاربە مامەڵەکردن لەگەڵیدا بکەین. 
3- هەمان ئەو شتەى لە خاڵى دووەمدا ئاماژەمان پێکرد بۆ وڵاتە زلهێزەکانى وەک ئەمریکا و ئەوروپاش ڕاستە. 
لە ئێستادادەبیت وێنایەکى تەواوترو ڕوونترمان دەربارەى ئەوان وجوری بیرکرنەوەىسیاسیان لاگە بووبیت، ناڕاستى بەشێ لە شرۆڤە و تێگەیشتنەکانى خۆشمان بۆ دەرکەوتبیت،کە ڕەنگە گرەومان لەسەر هەندآ بەڵێن و ئەگەر و خوێندنەوە و پەیوەندى کردبێت وهەستمان کردبێت، گرەوکردنەکە لە شوێنى خۆیدا نەبووە و هەندآ دیوى دروستکردنى بڕیارمان لەو وڵاتانەدا لا ڕووننەبووە. هەر لەوێشەوە بۆمان ڕوونبۆتەوە کە تا کەى دەتوانین پشت بە ڕاوێژى هەندێ ڕاوێژکارى بیانى لە کوردستان ببەستین. ئەمەش دیسان نەک بۆ ئەوەى وا بزانین ئەم هەڵوێستانە جەوهەرێکى نەگۆڕیان هەیەو هیچ دەرەتانێکیان بۆ هەناسەدانى سەربەخۆخوازانە لە ئایندەدا نەهێشتۆتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەى کارکردنمان لەسەر سەربەخۆیی لە پەیوەندى بەوانەوە عەقڵانى تر و بەرنامە بربو داڕێژراوتر و بەرچاو ڕونانەتر بێت. 
4- ڕیفراندۆم و ئەو کاردانەوانەى لەناوخۆى عێراق بەدواى خۆیدا هێنای، قوڵایی بیرکردنەوەى ئەو نوخبە حوکمڕانەى عێراقى زیاتربو دەرخستین،کە لە دواى (2003)ەوە جڵەوى دەسەڵاتى بەدەستەوەیە. ئەو هێزانەى لەسەر سزادانى زۆرترمان پێشبڕکێیان بوو!! ئەوەشى بۆ دووپاتکردینەوە کە کێشەى ئێمە لە گەڵ خودی قەوارەى عێراقدایەبەدەر لەناسنامەى فیکری و سیاسى نوخبەی دەسەلاتدار .. لە کۆتاییدا حەزدەکەم ئاماژە بە وتەى بیرمەندێکى خۆرئاوایی بکەم کە دەڵێ:
"گەمژەییە بۆ گەلێک لە وڵاتێکدا جینۆساید کرابێت و ئایندەى خۆى لەو وڵاتەدا ببینێتەوە."
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
29/09/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ