وتار
خەسڵەتەکانى ژنى کورد لەبەر ڕۆشنایى ئەرشیفێکى دەگمەندا
پێشەوا شێخ ڕەئوف



  بێگومان هەر نەتەوەیەک خاوەنى کۆمەڵێک داب و نەریتى تایبەت بەخۆیەتى، جا هەندێ لە نەریتەکان لەگەڵ دنیاى پێشکەوتووى ئەمڕۆدا یەکناگرنەوەو بەداب و نەریتێکى خراپ هەژماردەکرێ. هەندێکى تریشیان نەریتى جوان و باشن و بۆ نەتەوەکەیان بووە بەشانازى و پارێزگارى لێ دەکەن.
نەتەوەى کوردیش وەکو هەر نەتەوەیەکى تر لەکۆنەوە تاکو ئێستا خاوەنى چەندین داب و نەریتى کۆمەڵایەتى تایبەت بەخۆیەتى، بەهەمان شێوەى نەتەوەکانى ترى جیهان هەندێ لەنەریتەکان خراپن و شایەنى ئەوە نیین پارێزگارییان لێ بکرێت و بەردەوامى پێ بدرێت، بەپێچەوانەشەوە چەندین نەریتى کۆمەڵایەتى هەن کە نەریت و دابى باش و جوانن کە دەکرێ کۆمەڵگەو تاکى کورد پارێزگارییان لێ بکات و شانازیشیان پێوەبکات.
ئەوەى لێرەدا مەبەستمە باسى لێوە بکەم، پایەو ڕێزى ژن و مێیینەیە لەلاى نەتەوەى کورد لەسەردەمێکى دیاریکراودا، ئەویش لەژێر ڕۆشنایى دەستنوسێکى بەنرخى "مەلا مەحمودى بایەزیدى" کە لەدایکبووى ساڵى 1797 و زمانناس و زانایەکى ئاینى گەورەو خوێنەوارى سەردەمەکەى خۆى بووە. مێژووى دەستنووسەکەى مەلا مەحموودى بایەزیدى کە بەناوى "داب و نەریتى کوردەکان" نوسیوێتى دەگەڕێتەوە بۆ (163)  ساڵ لەمەوبەر کە بەشێوەزارى کرمانجى ژوورو نوسیوێتى و دواتر (ئەلیکساندەر ژابا) کونسوڵى ڕوسیا لەئەرزرووم لەمەلا مەحمودى وەردەگیرێت و لە نامەخانەى (سالیکۆف شیدرین) لەڕوسیا پاراستوویەتى و پاشان وەرگێڕدراوە بۆ زمانى فەڕەنسى. دواترو لەساڵى 1963 خاتوو "ڕۆدینگۆ" وەرى گێڕاوەتە سەر زمانى ڕوسى. دکتۆر شوکرییە ڕەسوڵیشَ لەڕووسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى شێوەزارى کرمانجى خواروو "سۆرانى"و لەساڵى 1982دا بەچاپى گەیاندووە.
لەم کتێبە بەنرخەدا مەلا مەحموودى بایەزیدى تیشکى خستووەتە سەر زۆر لایەنى کۆمەڵایەتى و داب و نەریتى کوردەکان و لەهەندێ جێگەدا زۆر بەوردى لایەنە کۆمەڵایەتییەکان ڕوون دەکاتەوەو نەریتى خێزان و بنەماڵەو خێڵ و هۆزى نەتەوەى کورد باسدەکات. ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکى گرنگ بۆئەوەى شارەزاى نەریتى کۆمەڵایەتى کورد ببین لەسەدەکانى پێشوو بەتایبەتى ئەوسەردەمەکەى کە مەلا مەحموود دەستنووسەکەى نوسیووە، ژیان و شارستانێتى وەکو ئێستا پێشکەوتوو نەبووەو مرۆڤ ژیانێکى ئاسایى بردووەتە سەر. بۆیە لەڕووى کۆمەڵایەتیشەوە هەم کورد و هەم نەتەوەکانى تر سیستەمى خێڵایەتى لەناویاندا باوبووە، بەڵام دەبینین ژنان لەهەندێ لایەنەوە لەئێستا زیاتر ڕێزیان لێگیراوەو ڕۆڵ و کاریگەرییان لەکۆمەڵگەدا زیاتر بووە. 
ئەوەى لەو کتێبەدا تیشکى دەخەینە سەر، باسکردنى ژن و ڕۆڵ و کاریگەرى ژنە لەناو کۆمەڵگەى کوردەواریدا، دەبینین لەو سەردەمەدا زۆر زیاتر لەئێستا ڕێز لە ژنان گیراوەو ڕێزو پایەو گەورەیى خۆیان هەبووەو ڕۆڵیان لەناو کۆمەڵگەدا دیارو بەرچاو و گەورەبووە.
مەلا مەحموودى بایەزیدى لەباسى شەڕو دوژمندارى و ئاشتەواییدا، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵى ژنان لە نەهێشتنى شەڕو ئاژاوەو دروستبوونى ئاشتەواییدا، بەشێوەیەک ژن لەناو کۆمەڵگەى کوردەواری لەوسەردەمەدا لەئاستى مەلاو شێخ و گەورە پیاواندا بووەو گوێى لێگیراوەو قسەى ڕەت نەکراوە، لەوبارەیەوە دەڵێت (زۆرجار ژن و مەلا یاخود شێخەکان دەکەونە نێوانیان و کوردەکان لەگەڵیان ڕێک دەکەون و پەیمان دەدەن کە دوژمنەکەیان نەکوژن، هەربۆیە دەبینین کوردەکان زۆر ڕێزى ژن و پیاوە ئاینییەکان دەگرن. ئەم سێ بەرەیە، "ژن و مەلا و شێخ" هەر تکایە بکەن بێ هیوا نابن، زۆرجار دوو تیرە لەمەیداندا دەکەونە شەڕ، هەردوولا بەیەکدا دێن و لەیەکترى دەکوژن و خوێن دەڕێژن، هەر کە ژنێ هات و سەرپۆشى خۆى لەنێوانیاندا ڕاخست، هەردوولا پێکدێنەوە).
هەر لەباسى ڕۆڵى ژنان لە نەهێشتنى شەڕو پێکهێنانەوەو ئاشتەواییدا نووسەر باس لەوە دەکات کە لەکاتى شەڕدا هیچ کەس دەست بۆ ژنان نابەن و ڕێزو جێگەى تایبەتییان هەیە، بەڵکو لەلایەن شەڕکەرانەوە ژنان پارێزگارییان لێدەکرێت. هەروەکو دەڵێت (بەڵام ژنەکورد لەم شەڕەدا ئازادن دەستییان بۆ درێژ ناکرى َو هیچ کاتێک شەڕ لەگەڵ ژندا ناکەن و پارێزگارى لەشەرەفى ژن دەکەن. ئەگەر ژنێ چووە نێوانیان و داواى وەستانى شەڕ و کوشتن بکات ئەوە داواکەى پەسەند ئەکرێ و دەستبەردارى شەڕ دەبن). 
هەر لەدرێژەى باسکردنى لەڕەوشى ژنان لەکاتى جەنگ و شەڕەکاندا ئاماژە بەوەدەکات کە ژنان بەئازادى دێن و دەچن و هیچ لایەنێک لەشەڕکەرەکان دەستیان بۆ نابەن. لەوبارەیەوە دەنووسێت (تەنها ژن نەبێت لەناو گوندەکاندا بەسەربەستى دەگەڕێ و دەچێتە ماڵى ئافرەتانى تر، کەسیش ئەمانە ناکوژن). 
لەشوێنێکى تردا مەلا مەحموودى بایەزیدى تیشک دەخاتە سەر هەندێ داب و نەریتى ترى کۆمەڵایەتى لەناو کوردداو باس لەوەدەکات کە دڵپیسى لەلاى پیاوانى کورد نییەو ژنان بەئازادى لەناو کۆڕو مەجلیسەکاندا دادەنیشن و قسە دەکەن. لەوبارەیەوە دەڵێت (لاى تیرە کوردەکان دڵپیسى و بەدگومانى نییە بۆ نموونە: ژنى جوانى گەنجیان لەگەڵ پیاواندا دادەنیشن و قسە دەکەن و پێ دەکەنن بێ ئەوەى مێردەکانیان دڵیان لێ پیس بکات و گومانیان لێ بکات). 
لەتەوەرێکى تردا نووسەر باس لەزیرەکى و لێهاتوویى ژنى کورد دەکات و بەدڵسۆزو زیرەکتریان لەپیاوان دائەنێت، لەوبارەیەوە دەنووسێت (ژنى کورد زیاتر لەپیاوى کورد بەهۆش و زیرەک و وریان زۆر دڵسۆزن، ڕێزى غەریبان دەگرن و پارێزگارییان لێدەکەن. بەهەموو شتێک ڕازى نیین و دڵفراوانن. هەر ئەمانەن لەماڵەوە هەموو کاروبارێک دەکەن و هەموو شتێک وەردەگرن بێ ئەوەى پرس بەمێردەکانیان بکەن).
لەپەرەگرافەکانى کۆتایى نووسینەکەشیدا، مەلا مەحموودى بایەزیدى باسى ئازادى جل و بەرگ پۆشین دەکات کە ژنى کورد ڕووى خۆیان لەکەس داناپۆشن و خاوەنى ڕەوشت و پاکیین. هەروەکو دەڵێت ( ژن و بووکى کوردەکان ڕووى خۆیان لەکەس داناپۆشن و لەبەردەم کەسیشدا هەڵنایەن و لەگەڵ هەموو کەسێکیشدا قسە دەکەن، بەڵام خاوەنى ڕەوشت و جوانیین).
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
09/10/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ