وتار
پارێزگارە نوێیەکەى هەڵەبجەوئەرکە داهاتووەکانى بۆ خەڵکى شارەکە
یاسین نادر ڕەحمان

لە وتارێکى پێشوومدا کە هەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاوکرایەوە، هەموو خەمەکانی هەڵەبجەم لە دواى بڕیاڕی بەپارێزگابوونى هەڵەبجە باس کرد و خستەڕوو، کە بەڵێ ئەم شارە و پارێزگایە لە 13/3/2014بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی "نیچیرڤان بەرزانی" لەبەر تایبەتمەندی تایبەتی ئەم شارە وەك شاری شەهیدان، بڕیاری بە پارێزگابوونەكەی بەهۆی شارێكی ڕەمزی و نموونەی و زۆرترین زیانلێكەوتەیی سیاسی لە سەردەمی بەعس و پاش بەعس بۆ دەركراو لە 16/3/2014ی هەمان ساڵیش مەرسوومی سەرۆكایەتی بۆ بوونی بەپارێزگایەكی یاسایی و قانوونی بۆ دەرچوو.
 پاش هەموو ئەمانەش لە 1/6/2015 فەرمانی دەستبەكاربوونی پارێزگار و دوو جێگرەكەی بۆ دەرچوو و لە 11/6/ 2015 دەست بەكاربوون، هەرچەندە جێی وەبیرهێنانەوەیە كە پەرلەمانی كوردستان لە 5/ 2/ 2015 بڕیاری دەركردنی یاسای ئیداریی پارێزگای هەڵەبجەی دەركرد و دواتر پاش تاوتوێكردنی لە 16/3/ 2015دا لە هەڵەبجە ئەم یاسایەی بۆ بەرژەوەندی كاروبارە یاسایی و ئیداریەكانی هەڵەبجە بە واژووی سەرۆكی پەرلەمان و تاوتوێكردنی پەرلەمانتارەكان پەسەند كرد، كە ئەم یاسایە لە 12مادەی سەرەكی پێكهاتبوو و زۆر هەلومەرجی شیاوی ئیداری و بودجەیی و بواری پەرەپێدان و گەشەپێدانی بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بەدیهێناو هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەكانی لەمبارەیەوە خۆشحاڵ كرد. ئەمانە بەرکوڵێکى یاسایی لەم پارێزگایە بوون.
 بەڵام مەبەستیی سەرەکیی من دیوى دووەمى قسەکانى منە، نەک ئەوەیە کە خوا نەخواستە بەبڕیاڕێ بەپارێزگابوونى هەڵەبجەو پاریزگا نوێیەکەى دڵخۆش نەبم و حەقدێکى سیاسیانەو حیزبییانەو شەخسیانە، ناخى منى نووسەر بگرێت و دەقێکى هێرشاوى بەس ڕەخنە ئامێز بنووسم و زۆر لایەنى تر کە دەکرێت کارى لەسەر بکرێت لەبیر بکەم.
چونکە بەهەر حاڵ ئەمرى واقیع ئەوەیە کە ئێستا وا لەم شارەدا دواى بڕیاڕە جۆراوجۆرەکان و ئاڵوگۆڕە دەسەڵاتداریەکان لە شارەکەدا کە پۆستى پارێزگار بەرزترینیان بووە، نەتوانراوە لە ئاستى تمۆحى خەڵکەکەى، خەمەکانى خەڵکى شارەکە بڕەوێنرێتەوە، من کاتێک بەم ئاڵۆگۆڕییە دەسەڵاتداریانە دڵخۆشم، کاتێک پارێزگارێک ئەمشارە بەجێبهێڵێت جێگە دەستى پڕۆژەکانى ئەو وەک پەیامى دەستخۆشی و جێبەجێکردنیان بکەمە پەیامى خوداحافیزیم بۆی.
 حەزدەکەم خەڵکى ئەمشارە، لەدواى ئەم بەرەبەیانییە دووشەمەى ٨/١٠/ ٢٠١٨ دەست بەکاربوونى پارێزگارە نوێیەکەى کاک "ئازاد تۆفیق"، هەموو ڕۆژە وەفدە جۆراوجۆرە ئیدارى و ڕێکخراوەیی و خزمانى ئەو بەردەرگاى ئەو وەک سەردانێک کە جەمسەرێکى دۆستانەى هەبێت، نەگرن. بەڵکوو وەک نەریتێکى نوێ لە شارەکەماندا بۆ بەرپرسی تازەى ئیداریی ئەم شارە کە دەست بەکار دەبێت، بە بیرێکى قووڵەوە و هێنانى پڕۆژەى جۆراوجۆر و ڕیکار و پڵانەوە، بچنە پێشوازى پارێزگارەکەى و خەمەکانیی ئەم شارە و پلانە نوێیەکان بۆ خزمەتى زیاتریان بخەنەڕوو.
 زمانى ئێمەى نووسەر و هاوڵاتى ئەم شارە بە زمانى ڕەخنەگرتن و ئیهمالکردنى ئەم شارە لە ساڵانى ڕابردوودا هەمیشە دەنگ و ئاوازە گلەییە ئامێزەکانى، هەموو ڕاگەیاندنى کوردى تەنیوە و ئەوە گرنگە هەر لە ئێستاوە چاوەڕوانیەکانى خۆیان لە کوڕە پشتێنەو خزمەکەى شارەکەى خۆیان، بۆ ئەو بخەنەڕو و چیتر هەموان ئەم پۆستانە وەک ئاڵۆگۆڕێکى دەموچاوانە نەبینن و دڵخۆش و ڕەزامەندبوون لە کارەکانی بن.
منى خاوەن ئەم دەقە نووسینە لەم نووسینەم بە پارێزگا نوێیەکەم دەڵێم کاک ئازاد تۆفیق "پیرۆز...." و پیرو خەڕۆ بوون لە خزمەتى ئەم شارەى بۆ خوازیارم و حەزدەکەم ئەوە بڵێم چاوەروانى من وەک کەسێک کە جورئەتى قەڵەم بەدەست گرتنم بە خۆم داوە، ئەوەیە چیتر پەیامى گوڵ و شیرینى هێنان و هەندێک شتى باوى تر ناکەمە پیشەو لەمڕۆوە ئەوە لە مێشکمدا هەڵینجان بۆ دەکەم، کە ئەم پارێزگارە چى بۆ خەمەکانى و خزمەتنەکراوانى ئەمشارە لە زۆر بواردا دەکات و ڕەخنە نووسینەکانم لە کارە باش و ئەدا هەلەکانى خودا نەخواستە گەر هەیبیت، بە نووسینەکانم بۆی دەخەمە ڕوو، کە هەمیشە ئەویشم وەک هاوپیشەیەکى نووسەر، پێش پۆستى بەپاریزگابوون بینیوە.
حەزدەکەم نەریتى پیرۆزبایی منى خاوەن قەڵەم و هەموو کەسێکى ترى هاوشیوە لە ئێمە باشتریش ئەوە بێت، زەڕەبینى کار و خزمەتەکان چیتر بکەنە پیشەى کارى خۆیان و چاوەڕوانییان لە خاوەن پۆستەکانیی ئەم شارە "خزمەت و خزمەت و خزمەت" بێت، شتیک کە زارى گلەیی خەڵکى شارەکەو چین وتوێژەکانى لەبارەیەوە هەمیشە بۆی بووە.  
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
13/10/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ