وتار
گەندەڵی زەبەلاحترین دۆسیەی بەردەم کابینەکەی عادیل عەبدولمەھدی
بورهان ڕەئوف

ئەگەرچی حەیدەر عەبادی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو کاربەڕێکەری ئێستای عێراقیش زۆری  وت دەرھەق بە گەندەڵی تەنانەت لە سەرەتای دەست بەکاربوونیدا وتی ئەگەر سەریشم دابنێم واز لە دژایەتی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران  ناھێنم بەڵام ئەوەی بینیمان ئاکامێکی بەرچاوی نەبوو لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری سەرانی وڵات خۆیان تێوەگلابوون بە دیاردەی گەندەڵی  لەوەیە بارودۆخی چوارساڵ پێش ئێستاش  جیاواز بێت لە ئێستا کە شەڕی داعش و تیرۆر کۆتایی ھاتووە .
گەندەڵی ئەو دەردە کوشندەیەکە لە تیرۆر مەترسیدارتر و زیانبەخشترە بۆ وڵات لە بەرئەوەی کۆسپی گەورەی بەردەم گەشەکردن و پێشووە چوونی گەل و وڵاتە لە ھەموو بوارەکانی بنیاتنان و پەروەردەو فێرکردن وەبەرھێنان و  ھەموو خزمەتگوزارییە پێویست و گرنگەکانی تری  وڵات .
لەبەر ھەموو ئەوانە سەرکەوتنی کابینەکەی عادیل عەبدولمھدی پەیوەستە بە چۆنێتی ھەڵسوکەوت و ئەو ڕێکارانەی کە دەی گرێتەبەر بۆ چارەسەرو بەگژاچوونەوەو ڕیشەکێشکردنی گەندەڵکاران کە زیانی گەورەیان بە ئابووری و سامان وداھاتی عێراق گەیاندووە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا .
کاریگەرییەکانی گەندەڵی لەسەر عێراق 
١. دەرگایەکی  گەورە بۆ فێڕۆدانی ماڵی گشتی 
٢. کۆسپی گەورەی پێش گەشەکردن لەبەرئەوەی ڕێ دەگرێت لە وەبەرھێنان لە ڕێگەی پاڵنان بە وەبەرھێنەرانەوە کە نەوێرن نزیکی حکومەت ببنەوە بۆ کارکردن .
٣. فاکتەرێکی ڕاستەوخۆیە بۆ وەستانی ڕەوڕەوەی پێشکەوتن و بەربەستی بەردەم بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری .
٤. ڕێخۆشکردن وزەمینەسازی بۆ سەرھەڵدانی بیرو بۆچوونی توندڕەوی و تیرۆرو توندو تیژی ئەویش لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی ھەژاری و بێکاری بەھۆی گەندەڵی .
٥. گەندەڵی ھۆکارێکی گەورەی تێکچوونی بارودۆخی ئاسایشی وڵات و دروستبوونی بشێوی و سەرھەڵدانی تاقمی ماڤیاو تیوەگلان بە بازرگانی مادەی بێھۆشکەر.
 باشترین بەڵگە لەسەر گەندەڵی وکاریگەرییەکانی لە سەردۆخی عێراق و سەرھەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی  لە عێراق وشام و داگیرکردنی سێ یەکی خاکی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ بوو بە ھۆی گەندەڵی لە بۆندەکانی کڕینی چەک و دامەزراندن ھەزاران کەسی بندیوار لە ناو ڕیزەکانی سوپای عێراق و ھێزە کانی ئاسایشی ناوخۆ بە تایبەتی لە سەردەمی کابینەی نوری مالیکی کە ڕۆڵێکی زۆر نالەبارو نێگەتیڤی گێڕا بۆ تێکدانی دۆخی عێراق و سەرھەڵدانی ململانێ ی ئتنیکی و تائیفی و تا ئێستاش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچووە  .
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
لەوەیە کارێکی زۆر قورس و پڕ سەرئێشە بێت بۆ عەبدولمھدی چونکەی بەشێکی دیارو خاوەن پێگەو ھەژموون لە نێو سیاسیە دەستڕۆیشتووەکانی عێراقدا تێوەگلاون بە گەندەڵی و ھەر ئەوانیش ھاوڕان و سازاون بە مالیکیشەوە  لەسەر ئەوەی عادیل عەبدولمھدی ببَیتە کاندیدی ھەمووان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ  لە بەرئەوە ئەرکەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێ ئاسان نابێت .
بۆیە ئەگەر  عەبدولمھدی ھەر ھەنگاوێک بھاوێت بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی دەبێت لەگەڵ ئەوانەدا بەریەک بکەوێت کە ئەویان کاندید کردووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە گرنگترین و ھەستیارترین پۆستە و بەھێزترین و زۆرترین دەسەڵاتی ھەیە لە عێراقی نوێدا  بە پێ ی دەستووری عێراق .
لە ئاوا بارودۆخێکدا چ بکات عەبدولمھدی ؟
بە دیدی من لە ئاوا بارودۆخێکدا باشترین و خێراترین ڕێگە بۆ دۆخی ئێستای کارگێڕی و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بە ھەموو دامودەزگاکانیەوە ئەوەیە کە بەر بە بڵاوبوونەوەی زیاتری گەندەڵی بگێرێت  و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ ڕیشەکێش کردنی  وازھێنان لە دۆسیە کۆنەکان و نەکردنەوەی لە کاتی ئێستادا بۆئەوەی بەریەککەوتن ڕوونەدات لەگەڵ زۆرێک لە سەرە گەورەکان کە ھەریەکەیان بەجۆرێک لە جۆرەکان تێوەگلاەن بە دیاردەی گەندەڵی و بۆئەوەی کێشەو کۆسپ دروست نەکەن بۆ کابینەی نوێ لە بە جێھێنانی ئەرکە نوێ و قورسەکانیدا.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
15/10/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ