وتار
خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌رهاوسه‌نگی هێزی بۆ یه‌كێتی نه‌گه‌ڕانده‌وه‌
دانا مەنمی

دیراسه‌كردنی بارودۆخی ئێستا ده‌چێته‌ ناو خانه‌ی توێژینه‌وه‌ی سیاسییه‌وه‌ ، نه‌ك حاڵه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندن ،چونكه‌ تائێستا له‌ناو ڕوداوه‌كاندا ده‌ژین و كۆتایی نه‌هاتووه‌ ، كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆی كوردستان پرۆژه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ به‌ ڕوداوێكی وه‌كو ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌رو و ته‌یفیك له‌ خیانه‌تكاری نیشتیمانی بسڕێته‌وه‌ ، كۆتایی مێژووش نییه‌ و پرسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ته‌واو نه‌بووه‌ ، به‌ درێژای مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان توشی هه‌ورازو نشێوی بووه‌ته‌وه‌ ، له‌ هه‌ندێك وێستگه‌دا شۆڕش ڕاوه‌ستاوه‌و به‌ هێزێكی پته‌و ترهه‌ستاوه‌ته‌وه‌و دوژمن و خیانه‌تكارانی ڕاماڵیوه‌ ، به‌ڵام هه‌رگیز شۆڕش و به‌رخودان كۆتایی نه‌هاتووه‌ .

۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌ت و ناپاكییه‌كی گه‌وره‌ی نیشتیمانی بووكه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ڕوویدا ، به‌ ته‌واوی ده‌رئه‌نجامه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌و خیانه‌ته‌ گروپێكی ناویه‌كێتی ئه‌ندازیارو نه‌خشه‌ڕێگای بۆ داڕشتبوو، كه‌ تاهه‌نوكه‌ ڕۆژدواى ڕۆژ ژماره‌ى كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان ته‌عریبكردنی كوردو پێكهكاته‌كانی تر جگه‌ له‌ عه‌ره‌ب و توركمان له‌ زیادبووندایه‌ ،سه‌رباری ئه‌وه‌ی فشاری حه‌شدی شه‌عبی له‌ سه‌ر هاوڵاتیانی كورد له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و به‌رده‌وامیش له‌ هه‌وڵی ڕاگواستنی كوردو هه‌ناده‌كردنی  زۆرترین خێزانی عەرەبن بۆ ناوچه‌و گونده‌ كوردنشینه‌كان ، ئه‌م خیانه‌ته‌ نه‌ شكستی ڕیفراندۆم  بوو نه‌ شكستی سیاسی سه‌ركردایه‌تی كوردو نه‌شكستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌بوو، وه‌كی ئه‌وه‌ی كه‌ گروپی خیانه‌تكارانی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ، ئاخر ڕیفراندۆم به‌سڤێكی ڕه‌واو مافێكی سروشتی هه‌موو گه‌لێكه‌ كه‌ پراكتیزه‌ی بكات و ڕیفراندۆم باشترین شێوازو ڕێبازی خه‌باته‌ ،ئه‌سله‌ن ڕیفراندۆم ڕێگا دورودرێژه‌كانی كورت كرده‌وه‌و به‌ربه‌سته‌كانی هه‌ڵته‌كاند،له‌رێفراندۆمدا هه‌موو میله‌تی كورد به‌ ته‌واوی پێكهاته‌كانه‌وه‌ به‌ زمانی دیموكراسی داوای مافه‌كانیان ده‌كرد و فه‌رهه‌نگی دیموكراسی له‌ ناو جه‌سته‌ی میلـله‌تدا ئاوێته‌بوون ، پاشان كورد خاوه‌نی سه‌ركردایه‌تییه‌كی كاریزماو حه‌كیمی وه‌كو سه‌رۆك بارزانی یه‌ كه‌ دیپلۆماسێكی به‌تواناو كه‌سیش هێنده‌ی سه‌رۆك بارزانی شاره‌زای كێڵگه‌ی هه‌نده‌سه‌ی سیاسی ناوچه‌كه‌ نییه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ شكستی سه‌ربازی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نییه‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ (مه‌خمورو سحێلاو پردێ و زوممار) گه‌وره‌ترین داستانی قاره‌مانیه‌تی و به‌رخودانیان تۆمار كرد ، له‌به‌رامبه‌ردا كه‌سانێك ده‌یانه‌وێت كیانی مقاومه‌ت و به‌رگری له‌ ناو خه‌ڵكی كوردستاندا خامۆش بكه‌ن ،به‌ڵام وره‌و ئیراده‌ی خه‌لكی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌رزه‌و داستانی پێشمه‌رگه‌ش شاهیدی ئه‌و ڕاستییه‌ن گه‌لی كوردستان خاوه‌نی وزه‌و هێزو ئیراده‌ و رۆحییه‌تی به‌رگری و توانای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڕوداوه‌كانی هه‌یه‌ .

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ ساڵی ۱۹۹٦ وه‌ هاوكێشه‌ سیاسی  و هاوسه‌نگی نێوماڵی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌ ، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ ئه‌دات ته‌رازووی سیاسی هاوسه‌نگ بكاته‌وه‌ بۆی ناكرێت ، نه‌هاوپه‌یمانی دوو قۆڵی و نه‌سێ قۆڵی نه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌ هاوپه‌یمانی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌عوه‌و فه‌تح و نه‌سر هاوسه‌نگی هاوكێشه‌ سیاسیییه‌كه‌ ناگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ، ته‌نانه‌ت دیوه‌خانه‌كه‌ی عامری و سوله‌یمانی و خه‌نجه‌ر هیچ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ناگۆرێت و ته‌رازووه‌كه به‌ لاسه‌نگی  له‌سوودی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌ ، زۆربەی زۆری سەركردایەتی یەكێتی بە كادیرە دیارەكانیشەوە لە سەنگەردان بۆ ئەوەی بزانن چۆن دژایه‌تی و تۆڵه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بكەنەوە، ئاخر له‌ دوای ڕوداوه‌كانی ۳۱ـی ئاب ۱۹۹٦ كاردانه‌وه‌و په‌رچه‌كرداری پارتی له‌ یه‌كێتی ته‌رازوهاوسه‌نگی هێزی له‌ گۆره‌پانی سیاسیدا گۆڕی وبه‌جۆرێك هه‌ولێر دوای داگیركردن  بووه‌ پایته‌ختی ئاوه‌دانی و سه‌قامگیری سیاسی له‌ كوردستاندا.

ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ری ۲۰۱۷ كردی خیانه‌ت بوو له‌ پێناو گۆرین و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگی هێزه‌ی كه‌ ۲۲ ساڵه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت، هه‌ربۆیه‌شه‌ یه‌كێتی كوت و كوێرانه‌و تاكڕه‌وانه‌ له‌ ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگی یه‌ له‌ شه‌وێكدا یه‌كپارچه‌یی خاكی كوردستان كرده‌ قوربانی یه‌كپارچه‌یی  خاكی عێراق و عروبیه‌تی زیندوو كرده‌وه‌ ،به‌ڵام خه‌ونه‌كه‌ی نه‌هاته‌دی و په‌له‌یه‌كی تری  شه‌رمه‌زاری و خیانه‌ت و ناپاكی تۆمار كردو  له‌ ته‌نها  شه‌وێكدا له‌ %٥۲ـی خاك و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و له‌ %۷۵ داهاتی خاڵه‌سنورییه‌كان و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان ڕاده‌ستی وه‌حشیترین هێزی میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ ئێرانیه‌كان كرد، سه‌رباری قوربانیدان و شكاندنی ئیراده‌و شكۆی كوردایه‌تی و كوردبونمان كه‌ به‌ درێژای مێژوو یه‌كێتی لەكوێ بۆی كرابێت شەڕی پارتی كردووه‌و له‌ كوێشدا شۆرشی بۆنه‌كرابێت خیانه‌ت و ناپاكی چه‌كی ده‌ستی بووه‌وله‌  كوچك گه‌رمتر عێراقچێتی كردووه‌ .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
18/10/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ