وتار
مه‌ترسییه‌کانی خولی نوێی په‌رله‌مانی کوردستان
کاروان عەلی شامار

 

دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی کۆتایی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان جگه‌ له‌ پارتی دیموکرات سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسیه‌کان ناڕازین له‌ ڕێژه‌ی ده‌نگ و کورسیه‌کانیان. ئه‌نجامه‌کان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن پارتی ته‌زویرێکی بێشوماری کردووه‌و ده‌لاقه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌ دیموکراتیه‌ دروستکردووه‌، له‌ خوله‌کانی پێشووی په‌رله‌ماندا پارتی له‌ تێپه‌ڕاندنی کۆمه‌ڵێک پرۆژه‌ یاسادا دوچاری له‌مپه‌ر ببۆوه‌‌ له‌وانه‌ یاسای (سه‌ر‌ۆکایه‌تی هه‌رێم و ده‌ستوور)، ئه‌گه‌رچی ویستی پارتی ئه‌وه‌بوو به‌هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ کۆتاو دوکانه‌ سیاسیه‌کانیدا ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ تێپه‌ڕێنێ لێ به‌هۆی ته‌واونه‌بونی نیصابی یاساییه‌وه‌ بۆی نه‌ڕه‌خسا، به‌ڵام له‌ خولی نوێی په‌رله‌ماندا به‌هۆی ئه‌و کورسیه‌ زۆره‌ی که‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌ بێ هیچ گرفت و له‌مپه‌رێک ده‌توانێ زۆرترین پرۆژه‌ یاسا تێپه‌ڕێنێ که‌ ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌یه‌. به‌ مێژوو پارتی نه‌یتوانیوه‌ به‌و ره‌هاییه‌ کۆنترۆڵی زۆرترین کورسییه‌کانی نێو په‌رله‌مان بکا! ئه‌و ڕێژه‌و جیاوازیه‌‌ زۆره‌ی پارتی به‌راورد به‌ هێزه‌ ڕکابه‌ره‌که‌ی که‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌ گه‌ر رێگری لێ نه‌کرێت و پارسه‌نگی هێز وه‌ک جارانی لێنه‌یه‌ته‌وه‌ ئه‌وا مومکینه‌‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا کوردستان به‌ ئاقارێکی زۆر مه‌ترسیداردا تێپه‌ڕببێت و چوار ساڵی داهاتوو به‌هۆی سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانی پارتییه‌وه‌ ده‌رگیری ده‌یان گرفتی ناوخۆی ده‌ره‌کی بێته‌وه‌. لێره‌یا به‌کورتی به‌شێک له‌و مه‌ترسیانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو!

 (1)
سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی
یه‌کێک له‌و مژارانه‌ی که‌ پارتی دیموکرات به‌ هه‌ر کلۆجێک بێ ده‌یه‌وێ جارێکی تر به‌یاسایی کاته‌وه‌ (پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌) راسته‌ بارزانی ئیقلیمیه‌ن خۆری ئاوا بووه‌ لێ دور نییه‌ خۆی یا که‌سێکی ماڵباته‌که‌ی به‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ک له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ جارێکی تر شه‌رعیه‌تی بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌و(4 بۆ ٨)ساڵی تر حوکمڕانی هه‌رێم بکات.
‌له‌ خولی چواری په‌رله‌ماندا هه‌وڵێکی شێلگیرانه‌ درا له‌ لایه‌ن فراکسیۆنه‌کانی یه‌کێتی و گۆران و کۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سیستیمی سه‌رۆکایه‌تی بکریت به‌ په‌رله‌مانی و سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ ناو په‌رله‌ماندا هه‌ڵبژێردرێ لێ به‌ داخه‌وه‌ یه‌کگرتووی ئیسلامی شکستی به‌و هه‌وڵانه‌ هێناو په‌رله‌مانتاره‌کانی دابه‌ش بوون بۆ دووبه‌ره‌و نه‌یانتوانی خۆیان یه‌کلا که‌نه‌وه‌، هه‌نوکه‌ ئه‌و حیزبه‌ باجی ئه‌و هه‌ڵه‌ مێژوییه‌ ده‌دا و ده‌نگه‌کانی بۆ زیاتر له‌ نیوه‌ که‌مبۆته‌وه‌. مه‌ترسی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌‌‌ ئه‌و مژاره‌ له‌‌ نێو هۆڵی‌ په‌رله‌مان زیندوو که‌نه‌وه‌، گه‌ر سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسیه‌کانیش نارازی بن ناتوانن بارته‌قای ده‌نگی  پارتی کاریگه‌ربن!

 (2)
 ده‌ستوور
هه‌رێمی کوردستان تا ئێستا ده‌ستورێکی نیشتیمانی نییه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ میزاجی حزبی نوسیویه‌تییه‌وه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو له‌ خوله‌کانی رابردوو ره‌تکرایه‌وه‌و ڕێگه‌نه‌درا تێپه‌رێنرێ. بۆ نموونه‌ له‌ ده‌ستوردا 11 کورسی بۆ کۆتاکان دانراوه‌ هه‌وڵێک هه‌بوو له‌ خولی پێشوودا ژماره‌ی کورسیه‌کانیان که‌مکرێته‌وه‌ یاخود زیاتر نماینده‌ی که‌مایه‌تیه‌کان خۆیان بن نه‌ک پارتێکی سیاسی به‌ڵام هه‌وڵه‌کان شکستیان پێهێنرا. تێکڕای کورسی په‌رله‌مانی عێراق بریتییه‌ له‌ 329 کورسی له‌و ڕێژه‌یه‌ش‌ ته‌نها 9 کورسی بۆ کۆتاکان له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاکانی دانراون لێ ته‌نها له‌ سێ پارێزگاکه‌ی هه‌رێمدا 11 کورسی په‌رله‌مانیان بۆ دانراوه‌ به‌شێک له‌ په‌رله‌مانتاری ئه‌و که‌مایه‌تیانه‌ که‌‌ پرۆفایله‌کانیان ده‌که‌یته‌وه‌ وه‌ک کادیری پارتی خۆیان ناساندووه‌! مه‌ترسیه‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ پارتی له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا ده‌ستور تێپه‌ڕێنێ و کورسی کۆتاکانیش وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه‌و هیچ ته‌عدیلێک له‌ یاساکه‌دا نه‌کرێت، یاخود ده‌ستور به‌جۆرێک دابرێژرێته‌وه‌ که‌ به‌ ره‌هایی و به‌ویستی پارتی بێت!

(3)
 یه‌ک بازنه‌یی 
ھیچ پارتێک بارتەقای پارتی سودمەند نەبووە لە سیستمی یەک بازنەیی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌ویه‌که‌یدا ته‌زویرێکی ڕێکخراو ده‌کا هه‌میشه‌ رێژه‌ی ده‌نگده‌ر له‌ ئاستێکی به‌رزتردا ده‌بێ جیاواز به‌ناوچه‌کانی تر، ئه‌مه‌ش فاکته‌ری سه‌ره‌کیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین به‌ربژێری هه‌ولێر و دهۆک له‌سه‌ر حسابی پارێزگای سلێمانی بچنه‌ په‌رله‌مان، پارێزگای دهۆک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عیراق ته‌نها (11) کورسی بۆ دانرابوو به‌ڵام له‌ په‌رله‌مانی کوردستاندا زیاتر له‌ (26) به‌ربژێری بادینی پارتی ده‌چنه نێو‌ په‌رله‌مانی کوردستان! مه‌ترسیه‌که‌ له‌و کاته‌یه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا گۆرینی سیستمی یه‌ک بازنه‌ بۆ فره‌ بازنه‌ی هاوشێوه‌ی په‌رله‌مانی عیراق سه‌رکه‌وتوو نه‌بێت و پارتی جارێکی ترو له‌مه‌شدا گۆڵی خۆی له‌ لایه‌نه‌کان بکا!

(4)
 لاوازی توانایی کاندیده‌کان
چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌م خوله‌ نوێیه‌ی پەرلەمان بەبەراورد بە ساڵانی رابردوو خولێکی پڕ له‌ کێشه‌ ده‌بێت، وه‌‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌مترین که‌سانی ئه‌کادیمی و به‌‌تواناو گه‌شونه‌ته‌ په‌رله‌مان دور نییە ھەڵەی گەورەیان بەسەردا تێپەرێت. ئه‌و یاسایانه‌ی که‌ له‌ پەرله‌مان داده‌نرێن و هه‌موار ده‌کرێنه‌وه‌ چاره‌نوسی میلله‌تێکیان پێوه‌ به‌نده‌، باشترین پارتی سیاسی ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌سانی پرۆفیشناڵ و شاره‌زا بنێرێته‌ په‌رله‌مان که‌ که‌مترین هه‌ڵه‌ی یاسایی و ده‌ستوریان به‌سه‌ردا تێپه‌رێت. به‌داخه‌وه به‌شێک له‌ پارته‌ سیاسیه‌کان ته‌نها بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ خراپترین کاندیدیان به‌ربژێر کردووه به‌تایبه‌ت له‌خولی پێنجی په‌رله‌ماندا. مه‌ترسی ئه‌م خوله‌ش ئه‌وه‌یه‌ پارتی بتوانێت به‌شێک له‌ یاساکان بۆ سودی خۆی تێپه‌رێنێ و دواترهاونیشتیمانیان باجه‌که‌ی بده‌ن!

(5)
 کۆتایی.. 
گه‌ر یه‌کێتی و گۆران به‌ هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تر بتوانن له‌خولی نوێی په‌رله‌ماندا هه‌ماهه‌نگی و هاوده‌نگی نێوان فراکسیۆنه‌کانیان دروستکه‌ن ئه‌وا ئیجابیاتی باشی ده‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دورنییه‌ پارتی به‌ ئاره‌زووی خۆی و به‌و حه‌جمه‌ی ئێستایه‌وه‌ سه‌رجه‌م یاساکانی په‌رله‌مان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌کاربخات. دوریش نییه‌ کوردستان دوچاری ده‌یان گرفتی گه‌وره‌ کاته‌وه‌‌ که‌ ره‌نگه‌ نه‌وه‌کانی داهاتوش به‌سانایی نه‌توانن پارسه‌نگی ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ که‌نه‌وه‌.
هه‌ر حزب و په‌رله‌مانتارێک بیه‌وێ مێژوو بۆ خۆی تۆمار بکات و له‌ داهاتودا ببێته‌ جێ ئه‌رزش و متمانه‌ی هاونیشتیمانیان ده‌بێ به‌ هه‌موو پێوده‌نگه‌کان ڕێگربن له ده‌رچواندنی‌ هه‌ر یاسایه‌ک که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی بێ و مه‌ترسی ‌بێت له‌سه‌ر ئاینده‌ی ناوچه‌که‌، ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان به‌هۆی هه‌ژمونی پارتیه‌وه‌ قورسای و ئه‌رکی زۆر ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانی په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌بێ جه‌سورانه‌ به‌رگری که‌ن له‌تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایانه‌ی که‌ هێڵی سورن و ره‌هه‌ندی نیشتیمانیان هه‌یه‌!

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/10/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ