وتار
کەیسی خاشقچی ‌و چارەنووسی میر محەمەد
فەرید ئەسەسەرد

پاش ١٨ رۆژ لە ونبوونی و پاش نکوڵی کردن لە لەناوچوونی، سعودیە لە ‌کۆتاییدا دانی بەوەدا نا کە جەمال خاشقچی لەناو بینای کۆنسۆڵگەرییەکەی لە ئیستانبوڵ گیانی لەدەست داوە. ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی کە پێشوازییان لە راگەیاندراوەکەی سعودیە کردووە، زۆر کەمە. زۆربەی دەوڵەتان و سیاسەتمەداران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە میدیاییەکان متمانەیان بە لێکدانەوەو شرۆڤە فەرمییەکانی سعودیە نییە.

چیرۆکە فەرمییەکەی سعودیە پڕ کەلێن و کەموکوڕییەو مەبەستەکەی نیشاندانی بێ تاوانیی میر محەمەدی کوڕی سەلمانە. ئێستا پاش ئەوەی کە سعودیە بەشێوەیەکی فەرمی دانی بە کوژرانی خاشقچیدا نا، پێویستە لەسەری شێوەی کوژرانی روون بکاتەوە و شوێنی تەرمەکەی ئاشکرا بکات. مەلیک دەیەوێ وای نیشان بدا کە ھەندێ کارمەندی فەرمی لەخۆیانەوە یاخود بە بەکارھێنانی دەسەڵاتێکی زۆرتر لەوەی کە پێیان دراوە، یاخود بەھەڵە خاشقچیان کوشتووە. بەڵام ئەم چیرۆکە لەگەڵ ئەوەدا وێک نایەتەوە کە تێوەگلاوەکان لەناو دەزگایەکی سەر بە وەزارەتی دەرەوە تاوانەکەیان ئەنجام داوەو فەرمانی کەسێکی بەدەسەڵاتتر لە وەزیری دەرەوەیان پێ بووە، بۆیە کونسۆڵ رێی پێ داون کارەکە بکەن و باڵیۆز‌و وەزیری دەرەوەی ئاگادار نەکردۆتەوە.

تا ئێستا ١٨ کەس دەستگیر کراون و پێنج کەسیش لە ‌کارەکانیان لابراون لەوانە ئەحمەد عەسیری جێگری بەرپرسی ھەواڵگریی سوپا‌و سعود قەحتانی راوێژکار لە دیوانی شاھانە کە ھەردووکیان لە میر محەمەدەوە نزیکن. ئەمە دەری دەخات کە مەلیک بەنیازە تاوانەکە بخاتە ئەستۆی ئەو کەسانەوە کە تاوانەکەیان ئەنجام داوەو وای نیشان بدات کە ئەمانە بەبێ ئەوەی فەرمانیان لە سەرووی خۆیانەوە وەرگرتبێ، کارەکەیان کردووە.

لەرووی یاساییەوە، سعودیە بەم فڕوفێڵە دەتوانێ خۆی لەم تەڵزگەیە رزگار بکا، بەتایبەتی کە دەتوانێ بە رێوشوێنی جیاواز وا لە تێوەگلاوەکان بکا خۆیان تاوانبار بکەن و ناوی میر محەمەد نەھێنن. بەڵام ئەمە ھێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە کە ئایا چارەنووسی میر محەمەد چی دەبێ؟ لەم رووەوە لە دوو سیناریۆ بەولاوە سیناریۆی تر نییە. سیناریۆی یەکەم، ھێشتنەوەی میر محەمەدە وەک جێگرەوەی باوکی و بەردەوامبوونی وەک ئەوەی کە ھیچ شتێک رووی نەدابێ، کە ئەمەش بەم واتایە دێت کە دەوڵەت رادەستی کەسێکی ھەڵەشەو بێ ئەزمون و سەرکێش دەکرێت‌و ئەمەش لەئایندەدا رەنگدانەوەی زۆر مەترسیداری دەبێ.

سیناریۆی دووەم، ھێشتنەوەی میر محەمەد لە پۆستەکەی خۆی لەو ماوەیەدا، چونکە لابردنی، داننانێکی ناڕاستەوخۆیە بە تێوەگلانی لە کوشتنی خاشقچیدا. ئینجا، پاش چەند مانگێک، بیانوویەکی بۆ دەدۆزرێتەوە، لەکار دەخرێ ‌و براکەی جێی دەگرێتەوە.

لەراستیدا دیار نییە مەلیک چ رێگایەک دەگرێتە بەر. راسپاردنی میر محەمەد بە پەیکەربەندکردنەوەی دەزگای ھەواڵگریی، پەیامێکە بۆ ھەموو جیھان و ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە میر محەمەد دەستی لە تاوانەکەدا نیەو ھەندێ فەرمانبەری بەڕەڵای ناو دەزگای ھەواڵگری بە ئەنقەست و نائەنقەست لە تاوانەکەدا تێوەگلاون.

ئەو راستییەی کە ھێشتا سعودیە دانی پێدا نەناوە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەی بەتوانا‌و لێوەشاوەیی میر محەمەد نەماوە، تەنانەت کەناڵە دۆستەکەی ترەمپیش، فۆکس نیووز، لە بەرنامەکانیدا زۆر ھێرش دەکاتە سەر میر محەمەد. زۆرترین ژمارەی ئەو کۆنگرێسمانانەش کە تاوانەکە سەرزەنشت دەکەن و بەشێوەیەکی راستەوخۆ‌و ناڕاستەوخۆ، میر محەمەد تاوانبار دەکەن، سەربە حزبی سەرۆکن. ھەر لەم سەروبەنەشدا، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیسرائیل دان شابیرۆ نەیشاردۆتەوە کە ئەستەمە سعودیە لەژێر دەسەڵاتی میر محەمەددا بە کەڵکی ئەوە بێت کە ھاوبەشێکی ستراتیجیی ئەمریکا بێ.

زۆرینەی لێکۆڵیارانی ئەمریکا بەو جۆرە سەیری مەسەلەکە دەکەن کە ئەمریکا پێویستی بە ھاوپەیمانی سەرەڕۆ ‌و ھەڵەشەو بێ ئەزمون نییە، بەڵکو پێویستی بە ھاوپەیمانی سەنگین و گوێڕایەڵە. بیری زاڵ لە ناوەندە سیاسییەکاندا ئەوەیە کە میر محەمەد ھێڵە سورەکانی تێپەڕاندووە، سنورە رێپێدراوەکانی بەزاندووەو لە ھەڵسوکەوت کردندا لەگەڵ نەیارەکانی لە ئاکاری سیاسی داماڵدراوە. بۆیە، بەشێوەیەکی گشتی، ئایندەی سعودیە وەک ئایندەیەکی لێڵ دێتە بەرچاو کە مایەی نیگەرانیی زۆر لایەنی نێودەوڵەتییە، بەتایبەتی کە ھیچ کات بنەماڵەی سعودی بە قەد ئێستا لێکترازاو نەبوەو لەوەتەی سەلمان ھاتۆتە سەر تەختی پاشایەتی، ئەنجومەنی بنەماڵە کۆ نەبۆتەوە.

سەرەڕای ھەموو ئەمانە، ھێشتا سێ کێشە ھەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە ھێشتا لیژنەی لێکۆڵینەوەی تورکیا راپۆرتی خۆی بڵاو نەکردۆتەوە کە بەدڵنیاییەوە ئەنجامە بەدەستھاتووەکانی لەئەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی سعودیە ناچن و رەنگە دژ بەیەکیش بن.

دووەمیان ئەوەیە کە ھێشتا نەزانراوە تێوەگلاوەکان تا چ رادەیەک ئامادەییان تێدایە لێپرسراوەتییەکە بگرنە ئەستۆ ‌و ھیچ ئاماژەیەک بۆ رۆڵی میر محەمەد لەپرۆسەکەدا نەکەن، بەتایبەتی کە دەشێ دادگا سزای کوشتنیان بۆ دەربکا. سێیەمیان ئەوەیە کە چەندین دەوڵەت ھەڵوێستی توندیان بەرامبەر بە سعودیە ھەیە، لەوانە فەرەنسا کە داوای لێکۆڵینەوەیەکی ریشەیی دەکا‌و یەکێتیی ئەوروپا کە بیر لە سزادانی سعودیە دەکاتەوە. بۆیە، وەک دەردەکەوێ، سعودیە ھێشتا بە سەلامەتی لە گۆبەندەکە دەرنەچووە
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
28/10/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ