وتار
کودەتاکەی تورکیا
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

کێشەی بەپێوەر نەکردنی دیموکراسی و بەرژەوەندی یە نەتەوەییەکان لە لایەنگریدا
ھەر ھێندەی ھەوڵی کودەتای سەربازی لە تورکیا دەستی پێکرد، ھەندێ کەس و ناوەند لە باشور، دەستیانکرد بە ھەلھەلە کێشان و خۆشحاڵی دەربڕین و باسکردن لە قۆناغی پاش ئۆ‌ردۆگان، ھێرشێکی زۆریش کرایە سەر ھەموو ئەوانەی دژ بە کودەتاکە ھەڵوێستیان دەربڕی و پێیان وابوو دژ بە سەرەتاکانی دیموکراسی و بەرژەوەندی یەکانی کوردی باشور و باکورە.
ئەوەی لە نوسین و ھەڵوێست دەربڕینەکاندا جێگای سەرنج بوو نا نیشتمانی بوونی لێکدانەوەکان و خوێندنەوەی رووداوەکە بوو لە دەلاقەیەکی حیزبی و ئایدۆلۆژی تەسکەوە،‌ ھەڵوێستگرتن و پشتگیری کودەتا بوو، لە روانگەی ئەو بەرەبەندی و ململانێ حیزبی یە نەزۆک و بێ بەرھەمەی لە باشوردا ھەیە.
ڕوون بوو دەستێکی زۆر لە واتەی نوسییان و قسەیان کرد، دژایەتی پارتی بوو، لەو سۆنگەوە کە پارتی ھاوپەیمانی حکومەتی تورکیایە، روخانی حکومەتی تورکیاش یەکسانە بە لاواز بوونی پارتی، لە روویەکی ترەوە رووداوەکە قۆزرایەوە بۆ جەنگێکی ئایدۆلۆژی مەعنەوی دژ بە ئیسلامی یەکان، لەبەر ئەوەی ھەندێک بە داخەوە دژ بە ھەموو ئیسلامی یەکن و بڕوایان بە بوون و ئازادی یان نی یە، ھەروەھا بە پێچەوانەی سەرەتاکانی حەق و ئەخلاق و دیموراسیەوە ئیسلامیەکانی لە مەڕ خۆمان دەکرێن بە لێپسراو لە ڕووداو گەلێک کە لە دوور و نزیکەوە پەیوەندی بەوانەوە نیە و ھاو چارەنوس و ھاو سەنگەری میللەتی خۆیانن. بە داخەوە جۆری لە ھەناسەی فاشستانەشبەسەر بەشی لە فەزای تۆڕە کۆمەڵایەتی یە کاندا زاڵە، کە ھەرکەسێ وەک ئەوان بیری نەکردەوە و روداوەکانی لێکنەدایەوە بە جاش و ناپاک ناوی دەبەن و ھەوڵدەدەن لە کوردبوون دایشۆرن و وەک دوژمن نیشانی بدەن؟!
ئەم دۆخەش جێگای بەزەیی پێدا ھاتنەوەیە، دنیا و ڕووداوەکانی بە عەقڵێ لێکنادرێتەوە بە دەرھاویشتەکانی ململانێ ی حیزبی تەسک و ناوچەگەری و بوغزی ئایدۆلۆژی و ڕق لە قاڵب درابێت. بۆیە ئەم قسانەش دەکەم چونکە ئەگەر پێوەر و چوارچێوەی بیرکردنەوە و ھەڵویست وەرگرتن بەرژەوەندی کوردستانی باشور و تەنانەت کوردەکانی باکوریش بوایە، مەسەلەکە بەو جۆرە نەدەکەوتەوە، لەو سۆنگەوە کە پارتی داد و گەشەپێدان لەگەڵ ھەمو ئەو رەخنانەی لەسەر بەشی لە سیاسەتەکانیان لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە باکور لێیان بگرین، تەنھا لە سایەی ئەواندا بە ئاسایی مامەڵە لەگەڵ کوردستانی باشور کراوە، لە سایەی ئەواندا پێشوازی لە بەرپرسانی کورد بە شێوەیەکی فەرمی دەکرێت و ئاڵای کوردستان دادەنریت و رێگا بە پیشمەرگە دەدرێت بەرەو کۆبانی بە ناو خاکی تورکیادا بڕوات.
تا ئەم ساتە وەختەش ھیچ ھێزێکی سیاسی لە تورکیا سەری ھەڵنەداوە لە داد و گەشەپێدان بۆ کورد باشتر بێت، گەر مەسەلەکە ھەڵبژاردنیش بێت لە نێوان خراپ و خراپتریندا، لە بەر ئەوە زۆر گرنگە ئێمە بەرژەوەندی یە نەتەوەیی یەکان و بەھا دیموکراسی یەکان بۆ لێکدانەوە و لایەنگری یەکانمان پێوەرمان بن. گەر ئەم دوو پێوەرەش بکەین بە داوەر، باوەربوون بە دیموکراسی خوازیاری ئیدانەکردنی کودەتایە وەک شێوازێکی نادیموکراسی و دواکەوتوو بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، جا خۆش ئەوەیە کودەتاکە کوردیش نەیکردووە تابڵێین بوارێکی تیایە بۆ چاولیپۆشینی. ململانێکە لە نێوان حکومەتی تورکیا و ئۆردۆگان و کوردی باکوردا نەبووە تا خەڵکانێک بەوە تاوانبار بکرێن جاشی ئۆردۆگانن و ئایدۆلۆژی ئیسلامی لە پشت ھەلوێستەکانیانەوەیە، بەڵکو لەنێوان حکومەت و سوپادا بوو، سوپایەک بە درێژایی سەد ساڵ ئێمەی چەوساندۆتەوە و خوێنی برا و خوشکانی ئێمەی رشتووە، خۆ ئەگەر کێشەی کورد لە باکور بە شێوەیەکی ئاشتیانە بە ڕوخانی ئۆردۆگان و حکومەتەکەی ئەکەپە چارەسەر ببوایە و لانی کەم کوردەکان لە چوارچێوەی فیدڕاڵیەتدا بە مافی چارەنوسیان بگەشتنایە، وە جێگرەوەی حکومەتی ئێستا دەسەڵاتێکی دیموکراسیتر بوایە کە چارەسەرەکە و بەرژەوەندی گەلانی تورکا دەیخوازێت، ئەو کاتە ئاسایی بوو پێمان خۆشبێت ھەر چی زووترە ئۆردۆگان و حکومەتەکەی لەسەر کار نەمانایە، بەڵام ئەوەی چاووەڕوان دەکرا بەھێزبوونەوەی پێگەی سوپاو باسک ئەستوربوونەوەی ناسیۆنالیزمی تورکی و داخستنی ھەدەپە و زیاتر قوڵبوونەوەی شەڕ و دورکەوتنەوەی چارەسەری ئاشتی بوو. ھەروەھا ئەوەی بیستمان بەیاننامەی یەکەمی کودەتا داوای گەڕانەوەی بۆ عەلمانیەتی توندڕەوی پێشوو دووبارە زیندووکردنەوەی کەلەپور و ڕێبازی کەمالیستی دەکرد، کە لە سایەیدا ئازادی ئاینی ژێرپێنرابوو، کورد کرابوو بە تورکی شاخی و تەنانەت نکۆڵی لە بوونی کرابوو، بۆیە گەر کار بە پێوەری نەتەوەیی بکەین، دەبوایە ئەم بەیاننامەی کودەتاچی یەکان کە دووبارە داوای بوژاندنەوەی کەمالیستی دەکرد رایچڵەکاندینایە، چونکە ھەموو ئەو ئازار و مەینەتی یەی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا دوچاری کوردەکانی باکور بووە لە سایەی کەمالیزم و ھەژمونی سوپادا بووە.‌ ئەوەی تاکو ئێستاش روودەدات ھەر درێژەی ئەو مێژووەیە، چونکە ئەگەر لە ماوەی نزیکەی سەد ساڵدا نکۆڵی لە کورد نەکرابا و دیموکراسی ھەبوایە، ئێستا کیشەی کورد بەو جۆرە ئاڵۆز نەدەبوو .
لە ڕوویەکی ترەوە و سەبارەت بە باشوری کوردستان ھێشتا ڕوون نەبوبۆ‌وە کودەتا چی یەکان کێن؟ بیرکردنەوەیان چییە؟ چ جۆرە سیاسەتێک دەربارەی کوردستانی باشور پەیڕەو دەکەن؟ کە مێژووی سوپا و بانگەشە بۆ باڵادەست کردنەوەی کەمالیزم بۆ ئێمە ئاماژەی سەرەتایی بوون، کە سەرکەوتنیان دژ بە بەرژەوەندی یەکانی کوردی باشوور بوو، چاوەڕوان دەکرا پەیوەندی و مامەڵەی ئێستای تورکیا لەگەڵ ھەرێمدا نەمێنێت و چەقی قورسایی ئەو پەیوەندیە بگەڕێتەوە بەغداد. ئەوساش دەبوو بە ملکەچی یەوە بەرەو ھەندێ پایتەخت بگەرێتەوە کە نوقمە لە دواکەوتوویی و تایەفەگەری و خوێنڕێژی .
بۆیە بەرێزان ئەم دۆخەی ئیمەی تیا دەژین و بیری تیا دەکەینەوە زۆر نائاسایی یە، با چی تر رق و کینە و بوغز بەرامبەر یەکتر بڵاو نەکەینەوە، با چی تر دابوشبوونە سیاسی یەکان وامان لێنەکات بەرژەوەندی یە سیاسی یە نەتەوەییەکان و ئایندەی خۆمان وەک نەتەوەیەک نەبینین، ناکرێت ڕووداوەکانی دەوروبەر ببێتە مایەی زیاتر لێکھەڵوەشانی ڕیزەکانمان وقوڵبوونەوەی بێ متمانەییمان بەرامبەر بە یەکتر کە دژ بە ئەلف و بێی نەتەوایەتی و دیموکراسیە. ھەروەھا ناکرێت چاوپۆشی لە دواڕۆژی گەل و وڵاتەکەمان بکەین و بوترێت چی دەبیت با ببێت. گرنگ ئەوەیە فڵان ھیزی سیاسی لاواز دەبێت و زیان دەکات. کە مەرجیش نیە وابێت، گەر واش بێت مەرج نیە بەو جۆرە بڕژێتە خزمەتی بەرژەوەندی یە نەتەوەیی یەکان و گەشەکردنی دیموکراسیەوە 
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
19/07/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1