وتار
ئەخلاقی پەروەردەیی لەمامۆستاوە بۆ كۆمەڵگا
ئارام على سعيد

مامۆستایانی قوتابخانە بەتایبەتی قوتابخانە بنەڕەتیەكان پەروەردەكارن، لەسەردەستی ئەوان نەوەلەدوای نەوە پەروەردە دەكرێت، بنەمای ئەم پیشەیان بریتیە لە ئەخلاق، ئەخلاقێك نا كە لە كولتووری كۆمەڵایەتیماندا تەنها ئاماژەیەكی هەیەو كاتێك باس دەكرێت هەموو ڕوانگەكان ڕوویان لەوەیە، نا..نا دەسپێكی ئەخلاق لەخۆیانەوە، واتە دەبێ پەروەردە لەهەناوو ڕۆح و ڕەفتارییانەوە سەرچاوەی گرتبێت ئینجا دەگات بەوەرگر، پەروەردە لە هەموو ڕەهەندە جیاوازە كانیەوە، لەخێزان و منداڵیانەوە تاوەكو ژیانكردنیان لەناو كۆمەڵگا، لەوانەیە زۆرجار بەشێك لەو بۆچوونە ڕاست بێت كە پێی وایە گەر كەسێك نەتوانێت یاخود خۆی بە قۆناغی پەروەردەی دروستدا تێپەڕ نەبووبێت ئەوا تفاقی پەروەردەیی پێ نیە بۆ ئەوانی دی، یان ئەوەی لێ چاوەڕوان ناكرێت ببێتە پەروەردەكارێكی باش، لەمەش گرنگتر بەرپرسیارێتی ئەخلاقیە،واتە بەرامبەر بەو پیشەیەی هەیەتی بتوانێت مافی خۆی پێ بدات، لەوانەیە ئەمە بەشێك بێت لەو گرفتانەی مامۆستایان هەیانە بە پاساوی جیاوازو سادە، كاتێك بابەتی ئەخلاقی پیشەییانەو پەیوەستن بوون بە بنەماكانی پیشەیی بوونیەوە دێتە گۆڕێ، پاساوگەلێك دەهێنێتەوە كە شەرعیەتدانە بەخەمساردی و كەمتوانایی خۆی، یان بێباك بوون لەمەڕ وەزیفەكەی، مەخابن دۆخێكی وا ڕەخسێنراوە پەروەردەكار بەهێندەی ئەوەی بیری لای مووچە و قووت و ژیانی بێت كەمتر هزری لای پرۆگرامی خوێندن و میتۆدی پەروەردەیی قوتابیەكانیەتی، ئەمەش بۆخۆی كۆسپە، بەڵام كۆسپێك نیە لەبایەخی وەزیفەی پەروەردەیی مامۆستا كەم بكاتەوە، یان خەمساردو بێ هیوای بكات لەو ئەركەی لەسەرشانیەتی، چونكە دواجار ئەمە پیشەی سەرەكیەتی كە بەناوی پەروەردەكارە زمانی گرتووە.
گونجاوە بڵێین نەبوونی پەروەردەی دروستە وایكردووە كەس لەهیچ ڕازی نەبێت، پەروەردەی خراپ و زاڵبوونی كولتوری نادروست وایانكردووە لە پەروەردەی تاكەوە بۆ كۆمەڵگاو لە نەبوونی پەروەردەیەكی هاوسەنگی خێزانیەوە بۆ بەڕێوەبەران و كاربەدەستان پڕ لە كون و كەلەبەر بن، ڕەوشێكی وا هاتووەتە دی هیچ متمانەیەك نەماوە، ڕەشبینی باڵی كێشاوە بەسەر بیركردنەوەی گشتیدا، بەدگومانی دروست بووە، هەمووان ئۆباڵەكەی دەخەنە ئەستۆی ئەوانیتر، بێئاگا لەوەی هۆكاری لەرزۆكی و فشەڵی ژێرخانی ئەم تەلارە بریتیە لەنەبوونی بناغەیەكی پەروەردەیی دروست ، تەنها چارەسەری ئەم ڕەوش و شێوازەش لەژیانكردنە گەڕانەوەیە بۆ بەرپرسیارێتی ئەخلاقی پەروەردەیی و دەسكاریكردنی ئەو عەقڵانەی كە پەروەردە وەك پێدراوێكی لاوەكی و بەشێكی بچووك لە خەمە كۆمەڵایەتیەكان وێنادەكەن، پێویستە پەیڕەوكردنیشی لەسیاسەتی پەروەردەیی و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەوە دەست پێ بكات و دیسانەوە بەهای پەروەردە لەكێڵگەی كۆمەڵایەتیماندا بچێنێتەوە، لەدروستكردنی تاكی خاوەن مۆراڵەوە تا كاری دەستەجەمعی گشتی موتوربە بە ئەخلاقی پەروەردەیی، ئەمەش وادەكات هەمووان لەبەردەم ئەو بەرپرسیارێتیەدا خۆمان ببینەوە كە ئەركی ئەخلاقی مێژووییمانە بەرامبەر بە نەوەكانی سبەینێ.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
04/12/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ