وتار
كورد له‌نێوان فرۆشتن و خۆفرۆشتندا: (رۆژئاڤا وه‌ك نموونه‌)
کۆسرەت سەڵاح

دۆزی كورد له‌ سه‌د ساڵی رابردوو به‌راورد به‌گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆرترین جار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌ و فرۆشراوه‌، هه‌روه‌ها رابه‌ر و پارته‌ سیاسییه‌كانی گه‌لێ جار دوچاری خۆفرۆشتن هاتوون.

به‌شێك له‌ ره‌خنه‌گران، تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر رووداوه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م كردووه‌، قسه‌ له‌سه‌ر خۆفرۆشتنی رابه‌ر و سه‌ركرده‌كانی جوڵانه‌وه‌ و شۆرشه‌كانی سه‌ده‌ی رابردووی كورد ده‌كه‌ن، وه‌ك ده‌ره‌نجام له‌سه‌ده‌ی نوێ (به‌حساب) سه‌ركردایه‌تی جوڵانه‌وه‌ كوردستانییه‌كان یارییه‌كی جیاوازتر ده‌كه‌ن و خۆیان له خیانه‌ت و خۆفرۆشتن به‌دوور ده‌گرن و هێلكه‌كان ناخه‌نه‌ سه‌به‌ته‌ی یه‌ك زلهێز بۆ ئه‌وه‌ی له‌ فرۆشتنیش به‌دوور بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌رزی واقیع رووده‌دات شتێكی تره‌.

راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ (به‌داخه‌وه‌) زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ كورده‌كان نه‌یانتوانی خۆیان له‌ خۆفرۆشی و خیانه‌ت به‌دوور بگرن، هه‌روه‌ك چۆن نه‌شیانتوانی له‌ فرۆشتن خۆیان بپارێزن. وه‌ك ده‌وترێت، ئه‌گه‌ر كوردستانی باشور ئه‌زموونێكی نا كامڵ بێت له‌سه‌ر ئاستی مامه‌ڵه‌ی ئیقلیمی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رۆژئاڤا جوانتر مامه‌ڵه‌ی كردبێت، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع رووده‌دات رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌یه‌‌، چونكه‌ رووداوه‌كان سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ رابه‌رانی رۆژئاڤا (به‌داخه‌وه‌) له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تی خۆفرۆشی و فرۆشتن به‌ده‌رنه‌بوون، جیاوازی نییه‌ خۆكرد و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بوبێت یان تاكتیك و سیاسه‌ت.

رابه‌رانی رۆژئاڤا، له‌ژێر پاساوی سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندخوازی، له‌یه‌ك كات، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو بلۆكی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا (رووسیا و ئه‌مریكا) مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد، خه‌بات به‌ رۆحێكی چه‌پ و چه‌پگه‌رانه‌ی ماركیسیه‌ت و ده‌ست به‌ چه‌كی ئه‌مریكی، (به‌حساب بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك داشی دامه‌ به‌كارنه‌هێنرێن) كه‌چی هه‌م ئه‌مریكا و هه‌میش روسیا به‌ چه‌ند قۆناغێك شۆرشه‌كه‌یان فرۆشت و وه‌ك داشی دامه‌ له‌ هه‌ركوێ پێویستیان به‌ چه‌كدارانی په‌یه‌ده‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی بوو به‌كاریان هێنا و له‌بری سه‌ربازه‌كانی خۆیان شه‌رڤانانیان به‌كوشتدان، له‌ هه‌ركوێش به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ فرۆشتنی خاكی كوردان دابوو درێخیان نه‌كردووه‌، عه‌فرین و مه‌نبه‌ج و ئێستاش رۆژهه‌ڵاتی فورات به‌نموونه‌. ئه‌سته‌مه‌ كوردێكی ویژدان زیندوو بدۆزیته‌وه‌، ئاگای له‌ دونیابێت، ئینكاری ئه‌و راستییه‌ بكات.

رابه‌رانی شۆرشی گه‌لانی رۆژئاڤا چۆن تووشی خۆفرۆشتن بوون؟ ره‌نگه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ و شیكاری ئه‌و پرسیاره‌ ئاسان نه‌بێت، به‌ڵام رابه‌رانی شۆرشه‌كه‌ سه‌رباقی بوون به داش جارێ بۆ رووسیا و جارێ بۆ ئه‌مریكا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ نه‌یانتوانی له‌ لایه‌نداری و پشتگیری رژێمی سوریا خۆ به‌دوربگرن، ته‌نانه‌ت په‌یكه‌ره‌كانی حافز ئه‌سه‌دیشیان له‌ چواریانی شاره‌ كوردییه‌كانی ئازادبوو لانه‌دا، نه‌بادا به‌شاری كوری دڵی بڕه‌نجێ. له‌لایه‌كی تر، رۆژێ یان دووان به‌ر له‌ هێڕشه‌ دڕندانه‌یه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین خۆیان دایه‌ پاڵ سوپاكه‌ی به‌شار تا به‌بیانوی سه‌روه‌ری خاكی سوریا بیانپارێزێ، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌شیان تۆزقاڵێ سوودی نه‌بوو. هه‌روه‌ها، هێنده‌ی په‌یه‌ده‌ به‌بیانووی جۆراوجۆر سه‌ركووتی هێزه‌ كوردییه‌ نه‌یاره‌كانی كردووه‌ نیو هێنده‌ دژایه‌تی سوپاكه‌ی به‌شاری نه‌كرد، كه‌چی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا (وه‌لید موعه‌لیم) به‌م دواییانه‌ وتی: "نه‌وه‌ك ده‌وڵه‌ت، بگره‌ هیچ هه‌رێم و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و حوكمی زاتیشمان بۆ كوردان قبوڵ نییه‌"، ده‌گوترا سه‌ركردایه‌تی سیاسی باشووری كوردستان دووربین و حه‌كیم نه‌بووه‌ له‌زۆر پرسی گرنگی په‌یوه‌ست به‌دۆزی كور، ریفراندۆم به‌نموونه‌، ئه‌ی حیكمه‌تی سه‌ركردایه‌تی سیاسی رۆژئاڤا چی؟! ئایا ئه‌وانیش حیكمه‌ت و دووربینی و جیهانبینیان نه‌بوو؟ یان كێشه‌كه‌ شتێكی تره‌!.

راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، كه‌ كورد ئه‌م سه‌ده‌یه‌ش له‌ هه‌ردوو دۆخی (فرۆشتن و خۆفرۆشی) ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت نه‌جاتی بێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه‌ خیانه‌ت و خۆفرۆشی له‌ناخی تاكی كورد چه‌قی بێت، به‌ڵكو باڵاده‌ستانی جیهانی هاوچه‌رخ، كوردیان ته‌نیا وه‌ك جاش و پیاوكوژ و كرێ گرته‌ قبوڵه‌، نه‌وه‌ك هاوپه‌یمان و هاوبه‌ش. خۆ سه‌رقاڵكردنی پارته‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی ره‌ش و رووتیش به‌ دیموكراسی و مافی مرۆڤ و پێكه‌وه‌ژیانی ئایینه‌كان....هیتد، جگه‌ له‌ ئیشی بێئیشان و خۆحەواندنەوە شتێكی تر نییه‌، چونكه‌ زلهێزان كرێگرته‌یان ده‌وێ نه‌وه‌ك دیموكراسیخواز و مرۆڤدۆست، هه‌زار پله‌ له‌ غه‌ربییه‌كان دیموكراسیخوازتر و نه‌رمونیانتر و موئه‌ده‌ب تر بیت، عه‌میل و پیاوی ئه‌وان نه‌بیت، جێگاكه‌ت كونجی زیندان و موسته‌حه‌قی قه‌دقه‌دكردنی، پیاوکوژ و خوێنمژ بە، بەمەرجێک گوێ لەمستى ئەوان بیت، سەرکەوتنت مسۆگەرە.

كه‌واته‌: كێشه‌ی دۆزی كورد و به‌ره‌وپێشوه‌نه‌چوونی به‌ ئه‌ندازه‌ی خواستی گه‌لی كورد له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك چه‌نده‌ په‌یوه‌ندی به ناته‌بایی و خۆخۆری كورده‌وه‌ هه‌یه‌، هێنده‌ش –بگره‌ زۆر زیاتر- په‌یوه‌ندی به‌ تێڕوانینی زلهێزانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ كورد و دۆزه‌كه‌ی، تا ئێستا ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ كورد ته‌نیا وه‌ك مه‌قاش به‌كارهاتووه‌ نه‌زیاتر.‌
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
24/12/2018
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ