وتار
ئاشتەوایی نیشتمانی
ئومێد بابان

لەوەتەی پرسی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ھەرێم، کارانەبوونی پەرلەمان و چەندایەتی و جۆرایەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا ھاتووەتە گۆڕێ، بارگرژییەکی توند لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستاندا دروست بووە و دواجار لێکەوتەکانی ئەو قەیرانە نێوخۆییە بە زەقییش لە مێدیاکاندا ڕەنگ دەدەنەوە.

لە ئێستادا، تەنانەت کار گەییشتووەتە ڕەشکردنەوەی یەکدی و ھەندێک کەڕەتیش تۆمەتھەڵبەستن و چاوبەستەکی و خۆڵکردنە چاوی ھاووڵاتیان و بەلاڕێدابردنیان.

ئەو ناکۆکییە سیاسییە کە پتر وەک دژبەری و نەیاری و مامەڵەی دوژمنکارانە لەگەڵ یەکتردا خۆی نواند، ڕەنگە دڵی بەشێک لەو وڵاتە ئیقلیمیانەی خۆش کردبێت کە نان و پیازیان لە دووبەرەکی و شەڕی ڕاگەیاندن و بگرە سڕینەوەی یەکجارەکیی حزبە کوردستانییەکاندا بێت.

لێ ئەوەی پێویستیی دۆخەکەیە، ھەرچەند درەنگیش بێت، لایەنە سیاسییەکانی باشوور دەبێ بەوپەڕی بوێرییەوە و وەک ھەنگاوی یەکەم، شەڕی ئیعلام ڕابگرن و بەرە بەرە، بەرەو لێکنزیکبوونەوە و تێگەیشتن لە دۆخە ھەستیارەکەی ھەرێمی کوردستان، پتر بەرەوڕووی یەکدی بێن و لە پێناو دۆزێکی ڕەوای نیشتمانییشدا، سازش بۆ ھاونیشتمانیان بکەن و تەنانەت سایکۆلۆژیای خەڵکیش کەمێک ھێور بکەنەوە.

ئەم ھەنگاوە کە دەشێ سەرجەم حزبە کوردستانییەکان رۆڵیان تێدا ھەبێت، دەکرێ وا لێک بدرێتەوە کە ئیدی بەرژەوەندیی گشتیی میللەتێکی ستەمدیدەی بەشخوراو بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێ، زۆر لە بەرژەوەندییە حزبی و بەرتەسکەکان مەزنترە و ھەر سازشێکیش لەو پێناوەدا، خەمخۆری و دڵسۆزی و بەئەمەکیی ئەو لایەنانە دەرھەق بە خەڵکی کوردستان و بارە ناھەموارەکەی ھەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، دەردەخات.

ئەگەر لە دەلاقەی چۆنیەتیی ھەڵوێستی حزبەکان سەبارەت بە شەڕی داعش و ئابڵووقەی ئابووریی بەغداوە بڕوانین، دەبێ ئەو پێویستییە ھەنووکەییەیش بخەینە بەر باسوخواسەوە کە پێشتر و ئێستایش لە بەرژەوەندیی خەڵک و حزبەکانیشدا نییە ناکۆکیی توند لە نێوانیاندا ھەبێت، چونکە بە ھەموو بارێکدا یەکدەنگی و یەکھەڵوێستی لەو قەیرانانە دەربازمان دەکات و لەوێ بەدواوە و بە پێچەوانەوە، ڕیسی چەند ساڵەمان دەبێتەوە خوری.

ئەوە بۆیە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان و ئاشتەوایی نیشتمانی لە باشووری کوردستاندا، زەمینەخۆشکەرە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی میللەتێک لە ھەر چوار پارچەی کوردستاندا.

نەخاسمە کە باشووری کوردستان سەنگ و پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ھەیە و ئاشتی و تەباییش لە ھەرێمی کوردستاندا، بەسەر کۆی پارچەکانی دیکەدا (لە ھەموو ڕووەکانەوە) زاڵە و کاریگەری و ڕەنگدانەوەی خۆی دەبێت و بێ "سین" و "جیم"ـیش ئەو واقیعە پێشتر ئەزموون کراوە و بە چاویش بینراوە.

ھەر لەبەر ئەوەیە، پێویست وا دەخوازێت، ھەموومان ھێور ببینەوە و پەندیش لە ڕابردوو و ئێستایش وەربگرین کە ئیتر نە باوی ئەوە ماوە خەباتی سیاسی و قوربانی و خوێنی شەھیدان لە بەرچاو نەگرین، نە بۆ پۆست و ئیمتیازات یەکدی بسڕینەوە و ھەموو شتێک زەڕبی سفر بکەین، بەڵکە لەبری ئەوە دەشێ بە پێکەوەسازان، لێکتێگەیشتن و تەبایی، بەسەر سەرجەمی ئاریشەکاندا زاڵ بین و، ھەمیشە براوەی یەکەمیش میللەت بێت.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
21/07/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ