وتار
ئایا داعش سەر ھەڵدەداتەوە؟
بورهان ڕەئوف

ھەرچەندە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکە ئەمریکا ڕایگەیاند کە ھێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا دەکێشێتەوە  دوای ئەوەی سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆریستانی داعشدابە دەستھێنا و  ئەو ئامانجەی کە بۆی ھاتبوون بە دەستیان ھێنا بەڵام لەسەر زەوی ڕاستیەکان شتێکی ترمان پێدەڵێن ھێشتا لەزۆر شوێن و ناوچەی  سوریاو عێراق جموجووڵ و چالاکی یان ھەیە.
بەڵێ ڕاستە ڕەقە ی پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ئازادکرا و ئەو ئیستراتیجیەتەی کە ھەردوو سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباماو دواتر  دۆناڵد ترامپ سرکردایەتیانکرد بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بە شێوەیەکی کاتی ونیمچە ناتەواو سەرکەوتنی بەدەستھێنا بەڵام گەلێک فاکتەر ھەبوون کە زەمینەیان خۆشکرد بۆ سەرھەڵدانی بیرو ڕەوتی توندڕەوی لە ناوچەکەدا ھەموو ئەو فاکتەرانە  بە ئێستاشەوە ماون و زەمینە زیاتر لە بارە بۆ گەشەکردن و نەشونماکردنیان .
وڵاتێکی وەکو سوریا کە ھەشت ساڵی ڕەبەقە شەڕو شۆڕشە نزیکەی دوازدە ملێۆن کەس لە دانیشتوانەکەی ئاوارەو دەربەدەری ولاتانی جیھان بوون کە بە شی زۆریان لە تورکیا و لوبنان و ئوردن و عێراق و بەشیکیشی لە وڵاتانی ئەوروپان بە تایبەتی ئەڵمانیا کە ڕاوێژکارەکەی خاتوو  ئەنگیلا مێرگل دەرگای بۆکردنەوە سەرەڕای ڕەخنەو گلەیی زۆرێک لە خەڵک و حزبە ئۆپۆزەسیۆنەکانی وڵاتەکی خاوەنی ئەو وتە بەناوبانگەیە وتی خەڵکی لە سوریا و عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوینەوە دێن بۆ لای ئێمە دەرگایان لێنەکەینەوە لە کاتێکدا ناڕۆن بۆ مەککەو مەدینە .ھەروەھا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بوونەتە قوربانی و کوژراون جگە لەوەی بەشێکی زۆر شارە گەورەکانی ئەو وڵاتە خاپورو وێران بوون و ژێرخانی ئابوری داڕوخاوە بە تایبەتی .
لە ڕووی سیاسیەوە بوونی ھێزی دەرکی  ڕوسی و ئێرانی و تورکی لە سەر خاکی سوریا مایەی نیگەرانیە بۆ خەڵکەکەی لە کاتێکدا زۆربەی عەرەبی سوریا سوونی مەزھەبن و بوونی ھێزی ئێرانی شیعە مەزھەب بە شەرمەزارییەکی گەورە دەزانن و بوونی سوپای تورکیا لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا بە ھەمان شێوە بۆ کوردەکانی سوریا مایەی نیگەرانی و بێزاری یە لە لایەکی ترەوە بوونی ھێزەکانی حزبوڵاو ئێران لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل مایەی نیگەرانی و ناڕەزایەتی ئیسرائیل و ئەمریکاشە چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی بوونی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوین پاراستنی ئاسایش و بەرژەوندییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلە .
ھەموو ئەو ھۆکارو فاکتەرانە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی ڕەوتێکی توند ئاژۆی تر بە مۆدێلو ڕیتمێکی نوێتر و توندڕەوتر لە داعش و ئەلقاعیدە سەرھەڵبدەن و کارو کردەوەی زۆر لەوانی پێش خۆیان  ئەنجام بدەن .
لە ھەمانکاتدا بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا ھەرچەندە تا ئێستا کشانەوەیەکی زۆر کەم بە ژمارەو ئامێرەکان کراوەو بە ھەوڵی بەشێکی زۆر لە وەزیرو ڕاوێژکارانی ئیدارەی ئەمریکاو تەنانەت کۆنگریسمانەکانیش  پێناچێت وا بە خێرایی ڕوبدات بە تایبەتی لە دوای گەشتەکانی جۆن پۆڵتن و مایک بۆمبیۆ بۆ وڵاتانی ناوچەکە دڵنییان دا کە دۆست و ھاوپەیمانەکانیان بە تەنیا جێناھێڵن , بەڵام لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر ئەمریکا بە تەواوی ھێزەکانی بکێشێتەوە ئەوە ھێندەی دی دۆخەکە نالەبارتر دەبێت و ھێزەکانی بەشار ئەسەد بە ھەر شێوەیەک بێت وەکو خۆیان وتیان بە شەڕ بێت یان بە ئاشتی دەگەڕێینەوە بۆ ھەموو ناوچەو شارەکان .
لەلایەکی ترەوە ھێزەکانی  سوریای دیموکرات ( ھەسەدە) کە تاکە  ھاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا بوون لە سوریا بەر شاڵاوێکی توندی سوپای تورکیا دەکەون و ھەڕەشەکانی وەزیری بەرگری تورکیا خەلوسی ئاکار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باشترین بەڵگەن .
تا ئێستا زۆر بە کورتی باسی داعشمان کرد لە سوریا بەڵام وەکو دیارە ھەر بە ناوەکەیدا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق وشامە و یەکەمجارە لە دوای سەد ساڵ لە سایکس بیکۆ ھێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش قوولەکانی چاودێری سنووری نێوان عێراق و سوریایان تێکداو لە بەریەکیان ھەڵوەشاندەوە و ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەیان لە مزکەوتی نور لە موسڵ دەوڵەتەکەیانی ڕاگەیاند .
بەڵی َ داعش لەماوەی ڕابردودا جموجوڵی خێراو بەرچاویان لەزۆر لە ناوچەکانی باشووری کەرکوک و دیالەو حەمرین و بیابانەکانی ڕومادی خۆرئاوای عێراق موسڵ دەستپێکردووە تەنانەت باسی سەرھەڵدانی ڕەوتێکی نوێ دەکەن بەناوی ( حراس الدین ) کە لە داعشە ئیگۆر و بیانیەکان بە زۆری پێکھاتوون .
دۆخی سیاسی عێراق لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ٣٠/٩/٢٠١٨ زۆر ئاڵۆزتر و پڕ قەیرانتر بووەحکومەتی نوی دوای چەند مانگێک ھێشتا وەزارەتەکانی پڕنەکردۆتەوە دۆسیەکانی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و کێشەکانی نێوان ھەرێم کوردستان و حکومەتی ناوەندی و جێبەجێ نەکردنی دەستوورو بوونی میلیشیا جیاجیا وئاوەدان نەکردنەوەی ناوچە وێران و خاپوربووەکانی شەڕی داعش و بوارنەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچە سوونیەکان لە لایەن میلیشیاتەکانی حەشدی شەعبی و بەتایبەتی پشتێنەی بەغداد ھەموو ئەمان ھۆکارو پاڵپشتن بۆ سەرلەنوێ سەرھەڵدانەوەی داعش و لە داعش دڕندەتریش .
لە ھەمووی گرنگتر و مەترسیدارتر شکستی حزبو لایەنە کانی ئیسلامی سیاسی بە شیعەو سوونەو ە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دان نەنان بەو ڕاستیەدا و پشت بە ستن بە گزی و فرتو فێڵ لە ھەڵبژاردنەکان و  ھەموو ئاوات و ئومێدێکی خەڵکی عێراقیان زیندە بە چاڵ کرد تا کار  گەیشتە ئەوەی شارێکی زیندووی وەکو بەغداد کەمتر لە سەدا سی بەشدار ھەڵبژاردنیان کرد.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی چەند مانگی پێشووی بەسرەی دووەم گەورە شاری عێراق باشترین گەواھین بۆ بێزاری و نیگەرانی خەڵکی ئەم وڵاتە بۆیە  پێشبینی دەکرێت ئەگەرچاکسازی خێراو گوێ لە گلەیی و گازندە ڕەواکانی خەڵک نەگیرێت ئەوا زۆر ڕەوتی توندئاژۆ  مەترسیدار سەرھەڵبدەن و ئەو کات تەڕو وشک بەیەکەوە بسوتێنن .
لە کۆتاییدا ڕاستییەک ھەیە دەبێت ھەموو کاربەدەستانی ناوچەکەو زلھێزەکانیش پەی پێ ببەن و بیزانن ئەوەیە کە لە ناوبردنی تیرۆر و توندڕەوی ھەر بە سوپاو ڕۆکێت و فڕۆکەو تانک ناکرێت بەڵکو ڕیفۆرم و چاکسازی پێویستە لە ھەموو سکتەرە گرنگە کانی بەڕێوەبردن چ داد پەروەری و شەفافیەت و مافی کەمینە نەتەوەیی و ئتنیکەکان و دابینکردنی ھەلی کارو خزمەتگوزاری ئاسایش و سەقامگیری پاراستنی شکۆو کەرامەتی ئینسان بە یەکسانی.


ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
20/01/2019
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ