وتار
پۆست گلوبالیزەیشن و چەند ئاغایەکی نوێ لە گۆڕەپانەکەد
سامان گەرمیانی

ـ بەشی یەکەم

گومانی تێدانییە کە چەند لایەن و دەسەڵاتێکی نوێ دەرکەوتون لە جیهاندا کە دەیانەوێت بڕیاردەر بن لە داهاتووی جیهان لە بوارە جیاجیاکانی وەکو ئابوری، کولتور، توێژینەوە، ئاسایش، فەزا هتد..ئەم لایەنە نوێیانەش ڕۆژگارێک بوو وڵاتەکانیان تەنها وەکو شوێنی کارکردن بەکارئەهات لە لایەن دەسەڵاتدارە زلهێزەکانی جیهانەوە بێگومان مەبەستم لە وڵاتانی ڕۆژئاوایە. 

دەرفەت نیە کە لێرەدا زۆر بە وردی باس لە سوودو زیانەکانی جیهانگیری/گلوبالیزەیشن بکەم، ئەوەی ئەمەوێت ئاماژەی پێبدەم دەرهاوێشتەکانێتی بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ڕێسای نوێی جیهان(new world order) 
من بڕوام وایە بەشێکی زۆری ئەم گۆڕانکاریانە ئەگەڕێتەوە بۆ خراپ هەڵسەنگاندنی ئەو جیهانگیریەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەرەتادا پێشڕەویان کردو دایانمەزراند. 

ئەگەر باس لە مەبەستی بنەڕەتی گلوبالیزم بکەین ئەوا ئەتوارنێت بە "کەرەستەیەکی" سوودبەخش ناوببرێت بۆ نموونە کاتێک کۆمپانیاکان بە مەبەستی گەشەسەندن و قازانجی زیاتر ڕوو لە وڵاتانی دەرەکی ئەکەن بە هەمانشێوەش سوود بەو وڵاتە ئەگەیەنن کە تیایدا دادەمەزرێن لە بوارەکانی هەلی کار، سەرمایەگوزاری، گەشەسەندن، زانیاری و هتد.. ئەمەش سودێکی دوولایەنە ئەبێت win-win بۆ هەردوو لایەنی بەشداربوو وە زیاتریش ئەو لایەنە تیایدا سودمەند دەبێت کە هێشتا لە گەشەکردندایە (وڵاتانی جیهانی سێ) و هەلی کار تیایدا کەمەو بەدەست هەژاریەوە دەناڵێنێ کە ئەمەش دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەستکەوتنی کرێکاری هەرزان. 
ئەوەی کە هەستی پێدەکرێت بوونی ئەجێندایەکی شاراوەیە بە دوور لەو مەبەستەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ئەویش بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاترە بەسەر ئابوری جیهاندا و دەسەڵاتی زیاتری لۆکاڵی لە ناوچە جیاجیاکاندا بەو پێیەی کە لە ڕێگای زاڵبون بەسەر ئابوری ئەو ناوچانەدا بتوانرێت سیاسەتی ناوچەکان کۆنترۆڵ بکرێت. بەدەرلەوەش ڕۆژئاوا (سۆفت پاوەر)ی بەکارهێناوە کە بریتیە لە  زاڵبون بەسەر کولتوری ئەو ناوچانەدا بە مەبەستی گۆڕینی ئەو نۆرمو پێوەرانەی کە لە ناوچەکاندا باون، ئەمەش لە ڕێگای زاڵبون بەسەر شێوازی جلوبەرگ، مۆسیقا، کەرەستەی ـ IT, مێدیا، بانک، زانکۆکان و هتد.. کە زۆربەی جیاوازی و تازەگەرییەکان لە ڕۆژئاواوە سەرهەڵئەدەن ئەمەش هەمووی لەبەر بەرژەوەندی خودی ڕۆژئاوا خۆی.

سەرەڕای هەموو ئەم پلانانەی ڕۆژئاوا دایڕشتبوو بۆ سەرخستنی گڵوبالیزم بەڵام نەتوانرا ئامانجەکانی بە تەواوەتی بپێکێت بە پێچەوانەوە بووە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵێک زلهێزی تر کە من لێرە زیاتر ئاماژە بە دوانیان ئەدەم ئەوانیش، چین و ڕوسیا. 

چەند هۆکارێکی سەرەکیش لەم سەرنەکەوتنەدا بریتی بوو لە:

 ۱. بیگومان گلوبالیزەیشن هۆکارێک بووە بۆ زیادکردنی بەرچاوی چینی ناوەڕاست لە چین و ڕوسیا بەڵام لەم دوو وڵاتەدا هێزێکی تاکڕەوانە حوکم دەکات کە بە تەواوەتی جوڵەی بازاڕی کۆنتڕۆل کردووە لە بەرژەوەندی کەسێک یاخود لایەنێکی دیاریکراو. ئامانجی سەرەکیش لەمە بەکارهێنانی داهاتەکەیانە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان وبایەخنەدان بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و  تەندروست وە دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ تاکەکان کە ئەمەش تێچوویەکی زۆری پێویستە وەک چۆن لە ڕۆژئاوا بایەخی پێ دەدرێت.  
 ۲. لەدەستدانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا بەسەر کۆمپانیاکانی خۆیدا بەهۆی ئەوەی کە کۆمپانیاکان بون بە بەشیک لە گۆڕەپانێکی نێودەوڵەتی کە ئەمەش وای کرد کە شارەزای و تەکنەلۆژیا بە ئاسانی بگوازرێتەوە و بقۆزرێتەوە لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە تیایدا کاریان دەکرد بەتایبەتی چین و ڕوسیا. 
 ۳. زیادبوونی چینی ناوەڕاست هەروەکو لە خاڵی ۱ دا ئاماژەم پێدا زیادبونی کڕیاری بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەمەش بۆتە هۆکارێک کە کۆمپانیاکان بەدەرلەوەی کە ئەم وڵاتانەیان لە ڕابردوودا وەکو سەرچاوەیەک بۆ هێزی کاری هەرزان بەکارهێناوە لە ئێستادا دەتوانن وەکو بازاڕێکیش بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەلەکانیان بەکاریانبهێنن. بۆ نموونە کۆمپانیای Apple تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا نرخی 450 ملیار  لە بۆرسەی ئەمریکادا شکاوە بە بۆنەی ڕکابەری بەهێزی کۆمپانیای ناوخۆیی چینی لەناو بازاڕی چیندا.
 ٤. شەراکەت یاخود بە تەواوەتی کڕینەوەی کۆمپانیای زەبەلاح لە لایەن وڵاتانی وەکو چین و ڕوسیا و هیندستان بۆ نموونە کۆمپانیای Volvo، IBM, Range Rover هتد..
 ٥. گەشەسەندنی ڕۆژئاوا وای کردووە کە پێویستیەکی زۆریان بە گازی سروشتی هەبێت وە ئەمەش دەسەڵاتی ڕوسیا بەرامبەر بە ڕۆژئاوا بەهێزتر دەکات بە هۆی جوگرافیای ستراتیژی ئەم وڵاتەوە. 

ئەم هۆکارە سەرەکیانە وایانکردووە کە دەرفەت بدرێت بۆ دروستبوونی زلهێزی نوێ لە جیهاندا وەکو چین و ڕوسیا کە توانیویانە بارودۆخەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوەو بڕە پارەیەکی زۆر، تەکنەلۆژیایەکی بەهێز، توێژینەوەی پێشکەوتوو ، دروستکردنی بازاڕێکی بەهێز کە جیهان ڕویتێئەکات بەدەستبهێنن. ئەم زلهێزە تازانە بە شێوەیەک گەشەیان کردووە کە تەنانەت گەمارۆی ئابوریش کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەریان. 
توانیویانە سوپای بەهێزو مۆدێرن هاوشێوەی ڕۆژئاوا دروستبکەن وە بە ملیارەها دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ کڕینی دەسەڵات لە چەندەها ناوچەی ئەفریقا و ئاسیادا و لەڕێگای بەکارهێنانی سوپا وە بەتایبەتی ڕوسیا کە لە ئێستادا شان بە شانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەورێکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەبینێت. 

دروستبوونی ئەم زلهێزە نوێیانە لە جیهاندا بۆتە هۆکارێکی سەرەکی کە وای کردووە ڕۆژئاوا بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە وە دەرەنجامی ئەوەش چەندەها سەرۆکی ناسیۆنالیستی دروست بووە بەرچاوترینیشیان دۆناڵد ترامپ ە کە دەیەوێت سنوورەکانی خۆی بەهێز بکات و لە ڕێگای سنووردارکردنی گلۆبالیزم سەرفیاتەکانی وڵاتەکەی کەمبکاتەوە، بۆ نموونە هەڵوەشاندنەوەی چەندەها ڕێکەوتننامە لەگەڵ وڵاتانی زلهێزدا بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی وڵاتەکەی وە لە هەمانکاتتدا ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی زانیاری و پێشکەوتنی وڵاتەکەی لەلایەن زلهێزە نوێکانەوە.
ستراتیجیەکی تر ک‎ کە ترامپ بەکاریدەهێنێت پاشەکشەپێکردنی هێزەکانێتی لەو ناوچانەی کە گرنگیەکی ئەوتۆی نییە بۆ سیاسەتی داهاتووی ڕۆژئاوا بەڵام لە هەمان کاتتدا قورساییەکی زۆر ئەخاتە سەر باری ئابووری و مرۆییان، هەر وەکو ترامپ خۆی چەندجارێک بەم دوواییانە دووپاتی کردۆتەوە کە ئەمان پولیسی جیهان نین!   
‎ئەم گۆرانکاریانەش لە سیاسەتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا کاریگەری لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە وە ئەمەش دەبێتە بابەتی بەشی دووەم لەم زنجیرە نوسینەدا
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
25/01/2019
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ