وتار
بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و قەوقاس و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەک پاکیجن؟
سامان گەرمیانی

بەشی دووەم

وەکو لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمپێدا بەشێکی بەرچاوی سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکان بەندە بە باری ئابورییانەوە. لەم بەشەدا هەوڵ ئەدەم تیشک بخەمە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بە گشتی و ڕوسیا بە تایبەتی چونکە سیاسەتی ئەوان کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست.

بارودۆخی ئێستای ئابوری ڕوسیا

داهاتی سەرەکی ڕوسیا بریتیە لە نەوت و گازی سروشتی کە لە هەمانکاتدا بۆتە چەکێکی بەهێز بۆ کۆنتڕۆڵکردی وڵاتانی دەوروبەری. ئەم داهاتەش لە ۳٠٪ ی داهاتی ڕوسیا و لە ٥٠٪ ی بودجەی گشتی ڕوسیا پێکدێنێ.  لە ۷٠٪ ی بازاڕی ڕوسیاش لە ڕێگای حوکمەتەوە قۆرغکراوە و نەبونی بازاڕی ئازادو ڕکابەری تیایدا بۆتە هۆکارێک کە بە ئاستەم دەتوانرێت گەشە بە بازاڕەکە بدرێت وە هەربۆیە تەرکیزی تەواو خراوەتە سەر بواری ووزە (نەوت و گازی سروشتی)

پۆتین دڵنیایە لەوەی کە ئەم کۆنترۆڵکردنەی بازاڕی وڵاتەکەی زەرەر لە گەشەو بەرەوپێشچونی بازاڕەکە دەدات بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوورە لەسەر لەدەستنەدانی ئەم کۆنتڕۆڵە لە پێناو پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا.  

سێکتەرێکی تر کە پۆتین زۆر بایەخی پێ دەدات چەکە، کە لە ئێستادا بە بڕی پانزە ملیار دۆلار فرۆشیاری هەیە لە ساڵێکدا و ئەم ژمارەیەش ڕووی لە زیادبوونە. سەرەڕای ئەوەی کە ڕوسیا ئەزموونێکی درێژی لە بواری چەک دروستکردندا هەیە توانراوە لە سەردەمی پۆتیندا هێندەی تر پەرەی پێبدرێت و بگاتە ئاستێک کە دەتوانرێت ڕکابەری چەکی ڕۆژئاوای پێ بکرێت. 

بێگومان ئەم پەرەپێدانەش بێ مەبەست نییە، پۆتین دەیەوێت لە ڕێگەی فرۆشتنی چەک بە وڵاتانی تر دەسەڵات لەو وڵاتانەدا پەیدا بکات. لە هەمانکاتدا ببێتە پاڵپشتێک بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێویستیان بە چەکە چ بۆ خۆپاراستن بەرامبەر هێزی ڕۆژئاوا بۆ نموونە سوریا، ڕژێمی ڕوخاوی عێراق، ئێران هتد.. یاخود بۆ پارێزگاری کردن لە خاکەکەیان لە بەرامبەر هێزی دەرەکی وەکو ئەوەی کە لە چین و هیندستان ڕوودەدات. 

ڕوسیا هەوڵیداوە لە ڕێگای نمایشی هێزی سەربازی و بەژداری کردن لە جەنگدا بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی چەکەکانی گەرم بکات. لێرەشدا سوریا وەکو نموونەیەکی زیندوو بەرچاودەکەوێت کاتێک توانی بە پاڵپشتی سەربازی لە لایەن ڕوسیاوە بە چەکی  زەمینی و دەریایی و ئاسمانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت کە دەرئەنجام پێگەی دبلۆماسی و سیاسی ڕوسیا پتەوتر بوو لە جیهانداو لە هەمانکاتیشدا ناردنی مەسیجێک بوو بۆ جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کە ڕوسیا ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ ئەو وڵاتانەی کە نایانەوێت بکەونە ژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاوا.
 
کەواتە ئەتوانین بڵێین کە بایەخدان و گەشەپێدانی ڕوسیا بە هەردوو سێکتەری ووزەو چەک ئەم وڵاتەیان کردۆتە زلهێز و یارمەتیدەربوون بۆ فراونکردنی سنوورەکانی و بەدەستهێنانی هێزی زیاتر لە جیهاندا.

ئامانجی ڕوسیا چییە؟

ئاشکرایە کە هەموو هەوڵێک ئامانجێکی لەپشتەوەیە، ئەو ئامانجانەی کە ڕوسیاش دەیەوێت لە ڕێگای هەوڵەکانییەوە پێیبگات زۆرن بەڵام دیارترینیان فراوان کردنی سنوورەکانێتی بەرەو ئەوروپاو سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیەتی لە بوارە جیاجیاکاندا بەسەر ناوچەی قەوقاس (جۆرجیا، ئازەربایجان، ئەرمێنیا) و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا (ئۆکرانیا، بەلکان) کە ڕێگای سەرەکین بۆ ئەم مەبەستە. ئەم فراونبوونەش بەتایبەتی لەو ناوچانەدا سەرکەوتوو بووە کە پێشتر ڕوسیا لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێتدا دەسەڵاتی بەسەردا هەبووە چونکە بوونی زمان و کولتووری هاوبەش لە نێوانیاندا زیاتر لێکنزیکبونەوەی دروست کردووە. مەبەستی سەرەکیش لە تەوقکردنی ئەوروپا بەم شێوەیە نانەوەی دووبەرەکییە لە نێوان وڵاتانی ئەوروپاداو هەروەها ناچارکردنی ئەوروپایە بە کڕینی گازی سروشتی لە ڕوسیا کە ئەمەش وا لە ئەوروپا ئەکات کە زیاتر وابەستە بێت بە ڕوسیاوە. 

ئەو بۆریە گازانەی کە ئەمڕۆ بەکاردەهێنرێن بریتین لە خەتی یامال، نۆرد ستریم، خەتی ئۆکراین وە هەروەها هێڵێکی نوێ (TAP) کە ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایەو بەقەوقاس و تورکیادا تێدەپەڕێت. لە سەرەتادا مەبەستی ئەوروپا لە هێڵی TAP ئەوەبوو کە کەمتر ببەسترێتەوە بە گازی سروشتی ڕوسیاوە بەڵام ڕوسیا ئەم هەلەی زیرەکانە بۆ بەرژەوەندی خۆی قۆستەوەو توانی ببێتە بەشێک لەو پرۆژەیەش. ڕوسیا بەهێزبوونی خۆی لە ناوچەکانی قەوقاس و سوریا وە ناچارکردنی ڕۆژئاوا بە کشانەوەی سیاسی لەو ناوچانەداو دۆخی نوێی نێوان ڕوسیاو تورکیا (بە تایبەتی بە هۆی ئەو هەڵەیەی کە تورکیا کردی بەرامبەر بە ڕوسیا بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕوسی کە تورکیای ناچاری جۆرە تەسلیمبونێک کرد بەرامبەر بە ڕوسیا) هەموو ئەمانەی وەکو کارتی فشار بەرامبەر بە تورکیا کارهێنا تا بتوانێت شەراکەتی خۆی لە هێڵی TAP مسۆگەر بکات.
سەرەڕای ئەمەش ڕوسیا توانیوێتی تورکیا ناچاربکات بە واژووکردنی گرێبەستی کڕینی چەکی S400 کە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. 

ئەم پەیوەندییە نوێیەی ڕوسیاو تورکیاش گرنگی ناوچەی قەوقاس و تورکیای زیاتر کردووە بۆ ڕوسیا. بێگومان ئەم هەلەش لەلایەن تورکیاوە قۆزراوەتەوە لە کاتێکدا کە ئەم وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گۆشەگیر کراوە لە لایەن ئەوروپاو ئەمریکاوە بە تایبەتی دوای ئەوەی کە سوپاکەیان بە تەواوی کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆردوگانەوە کە ئەیەوێت وەکو سەرکردەی نوێی ئیخوان موسلمین ڕۆڵ ببینێت. 
بەدەرلەوەش زۆرینەی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا و فەرەنسا تورکیایان قبوڵ نییە وەکو ئەندامێکی ئەو یەکێتییە، چونکە پییان وایە کە ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ گەشەسەندنی ئیسلام لە ئەوروپادا بەو پێیەی کە تورکیا دەتوانێت بەپێی ژمارەی دانیشتوانەکەی ببێتە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری کورسیەکانی ئەو پەرلەمانە. بۆیە تورکیا ناچارە کە بە پێی توانا پەیوەندی خۆی لەگەڵ ڕوسیادا پتەو بکات. 

ڕوسیا لە نێوان هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر و ئەو ئاستەنگییانەی دێنە پێشی!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
26/01/2019
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ