وتار
قەیرانەکانی عێراق لە م ساڵدا
بورهان ڕەئوف


ئەگەر ساڵانی ڕابردوو عێراق بەڵێ عێراقی نوێ گیرۆدەی قەیرانگەلێکی تاقەت پڕوکێن بووبێت ئەوا لەم ساڵیشدا لیستێکی درێژ لە قەیران و ململانێ ی ناپەسەندوو دژ بە دەستوورو دژ بە پرنسیپەکانی پێکەوە ژیان و لێبووردەیی ھەن کە پێناچێت بەم کاراکتەرانەی ئێستای سەر شانۆی ڕووداوەکانی عێراق بێنە چارەسەرکرن .
ئەگەر چی دڵمان خۆشەو بەڕاستی جێگای خۆشحاڵیشە کە پێکھاتەکانی عێراق لە ڕابردوودا بە  گۆڕی بەکۆمەڵ و جینۆسایدو چەکی کیمیاوی قەدەغەکراو کۆچ پێکردنی زۆرەملی و گۆڕینی دیمۆگرافیا زۆر کارو کردەوەی ناپەسەندو نابەجێ کە مرۆڤایەتی لە ئاستیاندا شەرمەزارە کێشەو ململانێکانیان یەکلایی کردبێتەوە ئێستا لە ژێر قوبەی پەرلەماندا خەباتی سیاسی و دیالۆگ و ململانێ ی ژیاریانە بکەن و دەستوور جێبەجێ بکەن کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگیان لە سەرداوە .
بۆیە ئەگەر فراکسیۆن و قەوارە سیاسیەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتوو نەبوون لەوەی ھەموو پۆستە وەزارییەکانی کابینەکەی عادیل عەبدولمھدی  پڕبکەنەوە بە تایبەتی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری وداد ئەوا لە مساڵیشدا تاوەکو کاتی ئێستا نەیانتوانیووە بگەنە سازان بۆ پڕکردنەوەیان بە ھۆی ململانێ ی نێوان خودی پێکھاتەکان خۆیان بە تایبەتی شیعەکان .
بۆیە بە وردبوونەوە لە بارودۆخی ئێستای عێراق ھەندێک ڕاستیمان بۆدەردەکەوێت و ئەوەمان پیشان دەدات کە عێراق ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی گەورە دەبێتەوە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئاسایشەوە ھەوڵدەدەم لە خوارەوە بەکورتی لەسەر ھەریەکەیان ھەڵوەستە بکەم .
سیاسی 
عێراق بەھۆی ململانێ تائیفی و ئتنیکی لە ساڵانی ڕابردوودا کێشەو ململانێ ی گەورەی ڕووبەڕوو بووەوە بەڵام لە ئێستادا ململانێکان قووڵتر بوونەتەوە بەوەی ململانێ کەوتوەتە نێو ماڵی شیعەو پێکھاتەکە ی خۆیانەوە کەلە ڕابردوودا ھەموو یان لەئیئتلافێکدا کۆبووبوونەوەو ھەموو بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکەنیان یەکلایی دەکردەوە کە ئەمەش شانۆی ڕووداوەکانی عێراقی زیاتر ئاڵۆزکرد , ئێستا ئەگەر لایەنەکان لە ژێر فشاری دەرەکیدا بگەنە سازانێک بۆ تەواو کردن و پڕکردنەوەی وەزارەتە کانی ناوخۆ و بەرگری و داد بەمەش کۆتایی بە ئاریشەو ناتەباییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق نایەت بەڵکو زۆر کێشەو قەیران تر سەر ھەڵدەدەن  لەوانە مەسەلەی بوونی ھێزی بێگانە لە سەر خاکی عێراقە کە ھەندێ لایەنی سیاسی عێراق دەخوازن یاسایەک دەربکەن لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە ئەو ھێزانە لە عێراق دەربکەن کە مەبەستیان ھێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق و ئەوەش ڕوون ئاشکرایە لە حاڵەتی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەیان ھێننە عێراق و لە ئێستاشدا زۆر بنکەو پێگەی سەربازی تازەی ئەمریکا لە زۆر شوێنی  عێراق کراوەتەوە  کە ئەمەش ھەڵوێستێکی جێ ی نیگەرانی دەبێت بۆ عەبدولمھدی لە نێوان دژ و لایەنگری دا .
لەلایەکی ترەوە دۆسیەی سیاسی عێراق لەناوەخنەکەیدا دەیان کێشەو ململانێ ی ئاڵۆزی تێدایە بە تایبەتی دیاردەی گواستنەوەی سەنگەر و  ئەم بەرو ئەوبەر لە نێوان قەوارە سیاسیەکان بە تایبەتی لە نێوان ھەردوو فراکسیۆنی ڕیفۆرم و بنیاتنان کە ئەمە وادەکات یەکلایی کردنەوەی ھەریاساو بڕیارێک وا ئاسان نابێت .
دۆسێ یەکی تری زۆر ئاڵۆز مەسەلەی گەمارۆکانی ئەمریکایە لە سەر ئێران کە تا ئێستا عێراق و چەند وڵاتێکی تر بەخشراون لێ ی بۆ ماوەی نەوەد (٩٠) ڕۆژ  , ئەوەی جێگەی مەترسی و لەوەیە لە داھاتوودا ببێتە قەیرانی گەورەو ئەوەیە  بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە  باکورو ڕۆژئاوای عێراقن گەورەترین باڵوێزخانەی ئەمریکا لە جیھاندا لە بەغدایە  , لەڕۆژانی ڕابردوودا گەورەترین شاندی ئێرانیش بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە ھاتنە عێراق و ھەرێمی کوردستان و خوازیاری پەیوەندی بەھێزن لە گەڵ عێراق  بۆیە ئەگەری ئەوە ھەیە عێراق لە بەرداشی نێوان ئەمریکاو ئێراندا زیانمەندی گەورە بێت ئەگەر بە ژیرو حیکمەتەوە ھەڵسوکەوت نەکات.
بێجگە لەوانەش بارێکی زۆری قورس لە کێشەو قەیرانی قورس لە کابینەکانی پێشووترەوە ماونەتەوە بۆ کابینەی نوێ کە پێویستی بە چارەسەری بە پەلە ھەیە کە زۆر بابەت دەگرێتەوە .
ئابووری 
ئەگەرچی ئابووری عێراق دەتوانین بڵێین بەڕادەیەکی زۆر تا ٩٥% پشتی بە نەوت بەستووە وەک تاکە داھاتی وڵات لە بەرئەوە بەرزی و نزمی نەوت کاریگەری زۆر و ڕاستەوخۆ لە باری بەڕێوەبردنی وڵات دەکات لە کاتێکدا سەرچاوەکان باس لە قەرزارییەکی زۆری عێراق دەکەن تا نزیکەی ١٤٠ ملیار دۆلار , لەلایەکی ترەوە کەمی و نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویست و ھەنووکەییەکانی خەڵک و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی چەند مانگی پێشووی پارێزگای بەسرەی دووەم گەورە شاری عێراق گەواھی ئەوەن کە لە عێراقدا قەیرانی قووڵی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابووری ھەیە و ئەوانەش کێشەگەلێک نین لە شەوو ڕۆژێکدا چارەسەر بکرێن بەڵکوکات و پارەی دەوێت ئەمانەو سزاکانی سەر ئێران ئەگەر جێبەجێ بکرێت کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر عێراق و چونکە تا ئێستا ئەڵتەرنەتیفیان بۆ نەدۆزراوەتەوە.
ئاسایش 
ئەگەرچی وا ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر بانگی سەرکەوتن بە سەر چەتەکانی داعش و ئازادکردنی شاری گەورەی مووسڵ لە دەستیان بەڵام تا ئێستا زۆرێک لە ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە بوودجەی عێراقیش پارەی پێویست تەرخان نەکراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانەکان و لە لایەکی ترەوە شانە نووستووەکانی داعش دەستیان بە جموجووڵ کردووە لە دەشت و دەرو بیابان و شاخەکان ھەڕەشەی جدیین بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات , لەبەرئەوەی ھیەموو ئەو فاکتەرانەی کە ھۆکار بوون بۆ سەر ھەڵدانی ئەو ڕەوتانە تا ئێستاش ماون و حکومەت و ھێزە باڵادەستەکان ھیچ پلان ونەخشەیەکیان نیە بۆ بنبڕکردنی .

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
27/01/2019
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ