وتار
دیسانەوە مادەی ١٤٠
هۆشیارجەمال
 

کەرکوک ئەوشارەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا ھەردەم جێگای ململانێ و خاڵی ناکۆکی نێوان حکومەتی عێراق و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بووە، گرنگییە ئابووریەکەی کە خۆی دەبینێتەوە لە بوونی یەدەگێکی زۆری نەوت ھۆکارێکی سەرەکیی ئەم ململانێ بەردەوامە بووە.

 
ھەرئەمەش وایکردوە ئەم شارە خۆی و دانیشوانە ڕەسەنەکەی بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە کە نیشتەجێی شارەکەن ھەردەم زۆرترین قوربانییان داوە، بەتایبەت لەسەردەمی حکومڕانی حیزبی بەعسی ڕووخاودا کە ھەموو جۆرەکانی ڕاگواستن و تەبعیس‌و تەعریبی بەرامبەر بەکارھێنرا و پشکی شێریش بەرنەتەوەی کورد کەوت.
 

حیزبی بەعس ڕوخاو دەسەڵاتی کوردی گەیشتە کەرکوک و بەشێکی زۆری ناوچەکانی چواردەوری، بەڵام دەسەڵاتی کوردی بەھۆی ھەڵپەی پلەو پۆستی بەغداد و دەست کەوتنی زۆرترین پارە و سامان نەیتوانی شارەکە بگەڕێنتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵکو ئایندەی شارەکەی سپارد بە مادەی ٥٨ و دواتر ١٤٠ی دەستوری عێراق!

 
ئاخر لەکوێی دونیادا بووە نەتەوەیەک دڵنیابێت لەوەی خاکەکە ھی خۆیەتی بیخاتە چوارچێوەی ماددەو بڵێ دوای ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە با ڕاپرسی یاخود سەرژمێری بکرێت، ھەموان دەڵێن نیشتیمان دایکە، کەس ھەیە دایکی بنێریت بۆ پشکنینی (DNA)یان خۆی بچێت بۆ تاقیگە تاوەکو دڵنیابێتەوە کە دایکییەتی یان نا؟

 
ھەروەھا دەسەڵاتی کوردی لەجیاتی بەکارھێنانی ناوی کەرکوک وەک بەشێک لە نیشتیمان، وشەی ناوچە جێ ناکۆکەکانی لە ڕاگەیاندنەکانەوە ناساند بە ھەمووان وەک بڵێت کە گومانیان لە کوردستانی بوونی ھەبێت!(دواتر کرا بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.)


بەشێک لە ھاوڵاتیانیش ھۆکارن بۆ ئەم دۆخەی کەرکوک، چونکە پارەی قەرەبووی مادەی ١٤٠یان وەرگرت، لەجیاتی ئەوەی بچنەوە لە شارو شوێنەکانی خۆیان نیشتەجێ ببن، بەڵام ھەر لە ناوچەکانی پێشتریان لە ھەرێم مانەوە، کەسێک ئامادە نەبێت بچێتەوە شارەکەی خۆی ئەی بۆ لۆمەی عەرەبی ھاوردە بکرێت کە بۆ ئەوانیش پارەی قەرەبوویان وەرگرت‌و نەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵکو تەنھا گەڕەکەکەیان گۆڕی، ئەوان جێگایەکی پڕ خێریان دەستکەوتووە بە بێبەرامبەر چۆن جێی دەھێڵن؟


لە دوای بەعس زیاتر لە ١٢ ساڵ کورد حاکم‌و دەسەڵاتداری ئەو ناوچانە بووە، نەک ھەرنەیتوانی کەرکوک بگەڕێنێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵکو نەشیتوانی تەبایی‌و ڕۆحی پێکەوە ژیان لە نێوان پێکھاتەکانی شارەکە دروست بکات لە پێناو ئەوەی ئەوانیش تێگەیشتنیان بگۆڕێت بۆ کوردو حکومڕانی کورد‌و حەز بکەن لەچوارچێوەی ھەرێمدا بژین نەک عێراق.


لەدوای ھاتنی داعش‌و کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە و سەرجەم ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم بە خوێنی پێشمەرگەو ھاوکاری خەڵکی ناوچەکە، لەجیاتی ئەوەی لەسەرئاستی ناوخۆو بە یەکڕیزی ھەوڵی گفتوگۆبدەن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەو عێراق بۆ گێڕانەوەی کەرکوک بە پلانی وردەوە، وتیان سیاسەتی ئەمری واقیع جێبەجێ ئەکەین و مادەی ١٤٠ کۆتایی ھات و کەرکوک گەڕاوەتەوە سەر ھەرێمی کوردستان!


بە بۆچوونی من خراپترین جۆری سیاسەت کردن بوو، چونکە لە عێراق سنورەکان لە نێوان ھەرێم‌و بەغداد ناجێگیرن‌و سیاسەتی ئەمری واقیعیش واتە کێ دەسەڵات داربوو ئەوە حوکمی ڕەھا دەکات، ڕیفراندۆم کراو دوای کەمتر لە دوو مانگ لەشەو و ڕۆژێکدا کەرکوک‌و ھەموو ناوچەکانی تر کەوتەوە دەست حکومەتی عێراق، ئێستا ئەوانیش بە سیاسەتی ئەمری واقیع حوکم دەکەن، ڕۆژێک ڕێگا لە چوونی کتێب دەگرن بۆ کەرکوک و ڕۆژێک عەرەب دەنێرنە سەر گوندە کوردییەکان و دەریان دەکەن و جیاوازی لە خزمەتکردنی گەڕەکەکان و دابەشکردنی پڕۆژەکان دەکەن.


ئێستاش حیزبە کوردییەکان پۆل پۆل بەرەو بەغداد ڕۆیشتوون، ھەر لەسەر ئاستی شەخسی‌و پەرلەمانتار تا سەرۆکی حیزب، بە سەرۆکی ئەو حیزبەشەوە کە پێشڕەوی ڕیفراندۆم بوو، بڕیاریاندابوو بە ھاوڵاتیان بە پاسپۆرتی دەوڵەتی کوردی‌و دراوی کوردییەوە سەردانی بەغداد بکەن، لەپێناو پۆست‌و پارەو دەسەڵاتدا لە دەرگای ھەموو حیزبە عێراقیەکان دەدەن‌و بەڵێنی ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان دەدەن.


بەڵام کەرکوک و مادەی ١٤٠ لە ئەجێندای ھیچ کام لە سەردانەکاندا نیەو ئامادەشن بۆچەندین ماوەی تر پارێزگارێکی عەرەب حوکم بکات‌و کوردێک نەبێت کە سەربە حیزبەکەیان نەبێت، ھەموانیش خۆیان بێدەنگ کردووە بەرامبەر ئەو شارەی ڕووبارێک خوێنی لە پێناودا ڕژاوەو ئەوشارەی دانیشوانەکەی ئازار نەماوە نەیچێژن.
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
04/02/2019
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ