وتار
ئاڕاستەی تورکیا بەرەو کوێ؟
سامان گەرمیانی
ئاڕاستەی تورکیا بەرەو کوێ
بەشی سێیەم

لە بابەتی پێشودا باسمان لە ستراتیجیەکانی ئەمریکاو ڕوسیا کردو تیشکمان خستە سەر کاریگەرییەکانی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی. 
ئێساش دەمەوێت سەرنجتان ڕابکێشم بۆ سەر هەڵسوکەوتی تورکیا و ئێران (لە بەشی داهاتووی ئەم زنجیرە نووسینانەدا تیشک دەخەمە سەر وڵاتی ئێران) بە هۆی هەڵوێستی نوێی زلهێزەکان بەرامبەر بە ناوچەکە. 
هۆکاری ئەوەی کە ئەم دوو وڵاتەم هەڵبژاردووە ئەوەیە کە دوو بەهێزترین دەسەڵاتن لە ناوچەکەدا (ئەمە بەدەر لە عەرەبستانی سعوودی کە خۆی لەژێر دەسەڵاتی ڕۆژئاوادایە) هەروەها هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەری دۆخی داهاتووی ئەم دوو وڵاتەدایە. 

ئاشکرایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە پشتبەستن بە ترەمپ و ڕوسیا و بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە ناوچەکەدا ئامانجیان ئەوەیە کە ئۆردوگان لاواز بکەن وە تا بتوانین باشتر لەمە تێبگەین پێویستە لە دۆخی ئابووری ئێستای تورکیاو بکۆڵینەوە. من لێرەدا نامەوێت زۆر بە قووڵی بچمە ناو بابەتەکەوە بەڵکو تەنها ئاماژە بۆ دیارترین ئەو ئاستەنگییە ئابورییانە دەکەم کە ڕووبەڕووی ئەم وڵاتە دەبێتەوەو و کاریگەرییەکانی بۆ سەر سیاسەتی داهاتووی. 

هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازبوونی لیرەی تورکی کە هۆکاری سەرەکییە بۆ قەیرانی ئابووری ئێستای تورکیا:

 ۱. لە زۆربەی هەرەزۆی وڵاتانی جیهانی سێدا کاتێک وڵاتێک دەیەوێت بەرەو گەشەسەندنی زیاتری ئابووری بچێت سووی بانک نزم دەکاتەوە تا پارە ئاسانتر بێتە نێو بازاڕەوەو ئەمەش وا دەکات دراوی ئەو وڵاتە دووچاری هەڵاوسان ببێت. ئەمەش لە تورکیادا بە ڕێژەیەکی کۆنتڕۆڵکراو ڕوویدا وە بەردەوامبوو تا ساڵی 2016 کە لەدوای ئەوە ئەم کۆنتڕۆڵە ووردە ووردە لەدەستدرا.
 
 ۲. کودەتا سەربازییە شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 کە تا ئێستا بە دڵنیاییەوە نەزانراوە کە ئایا ئەم کودەتایە دروستکراو بوو بۆ زاڵبوونی ئۆردوگان بەسەر سووپاکەیدا یاخود بەڕاستی ڕوویدا؟ دوای ئەم کودەتایە ئۆردوگان دەستیکرد بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و جەنەڕاڵ و سیاسەتمەداران، دەستێوەردانی ئاشکرا لە بازاڕو سیاسەتی بانکی ناوەندی و ترساندن و ڕاوەدونانی سەرمایەدارانی بیانی کە ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ لاوازبوونی دراوی وڵاتەکە چونکە بازاڕەکەی سەربەخۆیی خۆی لەدەستدا. ئەم هەنگاوانەی ئۆردوگان دڵەڕاوکێی خستە نێو بازاڕو بەشێکی زۆری خەڵکی ناچارکرد کە دەستبەرداری لیرە ببن لە ناوخۆوی وڵاتدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کۆمپانیاکان پارەکانی خۆیان ڕاکێشنەوە لە بانکەکانی تورکیا.

 ۳. بەرزبوونەوەی نرخی ووزە کە بە تەواوەتی تورکیایان خستە دۆخی ( current ـ کۆرینت ئەکاونت دێفیست account deficit) بە واتای هاوردەی زیاتر لە هەناردە کە جیاوازییەکەی لە ساڵانی 2017 ـ 2018 دا گەیشتە 5.5- % ( بە دۆلار) ئەم ڕێژەیەش تا ڕادەیەک ئاساییە ئەگەر بێتو لە نێوان 1-% بۆ 4-% بێت بەڵام تێپەڕاندنی ئەم ڕێژەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر زیاتر لاوازبوونی دراو.
 
 ٤. ئۆردوگان دەنگۆی ئەوەی بڵاوکردەوە کە  دەیەوێت فشاربخاتە سەر بانکەکان تا قەرزی زیاتر بدەن هەروەها دەستێوەردان بکات لە سیاسەتی بانکی ناوەندی بەمەبەستی داشکاندنی سوو تا بەو شێوەیە جارێکی تر بتوانێت گەشەی ئابووری لە وڵاتەکەدا ببوژێنێتەوەو ڕێژەی بێکاری کەمبکاتەوە. ئەم تیۆرییانەش بەتەواوەتی دژی فەلسەفەو بنەماکانی ئابوورین چونکە لە هەمان کاتدا هەڵئاوسانی دراو لە ئاستێکی بەرزدابوو.  ئەم ووتارانە هێندەی تر بێمتمانەیی دروست کردو کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر شکانی نرخی دراوەکەی. ئەم ووتارانە زۆربەی جار لە پێش هەڵبژاردنی ساڵی 2018 بەکاردەهاتن.
 
 ٥. زیادکردنی زەریبە لەلایەن ئەمریکاوە لەسەر هاوردەکردنی ستیل و ئەلەمنیۆمی تورکی کەئەمەش بە هۆی دەستگیرکردنی قەشەیەکی ئەمەریکیەوە بوو لەلایەن تورکیاوە. هەرچەندە ڕێژەی زیادکردنەکە زۆر بەرز نەبوو بەڵام بەس بوو بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ لە بازاڕەکاندا و لێدانی زەرەری بەرچاو لە لیرەی تورکی کە تورکیای ناچارکرد بە ئازادکردنی قەشەکەو ئەمەش توانی تا ڕادەیەک شکاندنی نرخی لیرە بوەستێنێت.  

ئەم ڕەفتارانە چ دەرهاویشتەیەکی هەبوو بۆ سەر داهاتووی تورکیا؟  

لە ئێستادا کۆمپانیا تورکییەکان نزیکەی 200 ملیار دۆلار بە دراوی دۆلارو یۆرۆ قەرزاری کۆمپانیاو بانکەکانی ڕۆژئاوان. وە بە هۆی شکاندنی نرخی لیرەی تورکییەوە دانەوەی ئەو قەرزە لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکیاوە کە زۆربەیان بە دراوی تورکی کاردەکەن بۆتە گرفتێکی ئێجگار گەورە بۆ تورکیا و ئەمەش وای کردووە بە سەدەها کۆمپانیا مایەپووچ ببن یاخود دووچاری گرفتی ئابووری قووڵ ببنەوە. دەوترێت ئەم کێشەیە دەبێتە بەهێزترین هۆکار بۆ بەتەواوەتی لاوازبوونی لیرە لە ئایندەدا، ئەمەو لە 50% هەناردەی تورکیا کە دەڕوات بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا وایکردووە کە ڕۆژئاوا بتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبێت بۆ سەر ئابووری تورکیا. بۆ نموونە کاتێک کە تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستانی دەکرد، ترەمپ لە ڕێگەی تویتەرەوە هۆشداری دایە تورکیا کە ئابوری وڵاتەکەیان دەڕووخێنێت ئەگەر بێتو هەنگاوی لەو جۆرە بنێن. 

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تورکیا بەڕێوەیە بەرەو قەیرانی ئابووری. ئەگەر نموونە بێنینەوە ساڵی 2013 کە بە یەکێک لە باشترین ساڵەکانی تورکیا هەژماردەکرێت لە بواری ئابووریدا، لەو ساڵەدا  12500 دۆلار لە GDP per capita بووە واتە هەر تاکێک 12500 دۆلاری بەرکەوتووە بە پێی ئابووری ئەو ساڵە وە چاوەڕوان دەکرێت کە هەمان ژمارە دابەزێت بۆ 7500 دۆلار لە ساڵی 2019 دا. لە هەمان کاتدا گەشەی ئابووری زیادیکردبوو بەڕێژەی لە 8,5 % لە ساڵی 2013 وە ئەو ڕێژەیە دابەزی بۆ 0,5 % لە ساڵی 2019. ڕاستە لە ئێستادا و بەهۆی لاوازی دراوەوە هەناردەی تورکیا بە ڕێژەی 20% (نافەرمی) زیادی کردووە بەڵام ئاستی خۆشگوزەرانی تاک لەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە ئەویش لە ڕێژەی کەلووپەلی هاوردەدا دەردەکەوێت کە بە ڕێژەی 17% (نافەرمی) کەمی کردووە. 
وەکو لە بەشەکانی تریشدائاماژەمان پێداوە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی کڕیار ئەوە دەسەلمێنێت کە ئابووری ئەو وڵاتە ڕوو لە گەشەسەندنە بەڵام ئەم ڕێژەیە لە تورکیادا بە بەراورد بە ساڵی 2013 بەرەو کەمبوونەوە ڕۆشتووە. 

بەدەرلەمانەش نائارامی سیاسی، 3,5 ملیۆن ئاوارەی سووری کە ڕوویان لە تورکیا کردووە، شەڕی دژی PKK, خەرجییەکی زۆری بەردەوام بۆ ئەو ناوچانەی سوریا کە لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادان بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاسایش تیایاندا، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری کە چاوەڕوان دەکرێت لە 2019 دا بگاتە 13-12 %، بونەتە کۆمەڵێک هۆکار بۆ لاوازبوونی تەواوی پێگەی ئۆردوگان لە ناوخۆی تورکیادا. 
ئاماری پێشوەختی هەڵبژاردنی شارەوانی کە بڕیارە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ئەنجامبدێت ئەوەی دەرخستووە کە ئۆردوگان ژمارەیەکی زۆری دەنگەکانی لەدەستداوە بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی وەکو ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە.   
بە بۆچونی من وەکو دەبینرێت ئابووری تورکیا لە ئێستادا هەستیارەو بەرگەی گۆڕانکاری گەورە ناگرێت بۆ نموونە هەڵگیرسانی شەڕ لەو وڵاتەدا. 
ئۆردوگان تاڕادەیەک نەرمی نوواندووەو هەوڵی داوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەوانە، بەرزکردنەوەی سوو لە بانکی ناوەندی تورکیادا، ئاماژەدانی وەزیری دارایی لە ووتارێکدا بەوەی کە ئەوان چیتر دەستێوەردان ناکەن لە کارەکانی بانکی ناوەندی تورکیادا کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕێگایەکە بۆ گێڕانەوەی متمانە بۆ ئەو بانکە و قبوڵکردنی پێشنیاری ئەمریکا بۆ دانانی پشتێنێکی ئەمنی لە نێوان تورکیاو ڕۆژئاوای کوردستاندا. 

من پێموایە کە پێویستە ئۆردوگان نەرمی زیاتر بنوێنێت لە چۆنێتی سیاسەتی وڵاتەکەیدا تا بتوانێت متمانە بگێڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی ئەم هەنگاوانەش بە بۆچوونی من لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان زیاتر دەبێت. هەرچەندە بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردستدان ئەم هەنگاوانە و نەرمی نواندن بەس نییە تا تورکیا لەم قەیرانە ئابوورییە ڕزگاری بێت بەڵکو پێویستی بە بڕێکی زۆر لە پارەی دەرەکییە وە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئۆردوگان ئامادەیە کە جارێکی تر خۆی بخاتە ژێر دەسەڵاتی بانکی نێودەڵەتی IMF کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات یاخود ئەکەوێتە ژێر کاریگەری وڵاتانی ڕۆژهەڵات و بەئەندامبوونی لە ناتۆدا ئەخاتە مەترسییەوە؟ 
بەڵام لە هەمانکاتیشدا مێژوو سەلماندوویەتی کە دیکتاتۆرەکان ئامادەن بەرژەوەندی خۆیان بخەنە پێش بەرژەوەندی گەل و وڵاتەکەیان بۆ زیاتر مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات بۆیە زەحمەتە بزانرێت هەنگاوی داهاتووی ئۆردوگان بەرەو کام لەم ئاڕاستانە دەبێت!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
06/02/2019
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ