وتار
کشانەوەکانی ترەمپ لە ڕێککەوتنامەو پەیماننامە نێو دەوڵەتییەکان
بورهان ڕەئوف

سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ کاتێک دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆکی ئەمریکا پێچەوانەی ھەموو پێشھات و ئەگەرو لێکدانەوەکانی شارەزایانی ھەڵبژاردن  بوو ئەو کات وتارێکم نووسی بەناونیشانی بوومەلەرزەی ترەمپ دوای دەرکەوت ترەمپ نەک یەک بوومەلەرزە بەڵکو بوومەلەرزەی زۆر لە گەڵ خۆیدا ھێناوەو ھەرجارەی لەلایەکەوە جیھان دەھەژێنێت .
ترەمپ ئەوەی کە  ھەر لە سەرەتای ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنیەوە نەیشاردۆتەوە ئەوە بوو کە ئەو دژایەتی خۆی بۆ زۆر پەیماننامەو ڕێکەوتننامەی گرنگ ڕاگەیاند بوو کە سەرۆکەکانی پێش خۆی واژۆیان کردبوو لە ھەردوو حزبی دیموکراتی و کۆماریش  بە بیانوو و پاساوی ئەوەی ئەمانە ڕێگرن لە جووڵەی ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕووی نێو دەوڵەتیەوە ھەروەھا زیانی گەورە بە ئەمریکا دەگەیەنێت لەڕووی ئابوورییەوە .
١. بۆیە ھەرلە یەکەم ساڵی حوکمڕانی و جێنیشینی لە کۆشکی سپی لە پەیماننامەی پاریس کشایەوە تایبەت بە کەش و ھەوا کە ساڵی ٢٠١٥ ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکی پێشوو ئۆباما واژۆییان کردبوو بە بیانووی ئەوەی لە گەڵ بەرژەوەندی ئەمریکادا یەکناگرێتەوە ,
٢. ھەروەھا لە  ڕێککەوتننامەی  ھاوبەشی ئیستراتیجی ئابووری لە گەڵ وڵاتانی پشت ئۆقیانووسی ئارام کە لە تەک دوازدە وڵات  سەرۆکی پێشوو ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٥  واژۆی کردبوو کشایەوە .
٣. ھاوشان لە گەڵ دروشمی ئەمریکا یەکەمەو پێش ھەموو شتێکە کە سەرۆک ترەمپ بەرزی کردۆتەوە ھەر لە سەرەتاوە , ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە زۆر ڕێکخراوی نێودەوڵەتی گرنگ کشایەوە بە پاساوی ترەمپ  گوایە لە گەڵ بەرژەوەندی باڵای ئەمریکادا نایەتەوە ھەر لەو چوارچێوەدا ڕەخنەی زۆری لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرت کە دژ بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کاردەکەن لەوانە لە ڕێکخراوی یونسکۆ( ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردەو ڕۆشنبیری و زانست ), ھەروەھا دەستبەرداری ئەندامێتی ئەمریکا بوو لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نێو دەوڵەتی سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە بەرئەوەی ئەمریکا سیاسەتەکەیانی بەدڵ نەبوو دەرھەق بە ئیسرائیل , بڕین و وەستاندنی کۆمەک و ھاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی بەھاناوەچوون و بەکارخستنی  ئاوارە فەلەستینیەکالنی سەربەنەتەوە یەکگرتووەکان ( ئۆنروا ) .
٤. تایبەت بە کێشەی فەلەستینیش دوای ئەوەی فەلەستینیەکان داواکارییەکیان بەرز کردەوە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی دژ بە بڕیاری گواستنەوەی باڵوێزخانەکەیان لە ئۆرشەلیمەوە بۆ قودس لە ٦ دیسەمبەری ٢٠١٧ جۆن پۆڵتۆنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە پاشکۆی پرۆتۆکۆلی ڤیەنا بۆ چارەسەری کێشەو ململانێکان بە ڕێگای ئاشتی کشایەوە .
٥. ٨ ئایاری ٢٠١٨ سەرۆک ترەمپ  یەک لایەنە لە ڕێککەوتننامەی ( ٥+١) تایبەت بە چەکە ئەتۆمییەکانی ئێران کشایەوە و بە خراپترینو کارەساتبارترین  ڕێککەوتننامە لە مێژووی ئەمریکادا ناوی برد , ھەرلە دوای پاشەکشەکەشی ھەموو سزاکانی جارانی بە زیاترەوە بە سەر ئێراندا سەپاندەوە بەو نیازەی نەک ھەر  بەرنامە ئەتۆمییەکی بووەستێنێت بەڵکو سنوورێک دابنرێت بۆ ڕەفتارو دەستوەردانەکانی لە ناوچەکەدا کە ھەڕەشە لە  ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە دەکات .
٦. لە دوا ھەوڵی دا ترەمپ بۆ کشانەوەو بادانەوە لە ڕێککەوتننامەو بەڵێننامە نێودەوڵەتیەکان کە لە ھەموویان  مەترسیدارترەو گەڕانەوەیە  بۆ ڕۆژانی شەڕی سارد و ململانێ ی خۆپڕچەککردنی نێوان ھەردوو بلۆکی ڕۆژھەڵات بە سەرکردایەتی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا ئەویش  خواست و نیازی کشانەوەیە لە پەیماننامەی ڕۆکێتە مامناوەند مەداکانە لە گەڵ ڕوسیا کە ساڵی ١٩٨٧ واژۆ کراوە  کە ئەمەش ئاماژەیەکی سامناکی گەڕانەوەی پێشبڕکێ ی خۆ پڕچەککردنە لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ .
 ئیدارەی ترەمپ لەم بڕیاری کشانەوەو بادانەوانە ھیچ ڕاوێژێک بە ھاوپەیمان و دۆستەکانی ناکات دەخوازێت بە شێوازێکی نوێ دایان بڕێژێتەوە ئەو ڕێکەوتنانە کە لە بەرژەوندی خۆیدا بێت ھەرچەندە تائێستا ھیچ ئەڵتەرنەتیفێکی نەخستۆتە ڕوو.
لە کۆتاییدا دەکرێت بپرسین ئایا ئەمریکا بە کشانەوەی لە زۆرێک لەو پەیماننامە گرنگانە زیان بە پێگەو ھەیبەتی نێودەوڵەتی ناگات لە کاتێکدا سەرۆکایەتی نەزم و سیستمی جیھانی دەکات ئایا کاریگەری ڕۆڵی ئەمریکا لە سەر ڕووداوەکان کەم ناکاتەوە؟ ئایا بوار بۆ وڵاتانی تر ناڕەخسێنێت شوێنو پێگەی ئەمریکا بگرنەوە بەتایبەتی چین ؟

ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
11/02/2019
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ