وتار
مریشک و هێلکەی یەکێتی!
سلێمان عه‌بدوڵڵا

پارتی پێشوازی لەبان کیمۆن دەکات و یەکێتیش، هێشتا لەنێوان ململانێی دوو تەکەتولدا خەریکی ساغکردنەوەی ئەوەیە ئایا مریشک لەهێلکەیە یان هێلکە لەمریشکە!
پارتی سەرگەرمی سەرکردایەتیکردنی دەولەت و خەریکی بەبازاڕکردنی گازی سروشتیە( دوای ئەوەی تاپۆی دەسکەوتە نەوتیەکانی وەک شیری دایکی لەسەرخۆی حەڵال کرد) کەچی هێشتا ململانێکارانی دوو ئاڕاستە جیاوازەکەی ناو یەکێتی، هەر خەریکی سەلماندنی ئەوەن، کامیان باڵی دەسکورتە و کامیان باڵی دەسڕۆیشتو؟! کامیان ئاگاداری شیرینی نەوتە و کامیان ئاگاداری نیە؟!
هەولێر هەتا دێت زەرد دەچێتەوە و کەچی نەشەرعیەتی نیشتیمانی و نەشەرعیەتی دیموکراسی و نە پێگە کوردستانیەکەی، لەچاوی ناوچەکە و زومی میدیا و سیاسەتی دونیاوە، زەرەیەک گەرد ناگرێت! کەچی سلێمانی هەتا زیاتر ئاڵوواڵا دەبێت و هەتا زیاتر ڕەنگی یەکڕیزی و دیموکراسی دەپۆشێت ، زیاتر بەرداشەکان دەیهاڕن و زیاتر بچوک دەبێتەوە.
ئەوە چ مەهزەلە و گۆبەند و بەڵایەکە، سەرکردە لۆکاڵیەکانی سلێمانی دوای مام جەلال، لەگەردنی خەڵک و خۆیان و شارەکەیان ئاڵاندووە و ڕۆژانە وەک تاڵاو، دەیکەن بەگەروی خەڵک خوای ئەم قەڵەمڕەوە سەوزەدا!
ئەرێ ئەمانە کەی ئەم حەکایەتی هێلکە لەمریشک و مریشک لە هێلکەیە بەکۆتادێنن و لێدەگەڕێن ڕۆژێک ئەم جەماوەر و خەڵکە دلسۆزە، ئاهێک بەئاسوەیی هەڵکێشن؟ یان حەقیقەت، قسەی دایکە شەهیدکەیە،کاتێک بەکەسەرەوە پێی گوتم : ـ (هێشتا ماویانە کاولی کەن)!
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
29/03/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ