وتار
سەرۆکی ھەرێمیش بۆ ژنان ..!!
محه‌مه‌د ره‌ئوف

ئەگەرچی زۆرێک بە ئومێدەوە لە ھەواڵەکانی دکتۆر فوئاد حسین دەڕوانن، بەوەی بە سەردان و کۆبونەوەیەک چارەسەری کێشە قولەکانی ھەرێم دەکات، بەڵام بەپێی زانیاریەکان لە جەولەی دووەمیدا ھەندێک پێشنیازی سادەولاوەکی پێیە بۆ چارەسەری کێشەکان، لەسەردانی یەکەمیدا پێشنیازی ئەوەی کردبوو  پێویستە پۆستەکانی سەرۆک و جێگرو سکرتێری پەرلەمان بگۆڕدرێن و نەدرێن بە گۆڕان و پارتی و یەکێتی و جێگرێک بۆ سەرۆکی حکومەت زیادبکرێت و بدرێتە گۆڕان، لە جەولەی دووەمی سەردانەکانیدا بۆلای حیزبەکان د. فوئد جسێن ئەم پێشنیازانەی وورد کردۆتەوە و بەسەر پێکھاتەو لایەنەکاندا دابەشی کردوون، بە شێوەیەک پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بدرێتە کاندیدێکی بادینانی یەکگرتووی ئیسلامی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان بدرێتە تورکمان و سکرتێری پەرلەمانیش بدرێتە مەسیحەک، ئەم دابەشکاریەی بارزانی کە فوئاد حسیندا ناردویەتی بە پارتیکردنی کۆنترۆڵکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمانیشە لەپاڵ سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت کەلەدەستی پارتیدایە، ئەم پێشنیازە نەک چارەسەری قەیرانەکان ناکات بەڵکو قوڵتری دەکاتەوە.

ئەوەی پیرە سیاسیەکەی لای بارزانی بەلایدا ناچێت و خۆشی بەروونی دەزانێت کە سەرچاوەی دروست بوونی قەیرانەکانی ھەرێمە کورسیەکەی مەسعود بارزانیە، ئەوپۆستە بەسەرچووەو کێشەی یاسایی ھەیەو ئێستا لە بۆشایی یاسایی دایە، کە رەنگە بە گۆڕینی سیستمی حکومرانی بۆ پەرلەمانی ( کە لە پرۆژەی ھەموو حیزبەکان جگە لە پارتی جەختی لەسەر کرابووەوە ) و شێوازی دیاریکردنی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و تەرکیزکردنی جدی بۆ چارەسەرێکی پۆستی سەرۆکی ھەرێم کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبن و ئەو کاتیش بەھەموولایەنەکان کێشەو قەیرانی ئابوری و بژێوی ھاوڵاتیان چارەسەر دەکەن، بەپێی ئەو مەنتقەی د. فۆئاد حوسێن بێت بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، پێویستە سەرۆکی حکومەت بدرێتە ئیزدیەکان و جێگرەکەی بدرێتە کاکەییەکان و پۆستی سەرۆکی ھەرێمیش کە زۆرترین کێشەی درووست کردووە بدرێتە ژنان بۆ ئەوەی ھیچ پیاوێکی سیاسی قۆرخی نەکات، چونکە بە سروشتی خۆیان ژنان بە ئاسانی کورسی جێدەھڵێن و ئەو کورسیەش نابێتە جێگەی چاوتێپڕینی ئەو پیاوانەی کە سەرقاڵی بازرگانی سیاسی و ئابوری و نەوت و پارەن.

ئەم ھەنگاوانەی فوئاد حوسێن کە کۆمەڵێک پیلانی پارتیانەی تیادا ھەڵگرتووەو پرۆژەیەکی ووردە بۆ بەپارتیکردنی تەواوی سەرۆکایەتی و پرستە باڵاکانی ھەرێم، نەک ھەر لە ئاستی ئەو قەیرانە گەورەو تاقەت پروکێنانەی ھەرێمدا نیە، بەڵکو قوڵکردنەوەی زیاتری کێشە سیاسیەکانی ھەرێمە، کە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بەم نەفەسەوە مامەڵە بکات و ھەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان بنێت، ئەوە نەک ھەر ماڵی کوردی بۆ یەک ناخرێت، بەڵکو ئەگەرەکانی لێکترازان و دابرانی ناو ماڵی کوردی زۆر زیاتر دەکات و بیری لایەنەکانی تریش کێش دەکات بە ئاراستەی ھەنگاوی دیکەو ماڵجیایی دیکەو دوورکەوتنەوەی لایەنەکان لەیەکتری.
09/08/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ