وتار
کارکردن بە عەقڵی قۆناغی راگوزەری و
ئه‌بوبه‌كر كاروانی

چوارچێوەیەکی نوێ بۆ دەرچوون لە دۆخی ئێستای ھەرێم
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ھەرێم و درێژە کێشانی قەیرانە سیاس و ئابوری یەکەی و ھەوڵە نوێکان بۆ کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بە رووی چارەسەری سیاسی دا، حەز دەکەم وەک پێشتریش لە چەند ویستگەدا و وەک بەشێ لە ئەنجامدانی ئەرکی نیشتمان و ئیسلامی خۆمان کردوومانە، بە خستنە رووی چوارچێوەیەک بۆ قسەکردن لەسەر چارەسەرەکان و خەمڵاندنیان، بەم چەند خاڵەی خوارەوە بەشداری زیاتر بەرھەمدارکردنی ھەوڵەکان و سەرکەوتنیان بکەین.
یەکەم: چوارچێوەی زەمەنی ھەوڵەکان: جێگای وەبیرھێنانەوەیە کە ھەوڵەکانی ئێستا لە ساتەوەختێکی زۆر ھەستیاری ژیانی نەتەوەیی و ناوچەیی و نێوخۆیی ھەرێمدا ئەنجام دەدرێن. بە جۆرێک کە بە تەواوی واتا دەبێت پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا بکەین، چونکە تێپەڕینی کات نەک ھەر بەشێ نیە لە چارەسەری کێشەکان بەڵکو بە پێچەوانەوە ئاڵۆزتریان دەکات، نێوانی ھێزەکان لە یەکتر دورتر دەخاتەوە و ھەڕەشەکانی لێکدابڕانی سیاسیو ئیداری و دابەشبوونی فەرمی ھەرێم زیاتر دەکات ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە ھۆی جوان سوود وەرنەگرتن لە دەرفەتەکان و لەدەستدانی بەشێکیان، ئەوەی ئەم وەسفەشمان بۆ پشت ڕاست دەکاتەوە ، درێژەکێشانی قەیرانی سیاسی و ئابوری ھەرێم و نزیکبونەوەمانە لە کۆتایی شەڕی داعش، کە ئەگەر بەم پەرتەوازەیی و لێکھەڵوەشاوەیی ریزەکانمانەوە پێ بنێینە ئەو قۆناغەوە ، دەبێت لە چەندین مەترسی بترسین، لەوانەش:
١. لاوازبوونی پێگەی ھەرێم و لە ھەندێ ئاستداو پشتگێی خستنی و فشار خستنە سەری ، لەو سۆنگەوە کە بەشێکی گرنگ لەو بایەخپێدان و چاوپۆشی یەی لە ئێستادا ھەیە ، پەیوەستە بە پێداویستیەکانی ستراتیژی شەڕ لە دژی داعش.
٢. ھاندانی حکومەتی عێراقی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ فشار خستنە سەر ھەرێم و بە تایبەتیش ناوچە کوردستانی یەکانی دەرەوەی ئەو.
٣. بەرگە نەگرتنی جەماوەر و فەرمانبەران بۆ دۆخی ئابوری ئێستاو تێکچوونی دۆخی سەقامگیری ھەرێم.
٤. توندتربوونی ململانێ سیاسی یەکان و کاڵبوونەوەی ئەو ناسنامەی ھاوبەشەی جەنگی دژ بە داعش بۆ پێشمەرگەی دروست کردووە و، بیرکردنەوە لە ماڵجیایی لە چوارچێوەی ھەرێمدا، لە سۆنگەی چەقبەستویی دیدگاکان و نائومێدبوون لە چارەسەر و پەککەوتەیی عەقڵی سیاسی کوردی و مانەوەی لە زیندانی مێژوو بەرژەوەندی یە گروپی یە خوار نەتەوەیی و نیشتمانی یەکاندا.
دووەم : بە رەچاوکردنی خاڵەکانی بڕگەی یەکەم ، دۆخەکە ، کەرامەتی نەتەوەیی، لێپرسراوێتیمان بەرامبەر ئێستا و ئایندەی گەل و وڵاتەکەمان ، رەنجی دەیان ساڵەی رۆڵەکانی و بەدیھێنانی چاوەڕوانیان لە سەربەخۆیی و دیمەکراسی و چاکسازی و خۆشگوزەرانی، لێمان دەخوازێت، کە سەرکردە حیزبی و سیاسی یەکان و بە تایبەتیش بڕیار بەدەستەکان چی تربە ھەناسە و سەلیقە و رۆحیەت و میکانیزم و دیدگای قۆناغی رابردوو مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکاندا نەکەن. بەڵکو بڕیاری بوێرانە و نائاسایی و پێویست بدەن. ئەوە بکەن، کە شکۆ و گەورەیی نەتەوەکەیان ، کۆتایی ھێنان بە ئازار و نائومێدی رۆڵەکانی ، قواستنەوەی دەرفەتەکان و گەورەکردنی شانسەکانمان لە ئایندەدا دەیخوازێت. سەرکردەی مێژوویی و نەتەوەیی ئەوە دەکات کە بەرژەوەندیء دواڕۆژی نەتەوەکەی دەیخوازێت، ئامادەیە لەو پێناوەدا ژەھر بنۆشی و بەپیر مەرگەوە بچێت و بڕیاری نائاسایی بدات، چ جای دەست لە ھەندێ قەناعەت و بەرژەوەندی حیزبی و گروپی ھەڵبگرێت. ناکرێت ئیرادەی سیاسی کوردی چی تر بەم لاوازی و کۆڵەواری و بێ توانایی و بەسەر خۆدا داخراو و راڕایی و کەمتەرخەمی یە گوزارش لە خۆی بکات. ھەڵوێستەکە بە تەواوی مانا پێویستی بە رزگار کردنە، ناکرێت لە دۆخێکی لەم جۆرەدا سەرکردە سیاسی و حیزبی یەکان ، گرەو لەسەر مەرگ و نائومێد بوونی یەکتر بکەن .
سێھەم: بۆ گەیشتن بە چارەسەر پێویستمان بە گەرانەوە بۆ لۆژیک و رۆحی سیاسەت ھەیە، کە لە گەیشتن بە چارەسەری مام ناوەندیدا خۆی دەبینێتەوە. چەقبەستویی دۆخەکە و وشک بوونی پێداگری لایەنەکان لەسەر ھەڵوێستە تەقلیدی یەکان، نیشانەی (غیاب)ی لۆژیکی سیاسەت و مامەڵەی عەقیدیانەیە لەگەڵ بابەتێکدا کە لە جەوھەردا سیاسی یە و ئەو مامەڵە ھەڵناگرێت، ھەموو سیاسی یەکی مام ناوەندیش ئەوە دەزانێت کە بەردەوام ھاوکێشە سیاسی یەکان لە نێوان ھەق و ناھەق و زیان و بەرژەوەندیدا نین ، کە ھەڵبژاردن لە نێوانیاندا ئاسانە ، بەڵکو ھەندێ جار مەسەلەکە دەبێتە پرسی ھەڵبژاردن لە نێوان دووجۆر زیان یاخود بەرژەوەندی، یاخود دووھەق یاخود دوو ناھەقدا. لەو کاتەشدا تاقیکردنەوەی عەقڵی سیاسی لەوەدا دەبێت چۆن زیانێکی کەمتر قبوڵ دەکات لە پێناو خۆپاراستن لە زیانێکی گەورەتر، یاخەود چۆن دەستبەرداری بەرژەوەندی یەکی راست و یاسایی و ھەق دەبێت، لە پێناو بەرژەوەندی یەکی گەورەتردا. ئەگەر لە روویەکی تریشەوە سیاسەت کردن بەوە لە عەقیدە جیابکرێتەوە، کە ئاماژە بێت بە ھونەری توانستەکان. ئەوکاتە عەقڵی سیاسی پێگەیشتوو دەزانێت، چۆن ئامانجێ بەسەر قۆناغەکانیدا دابەش بکات و لە ڕێی ھەنگاوە کەڵەکە بووەکانەوە، سەرەنجام بیھێنێتە دی . گەرچی ئەمە ئەوە ناسڕێتەوە کە لە ھەندێ کاتدا پێویستیمان بە بڕیاری یەکلا کەرەوە ھەیە، ئەگەر پرسەکە پەیوەست بوو بە سیستمێکی دیکتاتۆری، یاخود لەچوارچێوەی بوونی دام و دەزگایەکی بەھێز و رایەکی گشتی و کۆمەڵگەیەکی خاوەن ناسنامەی یەکگرتوودا سیاسەتمان دەکرد. وەک دەشزانین سیاسەت پەیوەندی یەکی وجودی بە گفتوگۆوە ھەیە، لە شوێنێ گفتوگۆ دیار نامێنێ ، سیاسەتیش دیار نامێنێ و بە کردەوە دۆخەکە دەچێتە قۆناغی شەڕێکی رانەگەیەنراوەوە گەرچی چەکیشی تێدا بەکار نەیەت، چونکە بە ھەناسەی بە دوژمن سەیرکردنی یەکتر کار دەکرێت! کە دوژمن لە بنەڕەتدا چەمکێکی سەربازی یە نەک سیاسی، ھاوبەشی سیاسی لە دۆخێکدا لانی کەمی دیموکراسی و بە یەکەوە ژیانی تێدا بێت، رکابەرە نەک دوژمن، بەشی لە کێشەکانی وڵاتی ئێمەش لەم خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت، کە تاکو ئێستاش کۆنەقین بە دوژمن سەیری یەکتر کردن و ھێڵ بەسەر یەکدا ھێنان بوونی ماوە. ئەمەش وای کردووە ، ئەو پێکەوە ژیانەی دەبینرێت نەتوانێت رەگی قوڵی فەرھەنگی پەیدا بکات و لە دام و دەزگایەکی نیشتمانی بەھێزیشدا خۆی بەرجەستە و نمایش بکات.
چوارەم : بۆ ئەوەی زەمینەی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار خۆش بێت ، چەند خاڵێک بۆ لایەنەکان گرنگە ، لەوانەش:
١. چوارچێوەی نوێی قسەکردن بخرێتە روو، لایەنەکان لە دید و پێگە کۆنەکانیان بێنە دەرەوە، ھیچ تەرح و بژاردەیەک تاپۆی لەسەر نەبێت و لە سەرەتاوە رەتنەکرێتەوە، بەڵکو سەرجەم بژاردە و چارەسەرەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ ئامادە بن .
٢. چارەسەرەکان ئەندەکی (جزئی) و کاتی تەنھا پەیوەست بە پەیوەندی نێوان بەشێ لە ھێزەکانەوە نەبن ، بەڵکو نیشتمانی، گشتگیر و درێەخایەن و ریشەیی بن و بناغە بۆ رێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ لە ھەرێمدا دابنێن. وە توانای لەخۆگرتنی سەرجەم کێشە و خواست و چاوەڕوانی یەکانی قۆناغەکەیان ھەبێت ، لەو سۆنگەوە کە کێشەکە لەڕواڵەتدا لە نێوان پارتی و گۆڕاندایە، دەنا لە ڕاستیدا قەیرانێکی نیشتمانی ھەمە لایەنەیە و پەیوەستە بە کۆی ھێزە سیاسی یەکان و بونیاد و مۆدێلی حوکمڕانی و سیستمی حیزبی باڵادەستەوە، گەرچی ئەمە لە بایەخی لە یەکتر تێگەیشتنی پارتی و گۆڕان لەم ڕوەوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان کەم ناکاتەوە.
٣. لەبەر تیشکی خاڵی (٢) دا دۆخەکە دەخوازێت چارەسەرەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی ئێستای ھەرێمدا نەخرێنە روو، پرسەکە تەنھا نەکرێت بە کاردانەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و گەڕانەوەی وەزیرەکانی گۆران ، بەڵکو لە دیدێکی نیشتمانی فراوانەوە بخرێنە ڕوو ، سەرجەم دام و دەزگا و ناونیشان و جومگەکانی دەسەڵات و پرسە لە ئارادا بووەکانی ئەم قۆناغە و بەرکەوتەکانی بگرێتەوە.
٤. خاڵی پێشوو دەخوازێت کە چارەسەرەکان وەک کۆپاکێجێک سەیریان بکرێت و رێکەوتنیان لەسەر بکرێت و ئیمزا بکرێن ــ ھەروەک پێشتریش نوسیوومانە ــ بۆ ئەوەی مەرجی لە پێشینە و پێش و پاشکردن چارەسەر ببێت و خواستی لایەنە جیاوازەکان ھاتبێتە دی و ئابڕوویان پارێزراو بێت.
ھەروەک لە ڕووی ناونیشان و بابەتەوە ھەرسێ پرسە سەرەکی یەکەی ئەمڕۆ لە خۆ بگرێت کە لە(راپرسی و سەربەخۆیی، بیناکردنەوەی سیستمی سیاسی و دیموکراسی و پرۆژەیەکی چاکسازی نیشتمانی) دا خۆی دەبینێتەوە، ھەڵبەت جگە لە ھەندێ پرسی ھەنوکەیی وەک ھەوڵدان بۆ کەم کردنەوە لە قورسایی قەیرانی ئابوری و ئازار و کۆژانی ھاوڵاتیان لەم ڕوەوە، چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکەی ئێستا لەم چوارچێوەدا و وەک بەشی لە زەمینەسازکردن بۆ ئەم رێکەوتنە گشتگیرە سەیری بکرێت.
٥. بیرکردنەوە لە چوارچێوەی سروشت و پێویستی یەکانی کاری سیاسی نیشتمانی لە قۆناغی راگوزەریدا، بەو جۆرەی زانستی سیاسی و ئەزمونی وڵاتان پێمان دەڵێن، چونکە کوردستان بە حوکمی کۆمەڵێ شت لە قۆناغی راگوزەیدایە. وە یەکێ لە کێشەکانی داننەنانە بە بوونی ئەم قۆناغە و مامەڵە نەکردنە بە گوێرەی لۆژیک و پێویستیی یەکانی، ئەمەش دۆخی راگوزەری وەک قۆناغێکی سروشتی لە ژیانی میللەتاندا لای ئێمە گۆڕیوە بە دۆخێکی لەناکاوی نیمچە بەردەوام !. بە جۆرێک ساتەوەختێک نایەتە پێشەوە ، ململانێکان ببن بە کێبڕکێ و کیبڕکێکانیش نەبنەوە بە ناکۆکی ، سەرھەڵدانی قەیرانێکیش نەمانگێڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتاو دۆخی سروشتی کوردی، کە دۆخی یەکتر قبوڵ نەکردن و گوێ نەدان بە یاسا و پەنابردنە بەر ھێزە، بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان!
دۆخی راگوزەریش لانی کەم چەند شتێک دەخوازێت، لەوانەش:
(١) پەراوێز نەخستنی ھیچ لایەنێکی سیاسی و پێکھاتەیەکی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی.
(٢) بەشداری ھەمووان لە حکومەتێکی ھاوبەندی نیشتمانی دا و دوورکەوتنەوە لە دابەشکردنی واقیعە سیاسی یەکە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و حوکمڕان و زۆرینە وکەمینە.
(٣) کۆبوونەوە لەسەر بناغەی خاڵە ھاوبەشەکان و ئەنجامدانی ئەرکە نیشتمانی یەکان
(٤) نوسینەوە و پەسەند کردنی دەستوور لە ڕێی سازانێکی نیشتمانی بەرفراوانی نێوان ھێز و پێکھاتە و تەوژمەکانی کۆمەڵگاوە و رێکەوتن لەسەر ناسنامەی سیستمی سیاسی و ئابوری.
(٥) کارکردنی ھاوبەش لەسەر بڵاوکردنەوەی فەرھەنگی یەکتر قبوڵکردن و سڕنەوەی پاشماوەی قۆناغی رابردوو گەشەکردنی زیاتری بەھا دیموکراسی یەکان.
(٦) کارکردنی ھاوبەش بۆ دامەزراندنی دامەزراوە یاسایی و دەستوری و سیاسی و سەربازی و ئاسایشی یەکان . 
پێم وایە ناولێنان لە قۆناغی داھاتوو بە (ڕاگوزەری) وەک ئاماژە بۆ گواستنەوە لە قۆناغی ناسەربەخۆیی، نا دەستوریی، دابەشبوون و ناکۆکی، گەندەڵی، لاوازی بەھاو دامەزراوە دیموکراسی یەکان، نەبوونی سەروەری یاسا و کۆدەنگی نیشتمانی، بۆ قۆنافی ، سەربەخۆیی، ژیانی دەستوریی، یەکگرتوویی، دیموکراسی یەکی بەھێزتر، چاکسازی، سەروەری یاساو کۆدەنگی نیشتمانی، خزمەتێکی گەورە بە خەمڵاندنی چارەسەرەکان و پێنانە ناو قۆناغێکی نوێ دەکات. خودی رێکەوتن لەسەر ئەم وەسف و پێناسە بۆ قۆناغی داھاتووی ھەرێم یارمەتی لایەنەکان دەدات بۆ لەیەکتر تێگەیشتنی زیاتر و زووتر رێکەوتن.
لە ڕوانگەی ئەو خاڵانەی سەرەوەشداو لە چوارچێوەی بیرکردنەوە بە عەقڵیەتی پێویستی یەکانی سەرخستنی ئەرکەکانی قۆناغی راگوزەری، گێڕانەوەی متمانەی ھاوبەشء ھاوسەنگی بۆ واقیعەکە و، دەرچوون لەو بازنە داخراوە قانگ دراوە بە ھەستی نەرێنی بە رامبەر یەکتر و رۆشنبیری یەکی سیاسی نیمچە دواکەوتوو ، ئەم چوارچێوە نوێیەی چارەسەر بۆ لایەنەکان دەخەینە روو، کە دیدە تەقلیدی یە حیزبی و بەڕواڵەت دیموکراسی و نەتەوەیی یەکانی رابردوو تێدەپەڕێنێت، دەتوانێت دەرگا بەڕووی قۆناغێکی نوێی بێ کێشەتر و پڕئومێدتردا بکاتەوە . ھەموو ئەوەش ھەست بە لێپرسراوێتی و لەخۆبوردویی و گەڕانەوە بۆ لۆژیک و بەھاکانی سیاسەت دەخوازێت.
چوارچێوەکەش لە چوارچێوەی وێناکردنی گرێ بەست و رێکەوتنێکی سیاسی و کۆمەڵایتی نوێ و مانەوەی واقیعی ئێستا و ئەنجامدانی ئەگەری بوونی ھەڵبژاردندا خراوەتە ڕوو، کە بەم جۆرەی خوارەوە کورتی دەکەینەوە :
١. چوارچێوەکە لە ڕوانگەی سڕکردنی ململانێکانی ئێستاو سنوردارکردنی کێبڕکێی دیموکراسیو کارکردن بە پێویستی یەکانی قۆناغی راگوزەری و دووبارە داڕشتنەوەی ئەرکی لەپێشینەی رێکەوتن کردن لە سەریان دامەزراوە. لەم روانگەشەوە پێمان وایە ئەکرێ لە پیشەمانی قۆناغی داھاتوو و (اولویات)ەکانی جگە لە قەیرانە ئابوری یەکە ، لەم خاڵانەی خوارەوەدا رەنگ دەداتەوە :
(‌ڕ) کۆتایی ھێنان بە دۆخی پەرەوازەیی و لێکھەڵوەشاوەیی و ناکۆکی ئێستا و بیناکردنەوەی لانی کەمی کۆدەنگی نیشتمانی و یەک ھەڵوێستی و مەبەستی، بەو جۆرەی ئەلف و بێی ناسیونالیزم و دیموکراسی و کاری مەدەنی و پێکەوەیی دەیخوازێت.
(‌ب) کارکردن بۆ گشتپرسی و سەرەنجام سەربەخۆیی و دەوڵەتی باشوری کوردستان. وەک چوارچێوەیەکی پێویست و سروشتی و مێژوویی بۆ خەمڵاندنی ناسنامەیەکی نیشتمانی یەکگرتوو گەشەکردنی دیموکراسی و چاکسازی و گەشەپێدانی ئابووری.
(‌ج) بیناکردنەوەی دام و دەزگاکان و داڕشتنیان لەسەر بناغەیەکی پیشەیی و یاسایی و مەدەنی وا ، کە بەرگەی ململانێکان بگرن و پارێزگاری لە ژیانی سیاسی و سەقامگیریو بەیەکەوە ژیان بکەن.
٢. دیاری کردنی ئەم ئامانجە لە پێشیناش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە کارکردن بە لۆژیکی دیموکراسی یەکی بەرفراوان لە سۆنگەی بوونی کۆمەڵگەیەکی دابەشبوو، زۆنی دەسەڵاتی حیزبی، لاوازی و لەبەریەک ھەڵوەشاوەیی دام و دەزگاکان، لاوازی کلتوری یەکتر قبوڵکردنی سیاسی، پاشماوەکانی عەقڵی شۆڕشگێڕی، نەبوونی رایەکی گشتی، دۆخی نادەوڵەتء بوونی بژاردەی ھێز لەبەردەم ھەندآ لە لایەنە سیاسی یەکاندا، مەترسی ئەوەی لێدەکرێت سەر بکێشآ بۆ پەرشء بڵاویء لە یەکتر دابڕان و پارچەپارچەبوونی زیاتری گەل و نیشتمان و داڕووخانی زیاتری دامەزراوەکان و دۆخەکە. قۆناغی رابردووی ھەرێمیش بەجوانی ئەمەی خستە ڕوو. بە کورتی کآبڕکآی مەدەنی دەبێت بە ململانآی تەقلیدی، ھەوڵەکانی چاکسازیء دژایەتی گەندەڵیش تا ڕادەیەکی زۆر بآ ئاکام دەمێننەوەء بەم جۆرەش کۆمەڵگەء ھێزەکانی دەکەونە نێو گێژاوی سەراسیمەیی سیاسی و پەرێشانی رۆحی و، بێ ئاسۆیی و خۆ خواردنەوە و ھەست بە پەککەوتەیی و بێ بەرھەمی. بە جۆرێک کە لە ھیچ کام لە ئاستەکانی نەتەوەیی، دیموکراسی و چاکسازیی دا ، ھەست بە دەستکەوت و بەرەوپێش چوون نەکات.
٣. ھەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا ، گفتوگۆکان کۆی دۆخی ھەرێم و قەیرانەکانی و جومگەکانی دەسەڵات بگرنەوە و لە چوارچێوەی دۆخی ئێستاو پێکھاتەی حکومەتء پەرلەماندا قەتیس نەکرێت. بە حوکمی ئەوەی قەیرانەکە لە بەشێکی گرنگیدا پەیوەستە بە پرسی ھاوسەنگیء جۆری دابەشکردنی دەسەڵاتء (امتیازات)ء ترس لە قۆرخکردنی سەروەری یەکان و چارەنووسی سیاسی ھەندێ ھێز لە ئایندەدا. ئەمەش دەخوازێت سەرجەم جومگەکانی دەسەلات لە ئێستادا (لە پەیوەندی بەم بەشەی رێکەوتنەکەوە) لە ھەرێمدا بکرێنەوە بە بابەتی گفتوگۆ. کە ئەوەش بە کردەوە کۆتایی ھێنان بە لۆژیکء پێوەرء ھەناسەکانی رێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان یەکیەتی و پارتی دەخوازێت، کە لە واقیعدا کۆتایی پێ ھاتووەو پێ لەسەر داگرتنی چارەسەرەکان قورستر دەکات. بە حوکمی ئەوەی رووداو و گۆڕانکاری یەکان ئەم رێکەوتننامەی تێپەڕاندووە و دۆخەکە پێویستی بە رێکەوتن و ستراتیژێکی نوێی نیشتمانیو بەرفراوانتر ھەیە.
٤. رێکەوتننامە ستراتیژی یەکە بەرفراوان بکرێت بۆ ئاستی (٥)ھێزەکە و پێکھاتەکان و بەڵکو ھەموو ئەوانەی کورسیان لە پەرلەماندا ھەیە ، کە تیایدا رێکەوتن لەسەر قۆناغی ئێستا تا گەیشتن بە سەربەخۆیی و سروشتی سیستمی سیاسی دەوڵەتەکە و چۆنیەتی کارکردنی حکومەت و پەرلەمان و دام و دەزگاکان لەو قۆناغەدا واتە قۆناغی ڕاگوزەریدا بکرێت. 
لەدوای رێکەوتننامەیەکی لەم جۆرەش پرسی چارەسەرکرنی کێشەی یاسایی بارزانی و گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان دەبنە کارێکی سانا، گەر قوربانی و لەخۆبوردووییەکیش لەم روەوە پێویست بێت، دیسان سەبارەت بە ھێزەکان ئاسانتر و بێ کێشەتر دەبێت.
ئەم رێکەوتنەش دەکرێت لە دوو دۆخدا ئەنجام بدرێت :
(ڕ) دۆخی ئێستا و درێژە پێدانی.
(ب) دۆخی ھەڵبژاردنێکی نوێ .
پێشم باشە ماوەکەی (٣ ــ ٤) بێت .
یەکەم : لە دۆخی یەکەمدا : دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشەی یاسایی سەرۆکی ھەرێم ( کە بێ ئەم دوو کارە بە یەکەوە بەستراوە ھیچ ھەنگاوێکی تر ئاسان نی یە) . و رێکەوتن لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات و رێکخستنەوە لە ھەرێمدا متمانە لە حکومەتی ئێستا وەربگیرێتەوە و دووبارە لەسەر بناغەی بەرنامەیەکی نوێی تایبەت بە قۆناغی راگوزەری پێکبھێنرێتەوە. لە کابینەی بنکە فراوانیشتەوە بکرێت بە یەکبوونی نیشتمانی. دەکرێت (راگوزەری)یشی بخرێتەپاڵ.
کاری پەرلەمانیش کە پێویستە رێکەوتنی لەسەر بکرێت لە چوارچێوەی ئەرکانەی خوارەوەدا رێک بخرێت :
١. دابینکردنی پێویستی یەکانی گشتپرسی لە ڕووی یاسایی و مەعنەوی و نەتەوەیی و بوون بە سومبوولی یەکگرتوویی نیشتمانیی گەلی کوردستان .
٢. دەرکردنی یاسا و ھەموارکردنی پێویستی یاساکان.
٣. چاودێریکردنی حکومەت و لێپرسینەوەی وەزیرەکان بە شێوەیەکی پیشەیی و نا سیاسی لە دوو ڕوەوە:
(١) کارایی ئیداری و ئاستی راپەڕاندنی ئەرکەکان.
(٢) گەندەڵی و خراپ بەکارنەھێنانی دەسەڵات.
دووەم : ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پێش وەخت (کە ئەمە دۆخە سروشتی یەکەیە دوای ڕێکەوتنەکە) بەڵام لایەنەکان ھەموویان و بە تایبەتیش (٥)لایەنەکە بە لیستێکی ھاوبەش دابەزن و بەشداری ھەڵبژاردنەکان بکەن. بۆ ئەوەی بەھەڵبژاردنەکە رێز لە مادەی یاسایی دامەزراوەکان بگیرێت و بشبێت بە بۆنەیەک بۆ کەمکردنەوەی ھەستیاری یەکانو خۆ دوورگرتن لە ھەڵوێستی ھاوڵاتیان بەرامبەر کێبرکێی حیزبەکان و ئەنجامە چاوەڕوانکراوە ناخۆشنودەکان، لەم چوارچێوەیەشدا بانگەشە لە راگەیاندنەکاندا دەبێت تەنھا بۆ لیستەکە بێت، دابەشکرکدنی حکومەت و دەسەڵاتیش بە گوێرەی خاڵی پێشووتر بێت.
سێھەم: یەکێ لە ئەرکەکانی ئەم قۆناغەش راپرسی دەبێت ، کەپێویستە رێکەوتنی لەسەر بکرێت و بکرێتە پرۆژەیەکی نیشتمانی و کات و میکانیزم و قۆناغەکان و سیناریۆ و ئەگەر و پێشھاتە چاوەڕوانکراوەکان و چۆنیەتی رووبەڕوو بوونەوەیان بە ھاوبەشی دەستنیشان بکرێن و پێویستی یەکانی بۆ دابین بکرێت .
چوارەم : نوسینەوەی دەستور و کێشەی سیستمی سیاسی، بە سەرنجدان لە رابردوو لەم روەوە ھەست دەکەین کێشەی سەرەکی لەسەر سیستمی حوکمڕانی و بە وردتر درێژەو ووردەکاری ئەو سیستمە بووە، لەو سۆنگەوە کە ھێزەکان بە گشتی دیموکراسی و پەرلەمانی بوونی سیستمەکەیان قبوڵ کردووە و ئەوەی لەسەری ناکۆک بوون میکانیزمی ھەڵبژاردنی سەرۆک و دەسەڵاتەکانی بووە، پێم وایە گەر ئەو رێکەوتنەی پێشوو بکرێت چارەسەری ئەم کێشەش ئاسانتر دەبێت.
دەکرێت جیاوازی بۆچوونەکانیش لەم ڕوەوە بە یەکێ لەم میکانیزمانەی خوارەوە چارەسەر بکرێت :
(١) سیستمەکە بۆ ماوەی خولێکی ھەڵبژاردن دوای ئەم رێکەوتنە بەم جۆرە بمێنێتەوە و دوایی بە حوکمی دەستوور ببێت بە پەرلەمانی تەواو سەرۆک لە ناو پەرلەماندا ھەڵبژێررێت، ھاو وێنەی ئەزموونی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی لە عێراقدا.
(٢) پرسەکە بخرێتە راپرسی گشتی یەوە . 
(٣) سەرۆک بەرامبەر پەرلەمان بەرپرس بکرێت لەگەڵ چەند زەمانەتێکی تر لە دەستوردا ، لەوانەش:
(‌ڕ) ملکەچ بوونی دەزگاکانی ئاسایش و ھەوڵگری و ھێزە چەکدارەکان بۆ لێپێچینەوەی پەرلەمانی و دانانی ھەندێ لە بەرپرسەکانیشیان بە رەزامەندی پەرلەمان بێت.
(‌ب) مسۆگەر کردنی تەواوی جیاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و بەکارنەھێنانی ھێز بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی ناوخۆیی ، بەڵکو بەشداری نەکردنی ئەندامانی ھێزە چەکدارەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا، بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ململانێی سیاسی و حیزبی دوور بخرێنەوە و بکرێتە دەزگایەکی نیشتمانی و پیشەیی کامڵ .
(‌ج) دامەزراندنی دادگای باڵای دەستوری بۆ چارەسەر کردنی ھەندآ کێشەءململانآی سیاسی لە حاڵەتی روودانیدا.
(‌د) بەمەرج کردنی بێلایەنی حیزبی بۆ سەرۆکی داھاتوو لە دەستووردا .
بەم جۆرە دەتوانین بناغە بۆ قۆناغێکی داھاتووی پڕ لە دەستکەوت و شکۆ و گەورەیی و ماف و ئازادی یەکانی شایستە بە گەلەکەمان دابنێین و بە ھێز و گوژمێکی مێژوویی یەوە وەک چوارەمین نەتەوەی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ، بگەڕێینەوە سەر شانۆی ناوچەکە و جیھان و بشبینە ئەندامی سەربەخۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
14/08/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
1