وتار
کورد لەبازنە پێداچوونەوەکاندا
فەرید ئەسەسەرد

لەسەردەمی پێداچونەوەو بادانەوەدا، تورکیا لەھەوڵی ئەوە دایە چاو بەسیاسەتی دەرەوەو پەیوەندییەکانیدا بخشێنێتەوەو ئەم پڕۆسەیە بەپێداچوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەر یەک لەئیسرائیل ‌و روسیا دەست پێکردووە. ھەواڵەکانیش باس لەوە دەکەن کەتورکیا دەستبەرداری سیاسەتی پێشووی بووە بەرامبەر بەسوریا‌و وازی لەداوای لاچونی ئەسەد ھێناوە. لەلێدوانەکانی بەرپرسانی تورک ئاماژەیەکیش بە ئەگەری ئاشتبوونەوە لەگەڵ میسر کراوە بەڵام پاش چەردەیەک کۆمێنتی توند لەم بارەیەوە، ئەردۆغان ھاتە پێش‌و ھێرشی کردە سەر رژێمی میسر‌و سەرۆکەکەی بە "داپڵۆسێنەر" دایە قەڵەم.
ھەفتەی رابردوو سەرۆک وەزیرانی تورکیا بن عەلی یەلدرم لەلێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆن سوکە ئاماژەیەکی بەوەش دا کە ئەنکەرە بەنیازی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ عیراقیش. پێداچوونەوە کتوپڕەکانی تورکیا، لەھەرێمی کوردستان جۆرە نیگەرانییەکیان لەناو ھەندێ ناوەندی سیاسی دروست کردووە. بەڵام دیارە ھەر پێداچونەوەیەک تایبەتمەندیی خۆی ھەیەو ھەر یەکێ لەو پێداچوونەوانە دەروازەی خۆی ھەیە. لەگەڵ ڕووسیا، ئەنکەرە لەدەروازەی فڕۆکە خراوەکەو نامەی داوای لێبوردنەکەوە چووە ناو مەسەلەکە. لەگەڵ ئیسرائیل لەدەروازەی کەرتی غەززەو لەگەڵ سوریا لەدەروازەی مانەوەی ئەسەدو دەستەمۆکردنی ھێزەکانی پەیەدەوە.
ئەگەر تورکیا لەسەر ئەم میتۆدە بەردەوام بێت، ئەو پرسیارەی لەم بارەیەوە دێتە پێش ئەوەیە کە ئایا تورکیا لەگەڵ عیراقدا لەکام دەروازە دەست بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی دەکات؟
مەسەلەکە بیرکردنەوەیەکی زۆری ناوێت، ئەگەر تورکیا بڕیار لەسەر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بدات، دەبێ لە دوو فایلەوە دەست پێ بکات کەبەغدا زۆر مەبەستێتی ھەردوکیان بەلایەکدا بخات. فایلی یەکەم تایبەتە بەکشانەوەی ھێزەکانی تورک لەبەعشیقە، بەتایبەتی کەئەو ھێزانە بەڕەزامەندیی حکومەتی عیراق لەوێ نین‌و خودی حکومەتی عیراق داوای کشانەوەی ئەو ھێزانەی کردووە. بیانوی بەشداری کردنی ئەو ھێزانە لەشەڕی دژی داعش‌و رزگار کردنی موسڵ و بەتاڵ بۆتەوە، چونکە ئەو نەخشەیەی کەوەزارەتی بەرگریی عیراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رزگارکردنی موسڵ دایناوە، ھیچ ئەرکێکی بەھێزەکانی تورک نەسپاردووەو لەم سەروبەندەدا کاتێک ھێزە ھاوبەشەکان دەست بەئۆپەراسیۆنی موسڵ دەکەن، ھێزەکانی تورک لەبەعشیقە لەڕۆڵی تەماشاکەر زیاتر ھیچ رۆڵێکی تریان نابێت.
فایلی دووەم تایبەتە بە ھەناردە کردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەناو خاکی تورکیادا بۆ دەرەوە. بەغدا تا ئێستا دژی ئەوەیە ھەرێم بەشێوەیەکی سەربەخۆ نەوت ھەناردە بکات‌و لەم رووەوە پێی ناخۆشە ئەنکەرە ئاسانکاری سەبارەت بەفرۆشتنی نەوت بۆ ھەرێم دابین بکات. بۆیە، بەغدا بەبێ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنکەرە ئاسایی ناکاتەوە. بیری زاڵ ئەوەیە کەئەنکەرە لەکۆتاییدا تێڕوانینەکەی بەغدا بەھەند وەردەگرێت‌و وەک چۆن فەلەستینییەکانی بەئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل گۆڕییەوە، وازی لەکللە ڕەقی ھێناو داوای لێبوردنی لەڕوسیا کردو چاوەڕوان دەکرێت ئۆپۆزسیۆن‌و دوو ملیۆن و نیو پەنابەرەکەی سوریا بەئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەد بگۆڕێتەوە، شتێکی زۆر ئاساییە ئەگەر لەدەروازەی کامپی بەعشیقەو نەوتی ھەرێمەوە لەدەرگای بەغدا بدات‌و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئاسایی بکاتەوە.
ئایا دەشێ ئەمە بەلوزانێکی تر ناو ببرێت؟ مەرج نیە، بەڵام دیارە سیاسەتی گێلانە ھیچ کات ھەواڵی مژدە بەخشی پێ نابێت. ھەوڵی کودەتاکەی چەند رۆژی رابردووی تورکیا، حکومەتی تورکیا سورتر دەکات لەسەر پێداچوونەوەکانی. پەیامی روونی ھەوڵی کودەتاکە ئەوە بوو کەژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتییان لەتورکیا لەسیاسەتی حکومەتەکەیان ناڕازین‌و بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێن، تەنانەت بۆ بەدی ھێنانی سەقامگیری ئامادەن ھانا بۆ رێوشوێنی نادەستوریی وەک کوەتاش ببەن.
تورکیا مافی خۆیەتی پێداچونەوە بەسیاسەتە پەیڕەوکراوەکانیدا بکا چونکە پڕنسیبی بەرژەوەندی ئەو مافەی دەداتێ. ئەگەر بەشێک لەو پێداچونەوەیە، لەدژی بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بەزیان بشکێتەوە، ئایا دەبێ لێپێچینەوە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا بکەین یان لەگەڵ حکومەتی ھەرێمدا؟ مەگەر لەدۆخێکی وا دا کاتی ئەوە نەھاتووە واز لەپلانی A بێنین ‌و بچینە سەر پلانی B؟
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
22/08/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12