وتار
چارەنوسی میللەت لە ناو درۆی سیاسی دا
دانا مەنمی

ھەرێمی کوردستان مەملەکەتی درۆیە ، چونکە سیاسییەکان لەم مەملەکەتەدا درۆزن و درۆکارو فریودەرو بێبەڵێنن ، سەرباری ئەوەی کە بەدرەوشتن و لە ناو فەسادی ئەخلاقی و بەدرەوشتیدا زمانیان پژاوە ، بەھەموو پێودانگێک و لە تەواوی یاساو ڕێساکانی ئاسمانی و زەمینی دا درۆ بە رەوشتێکی قێزەون دانراوە ، جگە لەوەی لەلایەن کۆمەڵگاوە مرۆڤی درۆزن نەفرەت لیکراوە .
بەندە جارێک لە بەرپرسێکی باڵای ئەم ھەرێمە قوڕبەسەرەم پرسی :  قوربان سیاسەت یەعنی چی ؟ بەرپرسەکەش دوای تەماشاکردنێکی قوڵ فەرمویان : سیاسەت یەعنی درۆ .
ھەرچەندە ئەم ڕستەیە وەڵامی موقنیعی من و ئەوانەیشی ئەو پرسیارەیان لە زەیندا ئەخولێتەوە ناداتەوە ، وەلئ بە دیوەکەی تردا ئامانجی ئەم بەرپرسە لە پیناسەکردنی سیاسەت بە درۆ ، تەنھا بۆ خۆدەرباز کردنیەتی لەو درۆیانەی کە رۆژانە لە میدیاکانەوە ئەیدات بە گوێی خەڵکیدا .
کەس نییە رۆژانە بە بۆنەو بئ بۆنە یەک دەرزەن درۆی فلان یان فیسار بەرپرس و سەرکردەی فلان یان فیسار حزب نەبیستێت ؟! رۆژانەلە ڕاپۆرتی وەرزی و ھەفتانەوە و مانگانەی حزبەکانەوە بیگرە بۆ میدیاکان و کۆڕو کۆبونەوە و سیمینارو دیبەیتەکان ، بەوپەڕی فەخامەتەوە مێشکی تاکی کورد پڕ ئەکەن لە درۆو ھۆنینەوەی بوختانی سیاسی ، کەسیش پێیان ناڵێت بەری چاوتان کلی پێوەیە .
درۆ سەرەکیترین رەوشت و سیفەتی مەسئولینە لەم ھەرێمەدا ، ئەفسوس ھەم  ھاوڵاتتیان و ھەمیش دامەزراوەکانی دادوەری و یاساکان بێدەنگن و ئەمەش بۆخۆی گەورەترین کارەساتە ، بەھۆی بێدەنگی ھاونیشتیمانیانەوە کاربەدەستان و بەرپرسان بەردەوام ئەبن لەسەر درۆکردن و گوێمان ئەئاخنن بە درۆی مۆدیرن و جۆراو جۆر .
ژەھری درۆی بەرپرسان لەم مەملەکەتەدا گەمە بە عەقڵی میلەتێکەوە دەکات  ، وەزیفەی داواکاری گشتی یە بەئەرکی مرۆیی و ئەخلاقی خۆیان بەجئ بھێنن و دیراسەو بەدواداچون لەسەر کەیسی درۆزنەکان تۆمار بکەن و راپێچیان بکەن بۆ بەردەم دادگایەکی دادپەروەرانەو بەسزایان بگەیەنن .
ئەم وتارە گوزارشت لە رای نوسەر خۆیەتی و بزاڤ پرێس لێی بەرپرسیار نییە
23/08/2016
بابه‌ته‌کانی تری نوسه‌ر ...
12
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ